رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نوێی کارەبای دهۆک پەیامێک ئاراستەی هاونیشتمانییان دەکات و دەڵێ، "دڵنیایی دەدەینە هەمووان هەر کێشەیەکیان هەبێت بەدواداچوونی بۆ دەکرێ تاوەکو چارەسەر بکرێت." سەبارەت بە بەرزیی نرخی پسووڵەکانیش دەڵێت، "پارەی چەند مانگێک بەیەکەوە گەڕاوەتەوە بۆیان."
رۆژی دووشەممە 6ی نیسانی 2026، ئەندازیار حازم محەممەد، بەڕێوەبەری نوێی گشتیی کارەبای دهۆک بە وەکالەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونم بوو و کۆبوونەوەی ئاسایی خۆمان کرد. هەموو هاونیشتمانییان دڵنیا دەکەینەوە کە هەر کێشەیەکیان لە کارەبا هەبێت بەدواداچوونی بۆ دەکرێ. هەر کەسێک گلەیی و گازندەی هەیە، دەتوانێت سەردانمان بکات و ئاگادارمان بکاتەوە، چونکە بەدواداچوون بۆ هەموو کێشەکان دەکرێ و بە زووترین کات چارەسەریان دەکەین."
لەبارەی ئەو ناڕەزایەتییانەی لەسەر بەرزیی بڕی پارەی کارەبای 24 کاژێری دروست ببوو، بەڕێوەبەری کارەبای دهۆک گوتی، "ئەو کەسانەی پارەی زۆریان بۆ هاتبووەوە، یەکێک لە هۆکارەکەی ئەوە بوو کە چەند مانگێک پسووڵەیان بۆ نەگەڕابووەوە، دواتر پسووڵەی چەند مانگێک بەیەکەوە بۆیان چووە و هەر ئەوەش وایکردووە پارەکە زۆر بێت."
بە گوتەی ئەندازیار حازم محەممەد، هەروەها سیستمەکە نوێیە و دەکرێت هەندێک کێشەی تەکنیکیی بچووکی هەبێت، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ چارەسەرکردنیان.
رۆژی 04-04-2026 کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا لە دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری کارەبای دهۆک و راسپاردنی حازم محەممەدی لە شوێنی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ