سوودانی لەبارەی کەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و فورات: پێویستە دەستوەردانی بەپەلە بکرێت

06-05-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری لە کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات دەدات و دەڵێت، "پێویستە دەستوەردانێکی بەپەلەی نێودەوڵەتی هەبێت". 
 
رۆژی شەممە، 06-05-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا لە کۆنگرەی سێیەمی نێودەوڵەتیی ئاو کە ئەمڕۆ لە بەغدا کارەکانی دەستیپێکرد، رایگەیاند، "ئاو بووەتە دۆسیەیەکی هەستیار و گرنگی هەموو وڵاتانی جیهان. قەیرانی ئاو لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی شەڕەکانی رژێمی پێشووەوە لای هاووڵاتییان نەزانرا".
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق کە خۆی ئەندازیاری کشتوکاڵە لەبارەی پلانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشەیە قسەی کرد و گوتی، "حکومەت دۆسیەی ئاوی لە سەرووی کارەکانی داناوە؛ پێویستە لەگەڵ وڵاتانی دیکە کە سەرچاوەکانی ئاومان لەوێن لەسەر ئەو کێشانە بووەستین".
 
سوودانی گوتی، یەکێک لەو هەنگاوانەی کە حکومەتەکەی بۆ پلانی کشتوکاڵی پیادەی دەکات بریتییە لە بەکارهێنانی رێگە نوێیەکانی ئاودێری و رایگەیاند، حکومەت سوودی لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو وەرگرتووە و کاری لەسەر دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای ئاو کردووە.
 
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریدا و گوتی، "کەمئاوی هەڕەشەیە بۆ سەر شارستانییەتی عێراق؛ دابەزینی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات پێویستی بە دەستوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتییە. هەوڵەکانمان چڕکردوونەتەوە بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان یان کەمکردنەوەیان بۆ ئەوەی ژینگەیەکی باش بۆ نەوەکانمان بڕەخسێنین".
 
سوودانی راشیگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ جەخت لەسەر زمانی بنیادنەرانە و بەرهەمدار بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاو و گەرەنتیکردنی بەشی یەکسان و دادوەرانە لەو پشکە دەکاتەوە. 
 
ئەمڕۆ شەممە بە چاودێریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سێیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی ئاو لە بەغدا دەستی بە کارەکانی کرد و دوو رۆژ دەخایێنێت، تێیدا چەندین توێژینەوەی زانستی لەبارەی دۆخی ئاو، کەمئاوی، کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا پێشکێش دەکرێن.
 
پێشتر وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردبووەوە، بانگهێشتنامە ئاراستەی چەندین وەزیری ئاوی وڵاتانی ناوچەکە، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بواری ئاو و کەشوهەوا، باڵیۆزی وڵاتان، وەزیر، پارێزگار و ئەندامانی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق کراوە، ئەوە وێڕای بانگهێشتکردنی مامۆستایانی زانکۆ و چەندین کەسایەتی عێراقی و نێودەوڵەتیی پسپۆڕ و کەسایەتیی میدیایی.
 
رۆژی شەممە، 06-05-2023، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان کە بۆ بەشداری لە سێیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی ئاو لە بەغدایە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژان ئەبووبەکر و هەوار جەلالەدین پێشکێشیان کرد، لەبارەی گرنگیی کۆنگرەکەوە گوتی، ئەم کۆنگرەیە لە کاتێکدا دەبەسترێت کە عێراق لە مێژووی بەڕێوەبردنی ئاوی خۆیدا خراپترین ساڵ بەڕێ دەکات.
 
رەحمان خانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیکەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکانی عێراق کەمیکردووە. گوتیشی، لە کۆنگرەکەدا زیاتر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەڕێوەبردنێکی هاوبەشیان هەبێت یان بە لایەنی کەمەوە ئەمساڵ بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، هاوکاری عێراق بن کە بەهۆی وشکە ساڵییەوە تووشی بووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چیرۆکی پەیام و باوکی، لەگەڵ ئەوانەی بەخشینی ئەندامانی جەستە ژیانی بۆ گەڕاندوونەتەوە

بەڵگەفیلمی ژیان بەخشین؛ ئەندامێکی جەستە دەبێتە چرایەک بۆ ژیانێکی دیکە

چیرۆکێکی دیکەی بەڵگەفیلمەکە باسی بەرهەم محەممەد دەکات، کە یەکێکە لە وەرگرانی گورچیلە. دوای ئەوەی لە بەخشەرە دەرەکییەکان نائومێد دەبێت و چەند کەسێک لە بڕیاری بەخشینی گورچیلە پەشیمان دەبنەوە، براکەی دێتە پێش و بێبەرامبەر گورچیلەیەکی خۆی پێدەبەخشێت. بەرهەم دەڵێت، "ئەم ژیانەی ئێستا هەمە، قەرزاری ئازایەتی و دڵسۆزیی براکەمم".