رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە کوڕێکی قادر عەزیز و پاسەوانەکانی تەقەیان لە ماڵی ئەفسەرێکی لیوای پاراستنی سلێمانی کرد کە بەهۆیەوە کەسێک برینداربوو، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەڵێت، "هەردووکیان دەستگیر دەکرێن و دەدرێنە دەست دادگە".
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ رێکخراوە دیموکراتی و پیشەییەکان لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "لەمڕۆژانە تەقە بووە لەنێو سلێمانی، دەگوترێت یەکێکیان پەیوەندی بە یەکێتییەوە هەیە و کوڕی سەرکردایەتییەکە.. ئەوە ناخوات، ئێمە بەڵێنێکمان داوە ئەم شارە پاکبکەینەوە و جوانی بکەین".
بە گوتەی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو دوو کەسە هەردووکیان دەستگیر دەکرێن و دەدرێنە دادگە، ئەو دەڵێت "کوڕی بەرپرس بێت، [هەمان رێکاری بەرامبەر دەگیرێتەبەر].. لەم زۆنەی ئێمە شتی وا قابیلی قبووڵ نییە".
بافڵ تاڵەبانی گوتی، هیوادارن کەس خۆی تاقینەکاتەوە، چونکە "بەوخوایە زەرەرێکی زۆر گەورە.. تکا دەکەم ئارام ببنەوە". دەشڵێت، ئەگەر وا لە خزم و کەسوکاری خۆمان بکەین، بزانن چی لەو مافیاو دز و رێگرانە دەکەین".
رۆژی هەینی نووسینگەی قادر عەزیز، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەلایەن ئەو ئەفسەرەی لیوای پاراستنی سلێمانی و پاسەوانەکانی لە شەقامی سالم ئالانی کوڕی قادر عەزیز تەنگەتاو دەکرێت و دواتر "بە دەمانچە هەڕەشەی لێدەکات و هەرچی جنێو و سووکایەتی هەیە پێی دەکات".
بەپێی روونکردنەوەکە، تەنگەتاوکردنی ئەو کوڕەی قادر عەزیز "بەبێ هیچ پاساوێک بووە". دوای ئەوە ئالان خۆی دەگەیێنێتە ماڵەوە و "مەفرەزەیەک لە پاسەوانەکانی ماڵەوە لەگەڵ خۆیدا دەبات و لەبەر دەرگای ماڵی ئەفسەرەکە لەگەڵ ئەفسەرەکە دەستەویەخە دەبێت، لە وەڵامی تەقەی ئەفسەرەکە و پاسەوانەکانی شەڕە تەقە دروست دەبێت".
لە راگەیێندراوی نووسینگەی قادر عەزیزدا باس لەوەشکرابوو، "زۆر سوپاسى خهمخۆرى هاوسهرۆكان [ـی یەکێتی] دهكهین كه ههر له ساتى رووداوهكه هاتنه سهر خهت و ئێستاش به شهخسى خۆیان سهرقاڵى چارهسهركردنى كێشهكهن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ