رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان کۆتاییهاتنی کاتی داشکانی قەرزی ئاوی راگەیاند و دەڵێ، لە چوار مانگدا نزیکەی 14 ملیار دینار وەک داشکان بۆ هاووڵاتییان گەڕاوەتەوە و ماوەکەشی درێژ ناکرێتەوە.
رۆژی دووشەممە 6ی نیسانی 2026، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "داشکانی تایبەت بە بەستنی پێوەری ئاو کە بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام بوو، سەرەتای ئەم مانگە کۆتایی هات. لەو ماوەیەدا زیاتر لە 7500 کەس سوودمەند بوون و بە کۆی گشتی نزیکەی 14 ملیار دینار داشکان بۆ هاووڵاتییان کرا."
سەبارەت بە ئەگەری درێژکردنەوەی بڕیارەکە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو جەختی کردەوە، "چیدیکە ماوەی ئەو داشکانە درێژ ناکرێتەوە، چونکە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا 4 جار درێژکراوەتەوە."
لە هەرێمی کوردستان دوو جۆر کرێی ئاو هەیە. ئاری ئەحمەد گوتی، "ئەو هاوبەشانەی پێوەریان بەستووە، مانگانە بەپێی بەکارهێنان بڕی 0 تاوەکو 45 هەزار دیناریان بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوانەی پێوەریان نەبەستووە، مانگانە راستەوخۆ بڕی 45 هەزار دیناریان بۆ هەژمار دەکرێ."
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، ئێستا یەک ملیۆن و دوو هەزار هاوبەشی ئاو لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون کە 90%یان پێوەری ئاویان بەستووە و پابەندییەکەی زۆری هاووڵاتییان بۆ بەستنی پێوەرەکە هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ