نەخۆشی هەوکردنی مێشک لە هەڵەبجە جارێکی دیکە پەرەدەسێنێت

05-06-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە هەڵەبجە دەڵێت، تووشبوونی منداڵان بە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە هەڵەبجە زیادیکردووە و رۆژانە 5 بۆ 7 منداڵ بەهۆیەوە لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، 39 منداڵی تووشبوو لە هەڵەبجە لە نەخۆشخانەدا خەوێندراون.
 
لە نێوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵەوە نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لە هەڵەبجە بڵاوبووەتەوە و چەند ناوچەیەکی دیکەشی گرتووەتەوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2023، دکتۆر زانا باقی، پزیشکی پسپۆڕی منداڵان لە نەخۆشخانەی وەفا لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەماوەی یەک هەفتەی رابردوودا جارێکی دیکە تووشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشک رووی لە زیادبوون کردووەتەوە؛ رۆژانە 5 بۆ 7 منداڵ تووشی نەخۆشییەکە دەبن، ئەوە لە کاتێكدایە دوو هەفتە پێشتر دۆخەکە زۆر باش بوو و منداڵی کەم تووشی نەخۆشییەکە دەبوون".
 
دکتۆر ئازاد دەڵێ، ژمارەی ئەو منداڵانەی بەهۆی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشکەوە دەخەوێندرێن بەرزبووەتەوە و ئەمڕۆ 39 منداڵی نەخۆش لە نەخۆشخانە خەوێندراون و لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
 
ئەو پزیشکە پسپۆڕە کە سەرپەرشتی کەیسی تووشبووانی نەخۆشییەکە لە هەڵەبجە دەکات ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئەمڕۆ لە سنوورەکەیان نزیکەی 170 منداڵ تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون؛ گوتیشی: "هیچ گیانلەدەستدانێک بەهۆی نەخۆشی پەردەی مێشەکەوە لە هەڵەبجە تۆمار نەکراوە".
 
لەبارەی دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکەیان، دکتۆر زانا باقی ئاماژەی بەوەکرد، لە رووی دەرمانەوە نەخۆشخانەکەیان کێشەی نییە و گوتی، "دەرمان بەشێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان دابینی دەکات؛ بەشێکی دیکەی خەڵک و خێرخوازان؛ کێشەی نەبوونی تاقیگەی پێویستمان هەیە و داوامان کردووە و وەزارەتی تەندروستی بەڵێنی پێ داوین، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچمان بەدەست نەگەیشتووە".
 
یەکێک لەو هۆکارانەی دەبێتە مەترسی لەسەر ژیانی تووشبووانی هەوکردنی پەردەی مێشک ئەوەیە کە منداڵەکە زوو نەگەیێندرێتە نەخۆشخانە، بەتایبەت منداڵانی دوورەدەست و گوندەکان، بۆیە پزیشکان رێنوێنی هاونیشتمانییان دەکەن، کاتی هەستکردن بە نەخۆشی، منداڵەکانیان بە زووترین کات ببەنە نەخۆشخانەکان.
 
تاوەکو ئەمڕۆ هیچ منداڵێک بەهۆی هەوکردنی پەردەی مێشکەوە لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستنەداوە.
 
نەخۆشانی هەوکردنی پەردەی مێشک دوو جۆرن؛ هەندێکیان ڤایرۆسین و هەندێکیشیان بەکتریایی؛ پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن، ئەو نەخۆشییانەی ڤایرۆسین بە پێدانی چارەسەر و بەگوێرەی کات چارەسەر دەبن، بەڵام هەندێک لە نەخۆشییە بەکتریاییەکان بەتایبەت بەکتریای (Streptococcus) قورستترن و کاریگەری لەسەر نەخۆش جێدەهێڵن. 
 
هەوکردنی پەردەی مێشک بریتییە لە هەوکردنی پەردەی دەوری مێشک و دڕکه پەتک، پزیشکانی پسپۆڕ دەڵێن هۆکارەکان لەوانەیە بەکتریا، ڤایرۆس، شێرپەنجە و دەرمان بن.
 
لەبارەی نیشانەکانی نەخۆشییەکەوە کە بەگوێرەی تەمەن جیاوازە، دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، پزیشکی پسپۆڕی منداڵان ئەم زانیارییانەی خوارەوەی لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردووەتەوە:
 
- شیرخواردنی کەم دەبێتەوە، ئەگەر منداڵەکە بچووک بوو.
- دەڕشێتەوە
- تای بەرزی دەبێت
- تووشی گەشکە دەبێت
- بێهێز دەبێت و شەکرەی خوێنی دادەبەزێت
- سەرئێشە
 
بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە پێویستە ئاو لە پشتی منداڵەکە دەربهێنرێت و پزیشکان رێنوێنی دایکان و باوکان دەکەن کە بۆ ئاو دەرهێنان لە پشتی منداڵەکانیان هاوکاریی پزیشکەکان بکەن چونکە "زۆر ئاسانە و هیچ کێشەیەک بۆ منداڵەکە درووست ناکات".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نورەدین جەلال، بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ

تەندروستیی چەمچەماڵ: کێشەی کەمیی پێداویستیی تاقیگەییمان هەیە

بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ رایگەیاند، بەهۆی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی قەزاکەوە، 5 هەزار هاونیشتمانیی سەردانی ناوەندە تەندروستییەکانیان کردووە دەشڵێت، "کێشەی کەمی دەرمانمان نییە، بەڵام پێداویستی تاقیگەمان کەمە."