رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی چاودێریی وەزاریی سەر بە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بڕیاری دا درێژە بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 بدات و بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی بازاڕەکان بکات، هەر کاتێک پێویست بوو رێوشوێنەکان بگیرێتەبەر. بەپێی ئەو خشتەیەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، عێراق تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 دەتوانێت رۆژانە 4 ملیۆن و 220 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت.
لیژنەی چاودێریی وەزاریی هاوبەشی سەر بە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیدا بڕیاری دا بە درێژکردنەوەی سیاسەتی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024.
لیژنەکە داتاکانی بەرهەمهێنانی مانگانەی نەوتی خاوی بۆ مانگەکانی تەممووز و ئابی ئەمساڵی تاوتوێ کرد و رایگەیاند، بە شێوەیەکی گشتی ئەندامانی ئەو هاوپەیمانێتییە پابەندبوون بەو بڕانەی بۆیان دیاریکراوە. ستایشی رۆڵی سعودییەشی کرد کە خۆبەخشانە بڕیاری داوە رۆژانە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 کەمبکاتەوە؛ هەروەها بڕیاریشی لەبارەی کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی هەناردەکردنی نەوت بە بڕی 300 هەزار بەرمیل لەلایەن رووسیاوە تاوەکو کانوونی یەکەمی 2023 پەسند کرد.
لیژنەکە ماوەی دوو مانگ جارێک کۆدەبێتەوە، هاوپەیمانێتیی ئۆپێک پڵەسیش شەش مانگ جارێک کۆدەبێتەوە، لە رۆژی 4ی حوزەیرانی ئەمساڵ هاوپەیمانێتییەکە بڕیاری دا سیاسەتی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت. ئەوەشی روونکردەوە، لە 1ی کانوونی دووەمی ساڵی 2024ەوە تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی ئەو ساڵە رۆژانە ئەو هاوپەیمانێتییە بڕی 40 ملیۆن و 460 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.
بەپێی بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس، پشکی بەرهەمهێنانی وڵاتانی ئەندام لەو هاوپەیمانێتییە بەمشێوەیە دەبێت:
- ئیمارات: 3 ملیۆن و 75 هەزار بەرمیل
- سعودیە: 9 ملیۆن و 978 هەزار بەرمیل
- عێراق: 4 ملیۆن و 220 هەزار بەرمیل
- کوێت: 2 ملیۆن و 548 هەزار بەرمیل
- نەیجیریا: 1 ملیۆن و 380 هەزار بەرمیل
- جەزائیر: 959 هەزار بەرمیل
- ئەنگۆلا: 1 ملیۆن و 280 هەزار بەرمیل
- گینیا: 70 هەزار بەرمیل
- گابۆن: 196 هەزار بەرمیل
- کۆنگۆ: 276 هەزار بەرمیل
- ئازەربایجان: 551 هەزار بەرمیل
- بەحرێن: 196 هەزار بەرمیل
- برۆنای: 83 هەزار بەرمیل
- کازاخستان: 1 ملیۆن و 550 هەزار بەرمیل
- مالیزیا: 401 هەزار بەرمیل
- مەکسیک: 1 ملیۆن و 753 هەزار بەرمیل
- عومان: 801 هەزار بەرمیل
- رووسیا: 9 ملیۆن و 328 هەزار بەرمیل
- سوودان: 64 هەزار بەرمیل
- سوودانی باشوور: 124 هەزار بەرمیل
ئۆپێک پڵەس لە 23 ئەندام پێکدێت، 13یان ئەندامی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)ـن و 10یەکەی دیکەیان لە دەرەوەی رێکخراوەکەن. هەریەک لە سعودیە و رووسیاش سەرکردە و بڕیاردەری دیفاکتۆی گرووپەکەن.
لە ساڵی 2016 رێکخراوی ئۆپێک لەگەڵ 10 بەرهەمهێنەری دیکەی نەوت هاوئاهەنگییان لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ سەقامگیریی بازاڕ هاوپەیمانێتییەکیان بەناوی ئۆپێک پڵەس دروستکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ