دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: کەسانێک لە رووداوی لالەزار کوژراون و دەزگا ئەمنییەکان ئامادە نین زانیاری بدەن

05-09-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان پەیامێک سەبارەت بە هەندێک بابەتی پەیوەست بە شەڕەکەی لالەزار لە سلێمانی و کەیسی ئارام قادر ئاراستەی سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دادوەری، نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنسووڵخانە و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەکات.
 
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "هەموولایەک ئاگادارن کە نزیکەی 15 رۆژ بەسەر رووداوی شەڕەکەی لالەزار لە شاری سلێمانی تێدەپەڕێت و دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوامە لە چاودێریکردنی پێشهاتەکان و سۆراخکردنی هەموو ئەو کەسانەی کەسوکاریان زانیارییان لەبارەوەیان نییە و بێسەروشوێنن."
 
دەستەکە رایگەیاندووە، "پاش ماوەیەک لە چاوەڕوانی بۆ زانینی سۆراخی ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکیان لەبارەوە نازانرێت، دەزگای ئاسایش/ سلێمانی لە رێگەی راوێژکارێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤەوە بە ئێمەی راگەیاند، دوایین لیستی ناوی بێسەروشوێنان کە نێردراوە بۆ دەزگای ئاسایش، لای ئێمە نییە و تەنیا ئەو ئامارەی جاری پێشووتر کە بە دەستەمان دابوو، لەلای ئاسایشی سلێمانییە."
 
دەستەکە دەڵێت، "بەپێی زانیاری و بەدواداچوونی ئێمە، ئەو کەسانەی نادیارن بەشێکیان لە دژەتیرۆر یان کۆماندۆی سلێمانین. ئەو رێگەنەدان و زانیاری پێنەدانە بە کەسوکاریان و بەدەستەی مافی مرۆڤ، گومان هەڵدەگرێ و ئەوەمان پێ دەڵێت ئەو کەسانە ئەشکەنجەدرابن و تووندوتیژی لەگەڵیان بەکارهاتبێت لە کاتی دانپێدان، بۆیە نایانەوێ کەس بیانبینێت."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دەستەی مافی مرۆڤ لە رێگەی راوێژکارێکی دەستەوە داوای کردووە کە تیمێکی دەستە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی دەستە سەردانی بەشێک لەو راگیراوانە بکات لەناویاندا لاهووری شێخ جەنگی، "بەڵام دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی رەتیانکردەوە، بە بیانووی ئەوەی تیمی دەستە پێشتر هاتووە و پێویست ناکات دووبارە بێن، لە کاتێکدا بۆ هیچ کەس و لایەنێک نییە سەردان و بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی مافی مرۆڤ سنووردار بکات. راستە پێشتر تیمێکی دەستە سەردانی بەشێک لە راگیراوانی ئەم کەیسەی کردبوو، بەڵام رێژەی راگیراوان زۆرە و پێویستە چەند جارێکی دیکە تیمی دەستە سەردانیان بکات تاوەکو لەنزیکەوە هەموویان ببینێت."
 
دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت، "بەپێی زانیارییەکانی دەستە و سکاڵای بەرەی گەل، تاوەکو ئێستاش رۆژانە ئەندامانی ئەو حیزبە لە سلێمانی و ناوچەکانی دیکەی ئەو سنوورە دەستگیردەکرێن و هەڕەشەش لە هەندێک کەسی دیکەی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی دەکرێت."
 
باس لەوەش دەکات، "بەپێی بەدواداچوون و زانیارییەکانی دەستە، کەسانێک لە رووداوی لالەزار کوژراون، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان ئامادە نین زانیاری بدەن و بڵاوبکەنەوە، ئەوەش دیسان گومان دەخاتە سەر شێوازی کوشتنیان."
 
ئاماژە بەوەش دەکات، "بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە رووداوەکانی لالەزار، هێزە ئەمنییەکان تاوەکو ئێستا بەردەوامن لەدەست بەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی لاهوور شێخ جەنگی و ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ناوبراو، تەنانەت بە کەناڵی تەلەڤیزیۆنی (زووم)یشەوە. ئەوە هەمووی بە هەڕەمەکی کراوە و ئێستاش دەکرێت و لێرەوە داوا دەکەین ئەو کارە رابگیرێ و سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی رۆڵی خۆی بگێڕیت لەو بابەتە."
 
دەستەکە داوا لە هێزەکانی دژەتیرۆر و کۆماندۆ لە سلێمانی دەکات، "هەرچی زووە رێگە بە دەستەی مافی مرۆڤ بدەن بەدواداچوون بۆ تەواوی ئەو کەیسانە بکەن و رێگەش بە کەسوکاری ئەوانە بدەن کە تاوەکو ئێستا سەردانیان نەکردوون؛"، دەشڵێت، "پێویستە زانیاریش لەسەر ئەوانە رابگەیێندرێ کە تاوەکو ئێستا هەواڵیان نییە."
 
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت، داوای بینینی ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی حیزبی هاوپەیمانی کردبوو، بەڵام "دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی رێگەیان نەداوە و تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکیش لەسەر ژیان و تەندروستی ناوبراو و شوێن و جێگەی بە ئێمە و کەسوکاریان نەداوە."
 
دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات، "لەگەڵ چەسپاندنی یاساین. بەپێی رێکارە رێگەپێدراوەکان پشتگیری سەروەری یاسا دەکەین و دژی هەر جۆرە پێشێلکاری و کارێکی هەڕەمەکین و جەختیش لەسەر رۆڵی دەستەی مافی مرۆڤ دەکەینەوە کە پێویستە هەرچی زووە کارئاسانی بۆ سەرۆک و تیمەکانمان بکرێ بۆ بەدواداچوون بۆ هەر کەیسێک لە هەر کوێ و لای هەر دەزگایەک بێت، ئەوەش لە چوارچێوەی کار و ئەرک و دەسەڵاتی دەستەیە کە پەرلەمانی کوردستان بۆی دیاری کردووە وەک دەزگایەکی نیشتمانیی سەربەخۆ."
 
ئاماژە بەوەش دەکات، "بە هەموو خەڵکی کوردستان رادەگەیەنین، راپۆرتێکی وردمان نووسیوە لەسەر ئەم کەیسە و لە ماوەیەکی نزیکدا بۆ هەر چوار سەرۆکایەتیی لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان دەنێرین."
 
داواش دەکات، لیژنەیەکی باڵا پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوون و راستی و دروستی ئەم کەیسە و خەڵکی کوردستان لە ئەنجامەکانی ئاگادار بکرێنەوە.
 
بەرەبەیانی 22ی ئابی 2025 دوای زیاتر لە سێ کاژێر پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی لە هۆتێل لالەزاری سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان ئەندامی هێزەکەی دەستگیرکران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە: د. دلاوەر ئاژگەیی و بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا

هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پرسی پێکهێنانی حکومەت تاوتوێ دەکەن

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سووریا، رۆژئاوای کوردستان و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.