رووداو دیجیتاڵ
لە 24 کاژێردا یەک گرووپی چەکداری سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی لە خورماتوو سێ جار بۆردوومان کراوە، کە سەر بە رێکخراوی بەدرە. ژمارەی هێرشەکان بۆ سەر گرووپە چەکدارە شیعەکان لە 37 رۆژدا گەیشتە 89 هێرش.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 6ی نیسان، هێرش کرایە سەر بارەگایەکی لیوای 52ی حەشدی شەعبی لە قەزای خورماتوو لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین، کە سێیەم هێرش بوو لە 24 کاژێردا بکرێتە سەر ئەو لیوایە لە سنوورى قەزاى خورماتوو.
دووشەممە 6ی نیسانی 2026، یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێرشەکان بۆسەر فیرقەی چواری لیوای 52ی حەشد بوون. ئەو هێرشانە لە سێ ناوچەی جیاوازی گوندی پارە پارە و ناوچەی حلێوەی نزیک لە فڕۆکەخانەی سەربازیی سدیق بوون لە سنووری خورماتوو. ئەو هێزە بۆردوومانکراوە بنکە و بارەگای لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە هەیە."
بەگوێرەی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فیرقەی چواری لیوای 52 چوار جار بۆردوومان کراوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
لیوای 52ی حەشدی شەعبی سەر بە رێکخراوی بەدرە و مەهدی تەقی ئامرلی فەرماندەیەتی، زۆرینەی چەکدارەکانی تورکمانی شیعەن.
هێرشێکی دیکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە پێگەیەکی حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای حەزەر لە نەینەوا گرتەوە.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆردوومانەکە بە فڕۆکەی جەنگی بووە و زیانەکانی دیار نین."
دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، هێرشەکە کاژێر 2:30ی بەرەبەیان ئەنجامدراوە و بارەگای هەواڵگریی لیوای 25ی کردووەتە ئامانج.
لیوای 25 بە لیوای (شەهید سەدری دووەم) ناسراوە و نزیکە لە حیزبی دەعوەی عێراق کە نووری مالیکی ئەمینداری گشتییەتی.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەستەی حەشدی شەعبیی عێراق بە فەرمی بڵاویکردوونەتەوە، لە 28ی شوباتەوە کە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە، 89 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی حەشد و هێرشەکان زیاتر لە 24 لیوای حەشدی شەعبییان کردووەتە ئامانج، کە سەر بە گرووپە چەکدارە جیاوازەکان بوون.
زۆرترین گرووپی چەکدار کە لە 37 رۆژی رابردوودا لەلایەن فڕۆکەی ئەمریکاوە بۆردوومان کراون، لیواکانی سەر بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بوون کە نۆ جار بۆردوومان کراون؛ حەوت بۆردوومانیان لیوای 45 و دوو بۆردوومان لیوای 47ی سەر بەو گرووپە شیعییەی کردووەتە ئامانج کە زیاتر لە رۆژئاوای ئەنبار باڵادەستن.
ئەحمەد حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقە و فراکسیۆنی (حقووق)ی هەیە لە پەرلەمانی عێراق کە 6 کورسی هەیە.
دووەم زۆرترین هێرش کراوەتە سەر لیوای 30ی حەشدی شەعبی کە شەش هێرش بووە. لیوای 30 کە بە لیوای حەشدی شەبەک ناسراوە، لەلایەن محەممەد جەمیل (ئەبو ئەحمەد)ـەوە سەرپەرشتی دەکرێ و لە دەشتی نەینەوا باڵادەستە.
لیواکانی 52 و 31ی حەشدی شەعبی یەکى چوار جار هێرش کراوەتە سەریان.
لیواى 31 سەر بە گرووپی ریسالیوونە و عەدنان شەحمانی ئەمینداری گشتییەتی.
لەو 37 رۆژەدا و بەپێی ئاماری دەستەی حەشدی شەعبی، 74 چەکدار لە هێزە جیاوازەکانی حەشدی شەعبی کوژراون، 65 چەکداریشیان بریندار بوون.
ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر بنکە و بارەگای گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی کەرکووک، ئەنبار، بابل، سەلاحەدین، نەینەوا، بەغدا و دیالە بوون.
بارەگای گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە نەینەوا 13 جار بۆردوومان کراوە. 12 بۆردوومانیان لە سنوورى پارێزگای ئەنبار بوون کە زۆرترینە؛ لە پارێزگای سەلاحەدین 11 جار، بابل حەوت جار بۆردوومان کراوە و لە کەرکووک چوار جار هێرش بۆسەر بارەگای ئەو گرووپانە کراوە.
لە بەرامبەردا گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە لە ژمارەیەک گرووپی چەکداری عێراقیی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکهاتوون، لە 28ی شوباتەوە بەرپرسیارێتی لە دەیان هێرش راگەیاندووە. بەگوێرەی ئاماری ئەو گرووپە، لە 37 رۆژدا 791 هێرشیان لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە کردووە.
زۆرترین هێرش کە ئەو گرووپە بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆ گرتووە لە 17ی ئاداردا بووە کە 47 هێرش بووە، کەمترین هێرش لە 12ی ئاداردا بووە کە 13 هێرش بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ