دڵشاد شەهاب: ستراتیژیی هەرێمی کوردستان سەقامگیرییە

06-05-2024
پەیمان محەممەد
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران، چاوەڕوانیی ئەوەی دروستکردووە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ئێران باشتر بن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمەی بە رووداو گوت.
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 06-05-2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران لە تاران کۆدەبێتەوە. 
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکە قسەی بۆ سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو بۆ تاران کرد و رایگەیاند، ''سیاسەتی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دراوسێکانی، فاکتەری سەقامگیرییە.''
 
دڵشاد شەهاب گوتی، ''کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئێمە دەوڵەتێکی گرنگە، سنوورێکی بەرفراوانمان لەگەڵ یەکدیدا هەیە، پەیوەندییەکی ئابووری و بازرگانیی بەهێزمان هەیە و پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی بەردەوام لە نێوانماندا دەبینرێت." 
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی''شاراوە نییە لە ماوەی رابردوودا جۆرێک ساردی لەم پەیوەندییانە دروستبوو؛ دەمانەوێت لەم سەردانەدا دڵنیاییەک بدرێتەوە کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولامان گەورەترن لەو ئاستەنگانەی کە دێنە [ئاراوە].''  
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
 
رووداو: جانتاکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چی تێدایە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی باسیان بکات؟
 
دڵشاد شەهاب: جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە بڕوای وایە سیاسەتی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ دراوسێکانی فاکتەری سەقامگیری بووە و فاکتەری سەقامگیری دەبێت؛ پەیوەندییەکی مێژوویی گەورە لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبووە لە کاتی خەباتی دژی دیکتاتۆرییەت کە ئێران پەناگەی دەیان و سەدان هەزار ئاوارەی عێراقی بە شێوەی گشتی و کوردستانی بووە؛ هەروەها بنکە و پەناگەیەکی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و هەرێمی کوردستانی بووە تاوەکو رووخانی رژێمی دیکتاتۆری لە دەستپێکی ئازادیی هەرێمی کوردستاندا پەیوەندییەکی دۆستانە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە یەکدی، پەیوەندییەک کە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێوەیەکی گشتی و بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تێدا پارێزراو بووە. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەوە بۆ دۆستانی ئێمە دووپات بکاتەوە کە وەکو هەمیشە هەرێمی کوردستان ئەم پێگەیەی هەر پارێزراو دەبێت و فاکتەری سەقامگیری دەبێت و هیچ کات نەبووە و نابێتە فاکتەری هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەکانی دراوسێیەکانی ئێمە بە شێوەیەکی گشتی و بەتایبەتیش کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
رووداو: ئەمە بە ئێران دەڵێن، بەڵام داواکاریتان لە ئێران چییە؟
 
دڵشاد شەهاب: هەموو پەیوەندییەکی باش لەسەر بنەمای رێزگرتنە لە یەکدی و هیچ پەیوەندییەکی باش، یەکلایەنە دروست نابێت. ئەمە دیدگەی هەرێمی کوردستانە و بۆ ئێمە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەوڵەتێکی گرنگە، سنوورێکی بەرفراوانمان لەگەڵ یەکدیدا هەیە، پەیوەندییەکی ئابووری و بازرگانیی بەهێز لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە؛ پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی بەردەوام هەیە؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران هێزێکی کاریگەرە لە ناوچەکەدا و کاریگەریی لەسەر عێراق هەیە، لەسەر هەرێمی کوردستانی هەیە؛ لە هەموو کاتە ناخۆشەکاندا ئێمە وەکو دراوسێیەکی نزیک یەکەمین پەیوەندیمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بووە. بێگومان دراوسێیەتی و پەیوەندی لەم ناوچەیەدا هەڵبەزین و دابەزینی تێدا دروست دەبێت؛ شاراوە نییە کە لە ماوەی رابردوودا جۆرێک لە ساردی لەم پەیوەندییانە دروستبوو؛ دەمانەوێت دڵنیاییەک بدرێتەوە کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولامان گەورەترن لەو ئاستەنگانەی دێنە [ئاراوە].  
 
رووداو: بەرژەوەندییە هاوبەشەکان چین؟
 
دڵشاد شەهاب: ئێمە، هەولێر و تاران سنوورێکی هاوبەشی گەورەمان هەیە. لە ناوچەیەکداین پڕە لە کێشە و ئاڵۆزی کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. هەموو هێزە عێراقییەکان کە ئێستا لە دەسەڵاتدان، پاشخانێکی پەیوەندیی بەهێز و تووندوتۆڵیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبووە. وەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێکرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران پەناگە و پێگەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بووە و ئەو حوکمڕانییەی ئێستا لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە، دەتوانم بڵێم ویلادەتەکەی لە رۆژێک لە رۆژان ئامادەکارییەکانی لێرەوە کراون.
 
رووداو: سەردانەکە کاریگەریی لەسەر باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەبێت؟
 
دڵشاد شەهاب: بێگومان هەر ئەم چاوەڕوانییەش هەیە، کە پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ لایەنەکانی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی و لایەنە عێراقییەکانیش (باشتر بێت)؛ بێگومان سەردانەکە رەنگدانەوەی باشی لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت. 
 
رووداو: لەم بابەتەدا هیچ چاوەڕوانییەکتان لە ئێران هەیە؟
 
دڵشاد شەهاب: خۆی بیناکردنی پەیوەندی ئەوە نییە ئێمە هاتبین و شتێک واژۆ بکەین و بگەڕێینەوە، بەڵکو گەڕاندنەوەی ئەم پەیوەندییانەیە بۆ رێچکەی سەرەکیی خۆیان، بەتایبەتی کە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی گرنگیدان بووە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی گشتی، وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێش بەتایبەتی. لە ماوەی رابردوودا سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. بەڕێزیان (نێچیرڤان بارزانی) دەستپێکی بونیاتی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ وڵاتە دراوسێیەکاندا دەمێکە بناخەی بۆ داڕشتووە. ئەم پەیوەندییانەش لە پەیوەندییەکی دروستی نێوخۆیی لە هەرێمی کوردستان، ئینجا پەیوەندییەکی راست و دروست لەنێوان هێزە عێراقییەکان بەشێوەیەکی گشتی و دواتر لەگەڵ دراوسێکانی ئێمە سەرچاوە دەگرێت. بەڵێ ئەمە خۆی لە خۆیدا تەواوکردنی یەکدی دروست دەکات کە لە بەرژەوەندیی هەموولایەکدایە و لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیشدایە و لە بەرژەوەندی عێراق و هەرێمی کوردستانیشدایە. 
 
رووداو: لە ماوەی رابردوودا بینیمان سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشداری کرد. کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەرەو چارەسەربوون دەچن؟ هیچ بەربەست و کێشە ماون؟ 
 
دڵشاد شەهاب: هیچ کۆتاییەک نییە بۆ ئەوەی بڵێین لە خاڵێکدا دەگەینە کۆتایی پەیوەندی لەگەڵ عێراق. ئێمە، لە دەوڵەتێکی فیدراڵی و سیستمێکی فیدراڵیدا دەژین. 
 
رووداو: کێشەکان هێندە قووڵن کە نەگەینە خاڵێک کۆتاییان نەیەت؟ 
 
دڵشاد شەهاب: نەخێر، نەخێر. مەبەستم ئەوە نییە کە کێشەکان کۆتاییان نایەت، هەمیشە پێویستمان بە بەردەوامیی ئەم پەیوەندییە هەیە و ئەم پەیوەندییە بەردەوام دەبێت؛ هاتووچۆمان دەبێت. مانای ئەوە نییە ئەگەر چووینە کۆبوونەوەیەک، بۆ نموونە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە تێیدا بڕیاردرا گرفتی مووچە چارەسەر بێت، ئیدی کۆتایی پەیوەندییەکان نەبووە. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە کە ئێمە بەردەوام چارەنووسێکی هاوبەشمان هەیە و بڕیارێکی سەرەکی هەیە بەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێ. دەکرێ هەندێک رێکاری تەکنیکی مابن، دوای ئەوەش بڕیاری دادگەی فیدراڵی هەیە بۆ ئەوەی دەبێت پرۆسەی دابەشکردنی مووچە بە بانکی بکرێت؛ هەروەها پێش ئەو کاتەش بڕیارێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە کە ئەم بابەتە بەڕێوەببات. رەنگە ئەوە پێویستی بە دانوستاندنی زیاتر و لێکتێگەیشتنی زیاتر لەسەر پرۆسەکە هەبێت. خۆی ئەم پرۆسەیە لە هەرێمی کوردستان تازەیە و لە عێراقیش تازەیە. 
 
رووداو: بەجێکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت؟
 
دڵشاد شەهاب: بەجێکردن، لە راستیدا من نازانم هەر کەسێک چۆن پێناسەیەک بۆ بابەتی بەجێکردنی مووچە دەکات. ئەگەر پێناسەکەی مەبەست لەوەبێت کە بەبانکیکردن و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بێت، 'بەڵێ' بڕیاردراوە. لە عێراقیش بڕیاردراوە و لە هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە. 
 
رووداو: ئەمە پێناسە گشتییەکەیە. ئەی لەژێر رۆشنایی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی چی؟ 
 
دڵشاد شەهاب: لەژێر رۆشنایی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیش بەرەوپێشچوون هەیە. لەم رۆژانەی رابردوودا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان شاندی تەکنیکی نێردراوە. هاوکات نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی کراوە بەوەی بەڵێ هەنگاوەکان دەنرێن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بکرێت. کێشەکان هی ئەوە نین کە ببنە هۆکاری ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گرفتی تێدا بکەوێت. 
 
رووداو: بابەتێکی دیکە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە. لەم چەند رۆژەی رابردوودا زۆر باسی ئەوە کراوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسوومێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن یان دیاریکردنی کاتێکی دیکە بۆ هەڵبژاردن دەردەکات. ئەوە راستە؟ 
 
دڵشاد شەهاب: ئەگەر پێویست بەوە بکات کە چارەسەر دەرچوونی مەرسووم بێت یان دیاریکردنی کات بێت، هەموو ئەو هەنگاوانەی کەوا سەرۆکایەتی و بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیاننێت دەتوانم بڵێم لە چارەکی یەکەمی 2022ـەوەوە بۆ ئەوە بوون هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت. هەروەها هەڵبژاردنێک کە جێگەی دڵنیایی بێت بۆ هەموو لایەنە بەشداربووەکان و مافی هەمووان تێیدا پارێزراو بێت. ئێستا کۆمەڵێک گرفت لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردندا هەن؛ ناڕەزایەتی هەیە و هەندێک کێشەی تەکنیکی هەن؛ پرس لەسەر بابەتی گەوهەری هەن کە بێبەشبوونی بەشێکی کاریگەری کۆمەڵگەی کوردستانییە کە پێکهاتەکانن. هەفتەی رابردووش، پێکهاتەکان یاداشتنامەیەکیان داوەتە سەرجەم دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش کە هەموویان لەسەری کۆکن و بە پلە یەک داواکاریی ئێمەشە وەک سەرۆکایەتی کەوا هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بە زامنکردنی کەشێکی گونجاو بە بەشداری هەمووان کە دەرفەتێکی یەکسانیش بۆ هەمووان بڕەخسێنێت، ئەنجام بدرێت.   
 
رووداو: ئەو دەرفەتە یەکسانە هەیە بۆ ئەوەی 10ـی 6 (هەڵبژاردن بکرێت)؟
 
دڵشاد شەهاب: دەرفەتی یەکسان لە مێژوودا نییە؛ دەرفەتی یەکسان لە رێکارەکان و ئەو هەنگاوانەیە کە کۆمیسیۆن دەیانگرێتەبەر؛ لەو یاسا و رێسایانەیە کە هەڵبژاردن بەهۆیانەوە بەڕێوەدەچێت. ئێمە لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان کاری بۆ دەکەین؛ لەگەڵ کۆمسیۆن کاری بۆ دەکەین؛ لەگەڵ لایەنە فیدراڵییەکانیش کاری بۆ دەکەین. هەموویان تێگەیشتنیکی دروستیان هەیە بۆ ئەم بابەتە، ئەویش ئەوەیە کە دەبێ هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیەش هیچ گرنگییەکی پیرۆز لە مێژوودا نییە، ئەگەر مانگێک زووتر بوو یان مانگێک درەنگتر بوو. 
 
رووداو: ئەمە پەیامە بۆ یەکێتی؟ 
 
دڵشاد شەهاب: نەخێر، ئەمە پەیام نییە بۆ یەکێتی. 
 
رووداو: یەکێتی دەڵێت سوورین لەسەر ئەوەی رۆژی 10ـی 6 هەڵبژاردن بکرێت. 
 
دڵشاد شەهاب: هەموو لایەنەکان مافی خۆیانە. بەپێی یاسا تاوەکو ئێستا ئەم بڕیارە بووە و هەر لایەنێکیش ئازادە رەزامەندی خۆی دەردەبڕێ، لایەنێک بایکۆت دەکات، لایەنێک ناو پێشکێش ناکات، لایەنێک تێبینی پێشکێش دەکات. بەڵام ئەوە ئەرکی سەرۆکایەتیی هەرێمە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کە ئەو بۆشاییە زۆرەی لەنێوان بیروبۆچوونەکاندایە لەسەر ئەم پرسە لەیەکدی نزیک بکاتەوە. 
 
رووداو: لەنێوان هەموو لایەنەکاندا؟ 
 
دڵشاد شەهاب: هەموو کاتێک (بەو جۆرە بووە)؛ لە رابردوویشدا بەر لەوەی کاتی هەڵبژاردن دیاری کرابێت لەگەڵ لایەنەکان کۆبووینەوە. راستە لە میدیاکاندا زۆر ئەم بابەتە دەوروژێندرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێستا دۆخەکە جیاوازە. جاران کاتێک وادەی هەڵبژاردن دیاری دەکرا، ناکۆکی لەسەر یاسای هەڵبژاردن هەبوو، لەگەڵ چەندین ناکۆکی دیکە. ئێستا ناکۆکی نەماوە؛ راستە رەنگە ئەمە بەدڵی هەمووان نەبووبێت، بەڵام ئێستا یاسایەک هەیە و هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێ. ناکۆکی لەسەر کۆمیسیۆن هەبوو؛ ئێستا ناکۆکی لەسەر کۆمسیۆن نەماوە. 
 
رووداو: ئەگەر 10ـی 6 هەڵبژاردن نەکرێت، تەمەنی کۆمسیۆن ماوەی بەسەردەچێت...
 
دڵشاد شەهاب: ئەگەر پێویستی کرد و وادەی دیکە دەستنیشانکرا، کێشەی کۆمیسیۆنیش چارەسەر دەکرێت. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر

گرەیەم بارکەر بۆ رووداو: لە شانەدەردا دۆزیمانەوە نیاندەرتاڵەکان بە ئاگر چێشتیان لێناوە و پێکەوە نانیان خواردووە

پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر، سەرۆکی تیمی شوێنەوارناسی لە ئەشکەوتی شانەدەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە دۆزینەوەی کەلەسەری ژنێکی نیاندەرتاڵ لە ساڵی 2018دا (شانەدەر زێد) زۆر گرنگە بۆ کوردستان، ئەو بەڵگەفیلمەی لەلایەن بی بی سیی بەریتانی بەرهەمهێنراو لە نێتفلێکس دا بڵاوکرایەوە "وای لە کورد کرد گرنگی کەلەپوورە دەوڵەمەندەکەی بۆ دەربکەوێت. کورد ئەویان وەک دایکی خۆیان داناوە. ئەوە شتێکی سەرنجڕاکێشە کە ببینی چۆن (شانەدەر زێد) و نیاندەرتاڵ بوونەتە بەشێک لە ناسنامەی کورد. پێموایە ئەوە بەشی یەکەمە، چونکە مانای وایە کورد بۆی دەردەکەوێت کە نەک تەنیا (شانەدەر زێد)، بەڵکو ئەشکەوتی شانەدەریش چەندە گرنگە". پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر دەڵێ پێویستە کەیسێک لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر ئامادەبکرێت " بۆ یونسکۆ تاوەکو ئەشکەوتەکە ببێتە شوێنێکی کەلەپووریی جیهانی".