رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر و میران بەکر، رۆژنامەڤان و سکرتێری پێشووی وەزیری پێشمەرگە، دوو گێڕانەوەی جیاواز بۆ رووداوەکەی شەوی رابردوو بڵاودەکەنەوە.
یەکێتی دەڵێت میران "سەرخۆش بووە و پەلاماری پاسەوانانی داوە"، میران بەکریش وەڵام دەداتەوە؛ "ئەو راگەیێندراوە ئازاری زیاترە لە لێدانەکە."
دوای ئەوەی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، میران بەکر بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 10:30ـی شەوی رابردوو لەلایەن هێزێکەوە هێرشی کراوەتەسەر و یەکێتی تۆمەتبار کرد. راگەیاندنی بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر وەڵامی میران بەکری داویەوە و رایگەیاند، میران کاژێر 12:30ی شەو "لەژێر کاریگەریی مادە کحولییەکاندا" چووەتە تەنیشت بارەگاکەیان و سووکایەتی بە ئۆتۆمبێلێک کردووە، دواتریش پەلاماری پاسەوانانی بارەگاکەی داوە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، میران بەکر 17 خولەک براوەتە ژووری ئەفسەری ئێشکگر و دوای ئەوەی ناسنامەکەی زانراوە و "خۆی داوای لێبووردنی کردووە"، کاژێر 01:00ی شەو بە رێزەوە بارەگاکەی جێهێشتووە.
یەکێتی جەخت دەکاتەوە لەوەی، "بەڵگەی ڤیدیۆیی و شایەتیان لە دانیشتووانی گەڕەکی شەهیدان" لەبەردەستە و رادەستی لیژنەی لێکۆڵینەوەی دەکەن.

میران بەکر: راگەیێندراوەکە ئازاری لە لێدانەکە زیاترە
لە بەرامبەردا، میران بەکر وەڵامی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر دایەوە و رایگەیاندووە، "ئازاری لە لێدانەکە زیاترە".
میران دەڵێت، "من لە هەناوی میدیادا گەورە بووم و تێدەگەم، ئەگەر یەک تۆسقاڵ بەڵگەی خراپیان لەسەر من هەبوایە، بێ دوودڵی دونیایان تێدەگەیاند، بەڵام چونکە هیچیان نەدۆزییەوە، دەڵێن سەرخۆش بووە."
میران بەکر ئاماژەی بەوە کردووە، "گریمان بێهۆش بووم، ئایا دەبێت توورەکەم بخرێتە سەر؟ یان بە سێ چوار سەیارە و دەیان چەکدار لێم بدەن و کەلەپچەم بکەن؟"، هەروەها دەپرسێت کەی ئیشی "ئۆپەراسیۆنی ئاسایشە" دەستوەردان لە بابەتێکی لەو شێوەیەدا بکەن.
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر رووداوەکە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە.
هەروەها، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاک میران هیچ لایەنێکی فەرمی لە ئاسایش و پۆلیس ئاگادار نەکردووەتەوە. بابەتەکە پەیوەندی بە هێزێکی ئەمنیی هەولێرەوە نییە و زیاتر لەنێو [یەکێتی] خۆیانە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ