رووداو دیجیتاڵ
لە کابینەی نوێی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، جەودەت یڵماز کرایە یاریدەدەری سەرۆککۆمار، یڵماز کوردە و خەڵکی پارێزگای چەولیگی باکووری کوردستانە. گوندی شاڤوونە کە جەودەت یڵماز تێیدا لەدایکبووە، تەنیا 17 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری چەولیگەوە دوورە.
یەکێک لە خزمەکانی، هیوا دەخوازێت ئەم کابینەیە کێشەکانی تورکیا چارەسەر بکات و جەودەت یڵمازیش رۆڵی گرنگی هەبێت. حوسەین بوروڵدای، خزمی جەودەت یڵمازە و بە رووداوی گوت، "جەودەت یڵماز ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەموومان. پیاوێکی سەرکەوتووە و لە بنەڕەتییەوە تاوەکو زانکۆش هەر بە پلەی یەکەم دەردەچوو. لە ئەمریکا بەشداری لە خولێکدا کرد. هەروەها زانکۆی بیلکەنتی بە پلەی یەکەم تەواوکرد. بوونی چوار وەزیر لە باشوور و رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ زۆرباشە. هەر چوار وەزیر دروست و سەرکەوتوون، هیوادارم ئابوورییە لاوازەکەمان باش بکەنەوە."
کەسوکاری یڵماز دڵخۆشن بەوەی بووەتە یاریدەدەری سەرۆککۆمار، هەروەها دەڵێن ئەو بەردەوام خزمەتی ناوچەکەی کردووە و کەسێکە دەتوانێت خزمەتی باش بە وڵاتەکە بکات.
حوسەین بوروڵدای، خزمی جەودەت یڵماز، "پیاوێکی زۆر سەرکەوتووە، دەوڵەت و خەڵک خۆشیان دەوێت. بەردەوام لە پرسەکاندا سەردانمان دەکات. لە رۆژانی خۆشی و ناخۆشی بەردەوام لە ئەحواڵی خەڵک دەپرسێت. خوا یاوەری بێت. پەنا بەخوا لە ئەرکەکەی سەرکەوتوو دەبێت و کۆماری تورکیاش باش دەبێت."
رەمەزان بوڵموش، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "جەودەت یڵماز لە هەر پرسەیەکدا سەردانمان دەکات. بەڕاستی زۆر دڵخۆش بووین بەو پۆستە. خوا سەرکەوتووی بکات. ئەم زەوییەی بە ئێمە دا و ئێمەش کردمانە هۆڵی پرسە. لێرەدا خەڵک پرسەنامەی خۆی بەڕێوەدەبات. بەم کارەی خەڵکی ئاسوودە کرد. هەروەها زەویی بۆ کشتوکاڵ بە خەڵکی ئێرە داوە."
جەودەت یڵماز ساڵی 1967 لە پارێزگای چەولیگ لەدایکبووە، بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی بیلکەنتی ئەنقەرە بەدەستهێناوە. ماوەی 5 خول لە بازنەکانی چەولیگ و ئامەد پەرلەمانتاری ئاکپارتی بووە. ساڵی 2016 کرایە یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا. باوکی دوو کچ و کوڕێکە، جەودەت یڵماز زاراوەکانی زازاکی و کورمانجیی زمانی کوردی و زمانەکانی تورکی و ئینگلیزی بە باشی دەزانێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ