خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان داوای داخستنی کۆلێژەکەیان دەکەن

05-10-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان رایگەیاند، ماوەی دوو هەفتەیە گردبوونەتەوە و  هەفتەیەکیشە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و داوا دەکەن کۆلێژەکەیان دابخرێت، چونکە هیچ وانەیەکی کردارییان نییە و لە سنوورەکەیان هیچ نەخۆشخانەیەکی فێرکاریی نییە ئەوە جگە لەوەی زانکۆکەیان دانیپێدانەنراوە. راگری کۆلێژەکەش دەڵێت: "لەگەڵ خوێندکاراندام بۆ دابینکردنی نەخۆشخانەی فێرکاری، بەڵام لەگەڵ داخستنی کۆلێژەکەدا نیم."
 
ماوەی دوو هەفتەیە خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان گردبوونەوە دەکەن و هەفتەیەشکە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و داوا دەکەن بگوازرێنەوە بۆ زانکۆکانی دیکە، چونکە زانکۆکەیان ناتوانێت زۆربەی پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکات، بە نموونە تاوەکو ئێستا لە سنوورەکەیان نەخۆشخانەیەکی فێرکاری نییە و داوا دەکەن بە کرداری وانەکانیان بخوێنن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 05-10-2023 ئەحمەد غازی، نوێنەری خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تائێستا یەک لایەن پێی نەگوتووین داواکارییەکانتان چییە؟ ئێمە دەمانەوێت کۆلێژەکەمان دابخرێت، چونکە سەرۆکایەتی زانکۆکەمان دوو ساڵە ئاگاداری گرفت و کەموکورتی کۆلێژەکەن پێشتر کۆبوونەوەمان لەگەڵ کردوون و داوای نەخۆشخانەی فێرکاریمان کردووە، بەڵام تائێستا ‌هیچ نەکراوە."
 
بەگوتەی نوێنەری خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی، کێشەکانیان چارەسەرناکەن، بۆیە ئەوانیش داواکارییەکانیان بۆ داخستنی کۆلێژەکە گۆڕیوە و داوای گواستنەوە بۆ زانکۆیەکی دیکە دەکەن و دەڵێت: "نزیکەی شەش ساڵە ئێمە هەوڵدەدەین و هیچ سوودێکی نییە، نەخۆشخانەی فێرکاریمان نییە کە دەچینە هەر نەخۆشخانەیەک لەرای خوا وەرماندەگرن جگە لەوەش نەخۆشخانەکان مەرجەکانی فێرکارییان تێدا نییە، خوێندکار ناچێت وانەی کرداری بخوێنێت لەکاتێکدا دەبێت لە قۆناخی سێ-وە وانەی کرداری بخوێنین و لە نێو نەخۆشخانەکان بین."
 
ژمارەی خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی گەرمیان 260 خوێندکارە، ئەحمەد غازی دەڵێت: "ئەگەر دەرچووەکانمان بەمشێوەیە بەردەوام بن ئەوە سبەی دوو سبەی نەخۆشی گەرمیان لەژێر دەستماندا خراپ دەبن، جگە لەوەش زانکۆکەمان دانی پێدانەنراوە، کێشە گەورەکەش ئەوەیە سەرۆکی زانکۆکەمان پزیشک نییە تاوەکو لێمان تێبگات، هیچ لە پزیشکی نازانێت و هەر جارێک قسەیەکی سیاسی فڕی دەداتە گۆڕەپانەکە."
 
یەکێک لەو بەڵگەنامانەی کە پێویستە خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان لە قۆناخی یەکەم واژۆی بکەن بۆ ئەوەی مامەڵەکانیان بۆ بکرێت، بەڵگەنامەیەکە کە دانی بە کەموکورتی کۆلێژەکەدا ناوە. لە بەڵگەنامەکەدا دەبێت خوێندکار ناوی سییانی خۆی بنووسێت و واژۆی بکات کە دەڵێت، "دەزانم زانکۆکە هێشتا لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دانیپێدانەنراوە، دەزانم دامەزراوەی تەندروستی نەخۆشخانەی فێرکاری لە گەرمیان لە چی ئاستێکدایە بۆیە رەزامەندم بە وەرگیرانم."
 
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، "بەڵێن دەدەم کە پابەندی رێنماییەکانی وەزارەت و سەرجەم رێکارەکانی کۆلێجی پزیشکی بم تایبەت بە (گواستنەوە و میوانداریکردن) بۆ زانکۆیەکی دیکە لە داهاتوودا، هەروەک هیچ هەڵویستێک لەو بارەیەوە دەرنابڕم بە پێچەوانەوە خۆم بەرپرسیار دەبم."
 
لەبارەی ئەو بەڵگەنامەیە ئەحمەد غازی گوتی: "ئەو بەڵگەنامەیە لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆوە بۆ راگرایەتی کۆلێژەکەمان نێردراوە و تێدا خۆیان دان بە هەندێک کەموکورتی زانکۆکە دەنێن و دواتر نووسراوە نابێت ناڕەزایەتی لەبارەی ئەو خاڵانە دەرببڕن و خوێندکار ناچارە واژۆی بکات چونکە ئەوە رێکارێکی کارگێرییە و ئەگەر خوێندکاران واژۆی نەکەن هیچ مامەڵەیەکیان بۆ ناکرێت."
 
د. شێرکۆ نەریمان، راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاگاداری گرفتی خوێندکارانی کۆلێژەکەیانن و لەگەڵ داواکارییەکانی ئەوانن و چەندین جار داوایان کردووە گرفتەکانیان  چارەسەر بکرێت، بەشەکە گرفتی کەمی مامۆستا و چەندین پێداویستی هەیە ئەوە جگە لەوەی لە سنوورەکە هیچ نەخۆشخانەیەکی فێرکاری نییە کە دەچنە نەخۆشخانەکانی دیکەش، تەنانەت وەکو میوانیش سەیر ناکرێن، بەڵام دەڵێت، لەگەڵ داخستنی کۆلێژەکە نییە.
 
کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان ساڵی 2018  بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دامەزرا. راگری کۆلێژەکە دەڵێت: "داواکاری خوێندکارانمان رەوایە کە ئەویش نەبوونی نەخۆشخانەی فێرکاری، کەمی مامۆستا، تاقیگەی پزیشکی و بینایە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆلێژەکەش داوای ئەوانەمان کردووە، ئەو بەرپرسیارێتییەش لە ئەستۆی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی زانکۆ، راگرایەتییە، لە نەخۆشخانەی فێرکاریش وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیانیش بەرپرسیارێتییان بەردەکەوێت."
 
بە گوتەی راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کۆلێژەکە دوو پلانیان هەیە، کە یەکێکیان کورتخایەن و ئەوەی دیکەشیان درێژخایەنە و دەڵێت، "پلانە کورتخایەنەکە ئەوەیە نەخۆشخانەکانی کەلار بکرێتە فێرکاری بە نموونە نەخۆشخانەی شەهید هەژار، کە ئەوە بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت، چونکە خوێندکارەکانمان کە دەچنە نەخۆشخانەکان وەک میوانیش مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت."
 
د. شێرکۆ نەریمان، لەبارەی پلانی درێژخایەن دەڵێت: "کێشەی کەمی مامۆستامان هەیە لە ئەنجوومەنی وەزیران داوای 14 مامۆستامان کردووە کە بگوازرێنەوە بۆ کۆلێژەکەمان، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی دەرکردووە کە نابێت گواستنەوەی راژە لە نێوان وەزارەتەکاندا هەبێت، بەوەش داواکارییەکەی ئێمە راگیراوە، بۆیە هەندێک شت هەیە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و دەبێت کێشەی کەمی مامۆستا چارەسەربکرێت."
 
راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان گوتی: "هەردوو پلانەکەم گەیاندووەتە سەرۆکایەتی زانکۆ کە ئەوان گەورەترین بەرپرسیارێتییان بەردەکەوێت، چونکە سێ ساڵە لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ قسە دەکەین، پێمانوایە بە جدی کاریان لەسەر نەکردووە بە نموونە دوو ساڵە کێشەی نەبوونی نەخۆشخانەی فێرکاریمان خستووەتە بەدرەستی، بەڵام هیچ نەکراوە تەنیا بە نووسراو کاری لەسەر دەکرێت."
 
کۆلێژیی پزیشکی زانکۆی گەرمیان 15 پزیشک، 5 مامۆستای زانستی بنچینەیی و دوو مامۆستای گرێبەستی هەیە. لەبارەی ئاستی فێربوونی خوێندکارانیان د.شێرکۆ نەریمان دەڵێت، "راست نییە بڵێن هێچ فێڕنەکراوین، خوێندکار تاوەکو قۆناخی چواریش پێویستی بە نەخۆشخانەی فێرکاری نییە، چونکە زانستی بنچینەییە دوای ئەوەش دەچنە نەخۆشخانەکان، بەڵام بابەتەکە ئەوەیە کە نەخۆشخانەی فێرکاری نییە، بۆ ئەوەش مامۆستایانی ئێمە بەگوێرەی توانای خۆیان لە نێو نەخۆشخانەکاندا فێریان کردوون."
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی زستانی سعودیە، بەفر لە شاخەکان باریوە. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

کەشناسیی هەرێمی کوردستان: پلەی گەرما بۆ 5 پلە ژێر سفر دادەبەزێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان، بەهۆی کاریگەریی بەرزە پەستانێکی هەوای رووسیاوە، شەپۆلێکی سەرما روو لە ناوچەکە دەکات و لە شەوانی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە بەشێک لە ناوچەکان بۆ ژێر سفر دادەبەزن.