رووداو دیجیتاڵ
پێشانگەی زێڕ و زیوەری نێودەوڵەتی لە شاری ورمێ بەڕێوەدەچێت. یەکەم جارە لە پارێزگای ورمێ، پێشانگەیەکی لەم شێوەییە بەڕێوەدەچێت و پارێزگاری ورمێ دەڵێت، ئامانج لە بەڕێوەبردنی، ناساندنی زیاتری تواناکانی ئەو پارێزگایە لە بواری کانزایی و پیشەسازی و هەروەها پێشاندانی ئەمنبوونی پارێزگاکەیە بۆ وەبەرهێنانی نێوخۆیی و بیانی.
کازم عەلیزادە، بەرپرسی تەکنیکی کارگەی دروستکردنی زێڕ لە ورمێ دەڵێت، "پێشانگەکە لە 60 ژوور پێکدێت و زێڕینگەر و خاوەن کارگەکانی دروستکردنی زێڕ لە 10 پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، باشوور و باکووری کوردستان تێیدا بەشدارن".
مەزندە دەکرێت، 140 تۆن زێڕ لە کانەکانی پارێزگای ورمێدا هەبێت. لەو پارێزگایە، کانەکانی زێڕی زەڕشۆران، ئاغەرە و رەبەت چالاکن و کار لەسەر دەرهێنانی زێڕ لە سێ کانی دیکەش دەکرێت.
بەڕێوەبەری پیشەسازیی پارێزگای ورمێ دەڵێت، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو پێشانگەیە چالاککردنی کارگەکانی دروستکردنی زێڕە لەو پارێزگایە. زەڕشۆرانی تیکاب گەورەترین کانی زێڕی ئێرانە و ورمێ لە ئاستی ئێراندا بۆ دروستکردنی قالبی زێڕ لە پلەی دووەم دایە.
پێشانگەکە رۆژی سێشەممە، 2-9-2025، کراوەتەوە و تاوەکو ئەمشەوی هەینی بەردەوام دەبێت. جگە لە سەردانی خەڵک و کڕینی زێڕ و زیوەر لە زێڕینگەران، بەرپرسانی ورمێ چاویان لەوەیە، بەهۆی ئەم پێشانگایەوە، وەبەرهێنەرانی نێوخۆیی و بیانی سەرمایەکانیان ببەنە ئەو پارێزگایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ