لە رواندز بە یەک مانگ 29 دووکان بەهۆی بێ بازاڕییەوە داخراون

06-01-2024
دیمەنێکی ناوشاری رواندز.
دیمەنێکی ناوشاری رواندز.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە ماوەی مانگێکدا لەکۆی 100 دووکان لەنێو بازاڕی رواندز، 29 دووکان و فرۆشگە بەهۆی بێ بازاڕییەوە داخراون. هەروەها، لە ماوەی شەش مانگدا، 30 ماڵ لەو شارەدا باریان کردووە.
 
سادق ئەحمەد، خاوەن یەکێک لە نانەواخانە گەورەکانی رواندزە، بێ بازاڕی ناچار بە دەستهەڵگرتن لە کارەکەی کرد و لەگەڵ ئەودا سێ کرێکاری دیکەش بێ کاروکاسبی مانەوە.
 
سادق ئەحمەد دەڵێت، "نزیکەی 90 وەرەقەم لەو دوکانە سەرفکردووە کەچی خەرجی ئارد و شتەکانیشی نەدەهێنایەوە، نەک پارەی شاگرد و کرێکارەکان کە لێرە کاریان دەکرد، خەڵک دۆخی ژیانی خراپە ئەگینا نان هی ئەوە نییە پێیان نەکڕدرێت".
 
لە بازاڕی رواندز بە تەنیشت دووکانەکانەوە دوکانی داخراو دەبینرێت.
 
بێ بازاڕی و زۆری کرێی دووکان و فرۆشگەکان باری سەرشانی فرۆشیارانی گرانترکردووە.
 
تەیب ئاکۆیی، دووکاندارە و باس لەوە دەکات، "ئێستا بێ بازاڕییەکە قەت وا نەبووە، دووکانێکم لەو نزیکە بەکرێ گرتبوو، کرێی مانگانەی 80 هەزار دینار بوو، کەچی هەڵمگرتەوە، 10 مانگ 800 هەزار کرێم دا کەچی بایی 400 هەزار کارم نەکرد".
 
محەممەد عەبدولڕەحمان، دووکاندارێکی دیکەیە و دەڵێت، "گەشتیار کە دێت لە بازاڕی رواندز دانابەزێت ئەمە هۆکارێک، هۆکارێکی دیکە بێ موچەییە".
 
زێنەدین بەکر دووکاندارێکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "دوو بۆ سێ ساڵ پێش ئێستا زۆر باش بوو بە دووتەنی بارم دەهێنا، ئێستا بە پیکاب دەیهێنم بایی 10 رۆژ دەکات، بە یەک بار ئەوکات رۆژانە چوار تۆن سەوزە و میوەم دەهێنا بە دوو رۆژ سەرفم دەکرد".
 
جگە لە داخستنی فرۆشگەکان لەو شارەدا چەندین خانوو و موڵکیش تابلۆی فرۆشتنیان لەسەر دانراوە.
 
بەگوێرەی ئاماری بەشی کارگێڕیی قایمقامیەتیی رواندز لە شەش مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو تائێستا زیاتر لە 30 ماڵ لەو شارە کۆچیان کردووە.
 
ئەحمەد قادر، قایمقامی رواندز لەوبارەیەوە گوتی، "هەوڵدەدەین لە داهاتوودا هەلی کار لە سەنتەری بازاڕ زیاتر بکەین، ئەوەش بەوە دەبێت کە کار لەسەر ئەوە دەکەین لایەنە کولتووری و مێژوییەکەی رواندز بگێڕینەوە بۆ ئەوەی زیاتر هەلی کار بڕەخسێ و کڕیار و گەشتیاری زیاتر بۆ بازاڕی رواندز رابکێشین".
 
رواندز خاوەنی چەندین شوێنی بەناوبانگی گەشتیاریە، لە مێژووی خۆیدا مەڵبەندێکی هەرە گەورە و گرنگی بازرگانی بووە لەگەڵ ئێران و تورکیا و وڵاتانی دەوروبەر.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.