رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان لە بارهەڵگرێکدا دەستگیرا بەسەر 66 کیلۆ و 120 گرام مادەی هۆشبەردا.
پارێزگای جۆلەمێرگ لە هەژماری فەرمی خۆی لە سۆشیاڵمیدیا رایگەیاند، تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی مادەی هۆشبەر سەر بە پارێزگاکە لە خاڵێكی پشکنین دا لە سەر رێگەی سەرەکی جۆلەمێرگ-شرنەخ بارهەڵگرێکیان راگرتووە.
لە کاتی پشکنینی ئۆتۆمبێلەکەدا کە سەگی پۆلیسی تایبەت بە دۆزینەوەی مادە هۆشبەرەکان بەکارهێندرا، دەستگیرا بەسەر 66 کیلۆ و 120 گرام مادەی هۆشبەردا کە لەناو بلۆکی ئاسنی ژێر بارهەڵگرەکەدا شاردرابووەوە.
شۆفێری بارهەڵگرەکە دەستبەسەرکرا و دوای جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی رەوانەی دادگە کرا، بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر خرایە زیندانەوە.
تورکیا لە گەیاندنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا خاڵێکی ترانزێتی گرنگە.
بەپێی راپۆرتی ماددە هۆشبەرەکانی تورکیا لە ساڵی 2024 کە وەزارەتی ناوخۆ بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی 2023دا لە تورکیا دەستوەردان لە چوار هەزار و 650 رووداوی کۆکاین کراوە، لەو رووداوانەدا حەوت هەزار و 26 تۆمەتبار دەستگیرکراون و دەست بەسەر دوو هەزار و 502 کلیۆگرام کۆکایین گیراوە.
بڕی دەستبەسەرداگرتنی کۆکاین لە ساڵی 2023 بە بەراورد بە ساڵی پێشووتر بە رێژەی 8.8٪ زیادیکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ