رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان، دەنگی ناڕەزایی دژی ئەو راوچییانە بەرزبووەتەوە کە لە ناوچەکانی دیکەوە روو لە پارێزگاکە دەکەن. ئەو راوچییانە کە بە مۆڵەتی فەرمیی دەوڵەت دێن، لە نزیک گوندەکان راو دەکەن و ئەمەش نیگەرانیی لای دانیشتووانی ناوچەکە دروستکردووە.
سەندیکای پارێزەرانی دێرسم وەک پاڵپشتییەک بۆ گوندنشینان، سەردانی گوندی (سۆرک)ـی سەر بە شارۆچکەی مازگێردی کرد. سەرۆکی سەندیکاکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت ژیانی ئاژەڵان بپارێزرێت و رێگە نەدرێت ژینگەی گوندەکان بکرێتە مەیدانی راوکردن.
دۆغوکان کودات، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دێرسم: "ئێمە دژی هەموو ئەو کەسانە دەوەستینەوە کە هانی راوکردن دەدەن و بەهێزی دەکەن. بەتایبەتی باسی ناوچەکانی راوکردن دەکرێت، بەڵام ئێمە لێرە دەبینین کە ئێرە ناوچەی راو نییە. ناوچەکانی راوکردن ئەو شوێنانەن کە لەلایەن دەوڵەتەوە دەپارێزرێن و تایبەت کراون، بەڵام ناکرێت لەنێو گوندەکان و لە شوێنێک کە خەڵکی تێدا دەژیت، باسی ناوچەی راوکردن بکرێت."
هاونیشتمانییان نیگەرانن لەوەی ناوچەکەیان وەکو زۆنی راوکردن دیاری کراوە و دەڵێن، بەوهۆیەوە ژیانی ئاژەڵە کێوییەکان کەوتووەتە مەترسییەوە و سرووشتی ناوچەکە زیانی بەرکەوتووە.
خدر کاپلان، هاونیشتمانییەکی دێرسمە دەڵێ: "نزیکەی دوو مانگە لە ناوچەکەماندا راو دەکرێت. ئێمەی گوندنشین رووبەڕووی کێشەی گەورە بووینەتەوە و دەمانەوێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت. راوچییەکان دێنە نێو موڵکە تاپۆکراوەکانمان و راو دەکەن. بۆ هەر راوچییەک مافی راوکردنی دوو کەو و کەروێشکێکی هەیە. داواکارین ئەم مۆڵەتە هەڵبوەشێتەوە و راوکردن قەدەخە بکرێت."
کایا چەلیک، هاونیشتمانییەکی دیکەیە باس لەوە دەکات: "نامانەوێت لە ناوچەکەماندا کەسانی بیانی و دەرەوەی ناوچەکە راو بکەن. نامانەوێت سرووشتی ناوچەکەمان وێران بکرێت. ئەم کارە بە دڵی ئێمە نییە و رەتی دەکەینەوە."
بە گوێرەی نەخشەی راوی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا بۆ ساڵانی 2025-2026، لە سنووری پارێزگای دێرسم 30 ناوچە وەکو ناوچەی راوی دەوڵەت و 10 ناوچەش وەکو ناوچەی راوی گشتی دیاری کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ