رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە سنووری ناحیەی پیرەمەگروون، پێشمەرگەیەک لەلایەن هاوڕێیەکیەوە کە ئەویش پێشمەرگەیە، بە گولـلە کوژرا. بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت: "تۆمەتبار هەڵاتووە و دەستگیرنەکراوە."
رۆژی شەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، لیوا ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی هێزەکانی 70 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو دوو پێشمەرگەیە هاوڕێی یەکدی بوون و پێشتر هیچ کێشەیەکیان نەبووە، بەڵام دیارە ئەم ئێوارەیە لەسەر شتێکی بچووک بووەتە دەمەقاڵێیان و یەکێکیان ئەوی دیکەی کوشتووە."
گوتەبێژی هێزەکانی 70 ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتبارەکە دوای رووداوەکە هەڵاتووە و تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە.
بەکر عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 08:00ـی ئەم ئێوارەیە، لە نزیک ناوچەی گەشتیاریی زێوێ لە سنووری پیرەمەگروون، شەڕ لەنێوان دوو کەسدا دروستبووە و یەکێکیان ئەوی دیکەی کوشتووە."
کوژراوەکە ناوی (عومەر حەمەخدر ئەمیر)ـە و لەدایکبووی ساڵی 1981ـە.
بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارەکە دەستیپێکردووە.
سەبارەت بە تەرمی قوربانییەکە، سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکان بە رووداوی گوت، تەرمەکەی رەوانەی دادپزیشکیی سلێمانی کراوە، تاوەکو رێکارە یاساییەکانی بۆ تەواو بکرێت و هۆکاری سەرەکیی شەڕەکەش لای پۆلیس لە لێکۆڵینەوەدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ