رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان هۆشداری دەداتە هەندێک لایەن کە بە نزیک لە ئێران و حکومەتی سووریا ناویبردوون لە دروستکردنی ناکۆکی و ئاژاوە لەنێوان پێکهاتەکانی پارێزگاری دێرەزوور، دەڵێت: "پێشتر هەوڵی لەو شێوەیەیان هەبووە."
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی سێشەممە، 6ـی شوبات دەریکردووە هەریەک لە ئێران و سووریا و تورکیا بە کارکردن بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "ئارەزوویەک بۆ تێکدانی سەقامگیری هەیە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەچوارچێوەی کردنە ئامانجی سەقامگیریی ناوچەکەمان و ئارەزووی دروستکردنی پشێوەی و هاوکات لەگەڵ هێرش و هەڕەشەکانی تورکیا و لەگەڵ بەردەوامیی هەڵمەتەکانی ئاسایش و مرۆڤایەتی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چالاکیی شانە نووستووەکانی تیرۆر لە کەمپی هۆل، هێشتا هەندێک لایەن، کە نایانەوێت هەوڵەکانی بەدیهێنانی سەقامگیری و تۆکمەکردنی هاوبەشیی کۆمەڵگەیی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام بێت، هەوڵێ تێکدانی دۆزەکە لە باکوو ر و رۆژهەڵاتی سووریا دەدەن."
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باسی ناسنامەی ئەو گرووپ و لایەنانەش دەکات و دەڵێت: "لەنێویاندا هەندێک لایەن کە لەسەر ئێران و رژێمی سووریا هەژماردەکرێن و لەلایەن ئەوانەوە پشتیوانی دەکرێن و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سووریان هەندێک کار دەکەن کە خزمەت بە بەرژەوەندیی ئەو لایەنانە دەکات، لەکاتێکدا ئەو لایەنانە پێش چەند مانگێک لەمەوبەر هەوڵی دروستکردنی ناکۆکیی و ئاژاوەیان لەنێوان پێکهاتەکانی ناوچەکە دا و بەدیاریکراوی لە دێرەزۆر. "
لەبارەی کردنە ئامانجی بنکەکایان لەم هەفتەیەدا لەلایەن تورکیاوە دەڵێت: "کردنە ئامانجی ئەو گرووپانە و هێرشکردنە سەر ئەکادیمیای راهێنانی هێزەکانی کۆماندۆی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە کێڵگەی عومەر لە دێرەزۆر و شەهیدبوونی شەش ئەنداممان بەشێکە لەو پلانە کە لەرێگەیەوە هەوڵی دروستکردنی پشێوی و رێگریی لە هەوڵەکانی هێزەکانمان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەدرێت."
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە راگەیێندراوەکەیدا هۆشداری دەدات لەوەی ئەو جۆرە کارانەی دەکرێت خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەکات و دەشڵێت لە ئاست ئەو کردەوانەی دژی پێکهاتەکانی ناوچەکە دەکرێت، دەڵێت "دەستەوەستان نابین."
هەروەها داوا لە هەموو هێزەکانی کاریگەری سووریاش دەکات ئاگاداری مەترسییەکان بن و دەشڵێت، "ئەو کردەوانە لە چوارچێوەی رێککەوتن و لێکتێگەشتنی لە شێوەی پیلانگێڕی لە وتوێژەکانی ئەستانە کراون."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر داوا لە خەڵکی دێرەزۆریش دەکات پێویستە ئاگاداری ئەو دۆخە بن کە بە "مەترسیدار" ناوی هێناوە و رێگری بکەن لە هەر پڕۆژەیەک کە بۆ "ئاژاوە و ناکۆکی" بێت، بە پێویستیشی دەزانێت هەڵوێستی دژ بەو ئاڕاستانە هەبێت کە بە" هەرزان " ناوی هێناون بۆ یاریکردن بە سەقامگیری دەکرێت بۆ گواستنەوەی ناکۆکییەکان بۆ ناوچەیەکی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ