رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکی تایبەتدا بەناونیشانی "دیداری خەڵک" قسەی بۆ هاونیشتمانییان کرد و لە بەشێکی قسەکانیدا باسی ئازادیی کاری رۆژنامەڤانی و رادەربڕینی کرد و، گوتی "دەبێ ئازادیی رادەربڕین هەبێت، بەڵام بێگومان هەموو شتیش چوارچێوەی خۆی هەیە". لەبارەی کوژرانی خواناس وریاش گوتی " بەداخەوە بە کوژرانی ئەو گەنجە، زۆر دڵگران بووم".
مەسرور بارزانی، لە دیدارەکەدا کە ئەمشەو (چوارشەممە، 5-7-2023) لە تۆڕی میدیایی رووداو پەخشکرا، گوتی "بەداخەوە زۆرجار دەبیستین بە نائینسافی وەسفی حکومەتی هەرێم دەکرێت، گوایە بەرتەسکبوونەوەی ئازادی رۆژنامەنووسی و کاری کۆمەڵگەی مەدەنی لەم کابینەیەدا زیادیکردووە، بەڕاستی ئەمە وانییە، دەبێت ئەمانە بە ژمارە و حیساب بن، نەک تەنیا بە قسە و بەیانێک، واقعێک بشێوێنرێت".
مەسرور بارزانی گوتی "دەبێ ئازادیی رادەربڕین هەبێت، بێگومان هەموو شتیش چوارچێوەی خۆی هەیە، هەموو شت بەپێی یاسا و رێنمایی و ئازادییانە بێت، کە هەموو خەڵک مافی خۆیەتی دەریان ببڕێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، "بەهیچ جۆرێک پاڵپشتیی هیچ رێنماییەک ناکەم کە ئازادی رادەبڕین بەرتەسک بکاتەوە، یان پێچەوانەی ئەو بەندە یاساییانە بێت کە پێشتر هەبووە".
رۆژی 22-06-2023 گەنجێک بە ناوی خواناس وریا گلی، بە دەستڕێژی گولـلە لەنێو بازاڕی چەمچەماڵ کوژرا. رووداوەکە کاردانەوەی بەدوادا هات و، بەپێی دانپێدانانی بکوژەکە "بەهۆی جیاوازیی بیروڕا" کوشتوویەتی.
لەبارەی کوژرانی خواناس، مەسرور بارزانی گوتی "بەداخەوە بە کوژرانی ئەو گەنجە زۆر دڵگران بووم، پێویستە هەموومان دژی ئەوە بووەستینەوە، (نابێت) هیچ کەسێک لەبەر بیروبۆچوونی خۆی بکوژرێت، پێویستە هەموومان دژی ئەمە بوەستینەوە".
مەسرور بارزانی گوتیشی "هەرجۆرە تیرۆرێک لە هەر جێیەکی کوردستان هەبێت، پێویستە بە حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوەکان دژی بوەستینەوە و بە هەموومان لە هەر جێیەکی کوردستان بێت، تاوانبار بە تاوانبار بزانین، نەک مەیلی ئەوەمان هەبێت لە شوێنێک بابەتەکان زیاتر زەق بکەینەوە و لە شوێنی دیکە بابەتەکان بشارینەوە، لە هەموو شوێنەکانی کوردستان باسی تاوان و تاوانبار، مافەکان و ئازادی بکرێت، ئێمە بەوەوە جوان دەبین کە رێز لە یەکدی بگرین و ئازادییەکان فراوانتر بکرێن، هەمووشمان لە هەر شوێنێک بێت، هەست بە بەرپرسیارێتیی بکەین، بۆ پاراستنی ئەزموونی خۆمان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ