لە هەڵەبجە و سلێمانی بەهۆی لافاوەکەی چەمچەماڵەوە ئاهەنگی سەری ساڵ ناکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵ، لە هەولێر و زاخۆ ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران و سەردانیکاران کراوە، بەڵام بەرپرسانی سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێن، بەهۆی لافاوەکەی چەمچەماڵەوە هیچ ئاهەنگێک ناکرێت.
 
رۆژی شەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، سمکۆ ساڵح، قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارمان داوە بەهۆی رووداوی لافاوەکەی چەمچەماڵ هیچ ئاهەنگێک لە پارێزگاکەمان بەڕێوەنەچێت."
 
قایمقامی هەڵەبجە گوتی، "ناتوانین رێگری لە کەرتی تایبەت بکەین، بەڵام وەکو حکومەت هیچ چالاکی و ئاهەنگێکمان نابێت."
 
رۆژی 7ـی 12ـی 2025، شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتەوە و سێ رۆژ بەردەوام بوو، بەهۆیەوە لە چەند ناوچەیەک لافاو دروستبوو و، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا، لە نێویاندا قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری زیانێکی زۆری بەرکەوت، زیاتر لە 1000 ماڵ و 12 قوتابخانە زیانیان پێگەیشت.
 
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، "لەبەر ئەو کارەسات و رووداوە ناخۆشانەی لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان روویانداوە و قوربانی و برینداری لێکەوتووەتەوە، لەپێناوی پشتگیری و دەربڕینی هاوخەمی بۆ هەمووان، وەکو پارێزگای سلێمانی دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەموو رێکارێکی پێویستی کارگێڕی و ئارامی و ئاسایش و خزمەتگوزاری گیراوەتەبەر، بەڵام هیچ بۆنە و ئاهەنگێکی فەرمی لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا بەڕێوە ناچێت."
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری (ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان)، بەهۆی لافاوەکەی باشووری کوردستانەوە پێنج کەس خنکاون و 19 کەسیش بریندار بوون. هەروەها 394 هەزار و 900 سەر ئاژەڵ، ماسی و پەلەوەر لەنێوچوون و 2 هەزار و 225 ماڵ، 202 ئۆتۆمبێل، 215 دووکان و شوێنکار و 534 پڕۆژەش زیانیان بەرکەوتووە.
 
پارێزگاری هەولێر: چاوەڕێی گەشتیارێکی زۆر دەکەین
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییە ئەمنی و کارگێڕییەکان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە جەژنەکانی سەری ساڵدا تەواوکراون و گوتی، "هەماهەنگییەکی بەرز لەنێوان دامودەزگاکانی حکومەت و دەزگا ئەمنییەکاندا هەیە بۆ داڕشتنی پلانێکی گشتگیر. بەپێی ئەو بەرنامەیەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار و ئاسایشی بازگەکان دانراوە، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییانی پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت."
 
پارێزگاری هەولێر گوتی، "پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم ساڵدا ژمارەیەکی پێوانەیی گەشتیار روو لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بکەن. داواکارین سەردانی هەولێری پایتەخت بکەن و پشوویەکی ئارام بەسەرببەن، چونکە ئامادەکارییەکان باشتر و چالاکتر لە ساڵانی رابردوو کراون."
 
ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو، چەند شوێنێکی جیاواز بۆ ئاهەنگگێڕان ئامادە کراون. پارێزگاری هەولێر گوتی، "لەبەردەم قەڵا، فێستیڤاڵی بازاڕی کراوە ئەمشەو بە فەرمی دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت."
 
زاخۆ چاوەڕێی زیاتر لە 120 هەزار گەشتیار دەکات
 
لە پارێزگای دهۆک هیچ ئامادەکارییەکی تایبەت بە سەری ساڵ نەکراوە. بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمیمان پێنەگەیشتووە بۆ ئامادەکارییەکانی ئاهەنگی سەری ساڵ و هیچ ئامادەکارییەکیش نەکراوە، تەنیا دوو بازاڕ لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بە هاوکاریی حکومەت کراونەتەوە."
 
شڤان عەبدی، ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیکردنی ئاهەنگی سەری ساڵ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هیڤیدار زانا پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ئامادەکاریی تەواو بۆ بەڕێوەبردنی ئاهەنگی سەری ساڵی زایینی و هاتنی گەشتیاران بۆ سنوورەکە کراوە.
 
شڤان عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، لە بەیانییەوە دەست بە چالاکییەکان دەکرێت و گوتی، "ئەم ساڵ لە 26ـی مانگەوە بۆ ماوەی شەش رۆژ، چەندین هونەرمەندی ناسراو ژمارەیەک کۆنسێرت بەڕێوەدەبەن."
 
بڕیارە چالاکی، کۆنسێرت و ئاهەنگەکان لە گۆڕەپانی پردی دەلال، کۆرنیش و قشڵەی زاخۆ بەڕێوەبچن. شڤان عەبدی، ئاماژەی بەوەش کرد، "دوو بازاڕی بەرفراوان لە پردی دەلال و قشڵەی زاخۆ دەکرێنەوە و گەشتیاران دەتوانن سەردانیان بکەن."
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری زاخۆ، لە 21ـی کانوونی یەکەمی 2024ـوە تاوەکو شەوی سەری ساڵ، 120 هەزار گەشتیار سەردانی ئیدارەکەیان کردووە. ئەو ئەندامەی لیژنەی سەرپەرشتیکردنی ئاهەنگی سەری ساڵی زاخۆ پێشبینی کرد، ئەم ساڵ بەراورد بە ئاهەنگەکەی پار، گەشتیاری زیاتر روو لە سنوورەکە بکەن.
 
بە گوتەی شڤان عەبدی، هونەرمەندان ژیندا، عەبدولقەهار زاخۆیی، رەوشەن، بەردان ماردینی، سەیران عوسمان و کۆمەڵێک هونەرمەندی دیکەی کورد لە ئاهەنگەکەدا بەشدارن و کۆنسێرتیان دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە