بەرپرسێکی باڵای ئۆکراینا بۆ رووداو: دواکەوتنی چەک و تەقەمەنیی هاوپەیمانان زیانی زۆری دەبێت

12-05-2024
دلێر سابیر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یوری ساک، راوێژکاری وەزیری پیشەسازییە ستراتیژییەکانی ئۆکراینا دەڵێت، چاوەڕێی گەیشتنی ئەو چەک و تەقەمەنیانە دەکەن، کە هاوپەیمانەکانیان بەڵێنی دابینکردنیان پێداون. دەشڵێت: "دواکەوتنی ئەو یارمەتییانە زیانی زۆری دەبێت، نەک تەنیا بۆ ئۆکراینا، بەڵکو بۆ هەموو جیهان."
 
یوری ساک، لە رێگەی ئیمەیڵەوە وەڵامی چەند پرسیارێکی رووداوی لە بارەی دۆخی مەیدانی شەڕ، ژمارەی قوربانییان، هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ژێرخانی ئۆکراینا و هاوکارییەکانی هاوپەیمانانی دایەوە.
 
راوێژکاری وەزیری پیشەسازییە ستراتیژییەکانی ئۆکراینا دەڵێت، توانیویانە بەرپەرچی هێرشە فراوانەکەی ئەمدواییەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بدەنەوە. ساک گوتی: "لە بەرەی ئەڤدیڤکا تەنیا لە 8ی ئایاردا 45 هێرشی دوژمن تێکشێندراون. لە شاری کراسنۆهۆریڤکا، هێزەکانی بەرگریمان ئەو گرووپە هێرشبەرانەی رووسیایان بەرپەرچداواتەوە کە هەڵیانکوتایە سەر شارەکە". 
 
سەبارەت بە ژمارەی کوژراوانی هەردوولاش، یوری ساک گوتی: "نزیکەی 479 هەزار و 710 سەربازی رووسیا کوژراو و بریندار بوونە. سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لە 25ی شوباتی 2024دا رایگەیاند کە ئۆکراینا لە سەرەتای لەشکرکێشیەکەی رووسیاوە نزیکەی 31 هەزار سەربازی لەدەستداوە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یوری ساک: 
 
رووداو: جار جار گوێمان لە لێدوانی سەرکردەکان دەبێت سەبارەت بە ئەگەری جەنگی ئەتۆمی! چەندینجار سەرۆکی رووسیا و بەرپرسانی دیکەی رووسیا ئەو هەڕەشەیان کردووە، لەم دواییانەشدا سەرۆکی فەرەنساوە باسی لەو هەڕەشەیە کرد. پێتوایە ئەوان جیدی بن لەو بارەیەوە؟ 
 
یوری ساک: هەڕەشەکانی شەڕی ئەتۆمی کە زۆرجار لەلایەن بەرپرسانی رووسیاوە دەخرێنەڕوو، باشترە وەک هەڵوێستێکی ستراتیژی لێی تێبگەین نەک ئامادەیی راستەقینە بۆ ململانێی ئەتۆمی. ئەم هەڕەشانەی رووسیا ئامانجیان دروستکردنی گرژی جیۆپۆلەتیکی و بەکارهێنانی قۆناخەکانی لاوازیی نەیارەکانێتی، وەک ئەمریکا، بەتایبەتی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا.
 
پووتین هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنێت بۆ وروژاندنی نائارامیی جیۆپۆلەتیکی، بەڵام لە کۆتاییدا کردەوەکانی لەسەر گۆڕەپان بەهۆی هەستی خۆپاراستنەوە سنووردار دەبنەوە. هەڕەشەکانی سەرکردایەتیی رووسیا لەمبارەوە تەنها قسەیە و مەبەستێکی راستەقینەی بۆ دەستپێکردنی کردەوەیەکی لەو شێوەیە نییە. هەر هەنگاوێکی راستەقینە بەرەو ململانێی ئەتۆمی "هێڵێکی سوور"ی جیهانی دەبڕێت، تەنانەت وڵاتانی بێلایەن ناچار دەکات خۆیان لە رووسیا دوور بخەنەوە.
 
رووداو: پەرلەمانی ئۆکرانیا پڕۆژەیاسایەکی پەسند کرد کە رێگە بە بەندکراوان دەدات لەناو هێزە چەکدارەکاندا شەڕ بکەن. بەپێی ئەم پڕۆژەیاسایە، زیندانییەکان لە ژێر چ پۆلێکدا رێگەیان پێدەدرێت لە سوپای ئۆکراینادا خزمەت بکەن؟
 
یوری ساک: ئەم دەستپێشخەرییە بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی ئۆکراینا بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو سەرچاوە بەردەستەکان، لەوانە ئەوانەی پاڵنەریان هەیە و مەیلی نیشتمانپەروەرانەیان هەیە، کە دەرفەتێکیان بۆ دەڕەخسێنێت قەرەبووی کارەکانی رابردوویان لە بەرەکانی شەڕدا بکەنەوە. بەپێی ئەم یاسا نوێیە، زیندانییەکان دەتوانن خۆبەخشانە خزمەت بکەن، بەڵام بەشداریکردنیان بەندە بە چەند پێوەرێکی تووندەوە.
 
زیندانییەکان دەبێت خۆبەخشانە رازی بن بۆ خزمەتکردن، بڕیارێک کە دەبێت لەلایەن دادگایەک بڕیاری لەسەر بدرێت. پێویستە سەرەتا لە پشکنینی پزیشکی سەرەتایی لە زیندان تێپەڕن و پاشان هەڵسەنگاندنێکی گشتگیریان لەلایەن دەستەیەکی پزیشکی سەربازییەوە بۆ بکرێت و دەربچن لێی، دڵنیابن لەوەی کە ستانداردە تەندروستی و دەروونییە پێویستەکانیان بۆ خزمەتکردنی سەربازی  تێدایە. تەنیا ئەوانەی کەمتر لە سێ ساڵ لە سزاکانیان ماوە رێگەپێدراون.
 
هەموو زیندانییەکان ئەم مافەیان نییە. ئەوانەی کە لەم دەستپێشخەرییە دەرکراون بریتین لەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە تاوانی دژی ئاسایشی نیشتمانی ئۆکراینا، کوشتنی بە ئەنقەستی دوو کەس یان زیاتر، تووندوتیژیی سێکسی و تاوانە تووندەکانی دیکەی تایبەت کە لە یاسای تاوانەکانی ئۆکراینادا هاتووە. هەروەها ئەو کەسانەش بەدەر دەکرێن کە هەوڵی کوشتنی ئەفسەرانی جێبەجێکردنی یاسایان داوە، تاوانی گەندەڵییان کردووە، بە تایبەتی ئەوانەی بەرپرسیارێتی بەرچاویان هەبووە، بۆ نموونە، وەزیرەکان، جێگرەکانیان، یاریدەدەرەکانیان و هتد.
 
رووداو: مۆسکۆ بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی ئۆکراینا بەو هیوایەی کە پیشەسازی و ئارەزووی گشتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەشکرکێشیەکەی کەم بکاتەوە. پێتوایە مۆسکۆ  دەتوانێت ئەم ئامانجە بەدەست بهێنێت؟
 
یوری ساک: ستراتیژیی مۆسکۆ بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی ئۆکراینا بە دڵنیاییەوە ئاڵنگاری بەرچاوی بەدوای خۆیدا هێناوە. هێرشەکانی ئەمدواییە کاریگەرییان لەسەر دامەزراوەکانی وزە لە سەرانسەری خارکیڤ و ناوچەی سومی و دۆنێتسک هەبووە، لە کاتێکدا نزیکەی 400 هەزار بەکارهێنەری ناوچەی سومی بێ کارەبا بوون. بەڵام زۆربەی ئەم پچڕانانە بە خێرایی بە سیستەمی پاشەکەوت چارەسەر کران. سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەکان، ئەو کارەبا بڕانە گشتییەی کە ترسی لێدەکرێت، رووینەداوە.
 
ئەو وێرانکارییەی بەسەر وزەی ئۆکراینا هاتووە بەسەر هیچ سیستەمێکی وزە لە جیهاندا نەهاتووە. زیانە داراییەکانی ئەم هێرشانە لە ماوەی مانگ و نیوێکی رابردوودا یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی زیاترە. نزیکەی 80%ی توانای بەرهەمهێنانی گەرمیمان کە گرنگە بۆ هاوسەنگکردنی باری رۆژانە لەناوچوو، شانبەشانی زیانێکی بەرچاو بە دامەزراوە کارەباییە ئاوییەکان. سەرەڕای ئەوەش، کرێکارانی وزەی ئۆکراینا ماندوونەناسانە کاریان کردووە، 24 کاژێر خەریکی چاککردنەوەن.
 
ئەم هێرشانە جەختیان لەسەر پێویستیی بەپەلە کردووەتەوە بۆ بەرزکردنەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی شارەکانمان و ژێرخانی گرنگ لە هێرشی زیاتر. بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزەمان بەڕاستی تاکتیکێکە بۆ لاوازکردنی توانا پیشەسازییەکان و مۆڕاڵی ئۆکراینا، بەڵام رۆحی گەلەکەمان و توانای بەرپەرچدانەوەی ئێمەی نەشکاندووە. ئەو خۆڕاگرییەی ئۆکراینییەکان نیشانی دەدەن، لە کرێکارانی وزەوە تاوەکو هێزە سەربازییەکانی رێگریکردن لەم هێرشانە، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە مۆسکۆ بە ئامانجی خۆی نەگەیشتووە کە بریتییە لە تێکدانی ئیرادەی ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوە و چاکبوونەوە.
 
رووداو: بارودۆخی سوپای ئۆکراینا لە مەیدانەکانی شەڕ بەرامبەر سەربازانی رووسیا چۆن هەڵدەسەنگێنی؟ نوێترین هەواڵەکانی بەرەکانی جەنگ چین؟
 
یوری ساک: سوپای ئۆکراینا سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنی بەرگرییە لە چەندین شوێنی گەرمدا، لەنێویاندا ئاراستەکانی پۆکرۆڤسک و کوراخۆڤ، کە دوژمن هێزەکانی هێرشی سەرەکی خۆی تێدا چڕکردووەتەوە. سەرەڕای باڵادەستی ژمارەیی ئەوان لە سەرباز و چەک و کەرەستەی سەربازی و هەروەها هێرشەکانی رۆژانەیان، هێزەکانمان بە تووندی پێگەی خۆیان بەدەستەوە گرتووە. ستراتیژی ئێمە لەم هەلومەرجە ئەوەیە کە هێڵەکانی بەرگریمان بپارێزین و زۆرترین زیان بە دوژمن بگەیەنین لە رێگەی تۆپخانە و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئامرازەکانی دیکەوە. بەو هۆیەوە پلانەکانیان تێک بدەین لەکاتێکدا ئێمە یەدەگەکانمان ئامادە دەکەین و بەهێزتری دەکەین.
 
ئێستا دۆخی سەر زەوی زۆر دینامیکییە، لەگەڵ بەشداریکردنی بەرچاو لە بوارەکانی وەک مارینکا، کراسنۆهۆریڤکا و ئەڤدیڤکا، گۆڕانکارییەکانی هێڵی پێشەوە زۆرن. دوژمن بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە هەوڵی شکاندنی بەرگرییەکانمان دەدات، تۆپ و تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێرشی ئاسمانی بەکاردەهێنێت بۆ پاڵنان بەرەو پێشەوە. بەڵام هێزەکانمان سەرکەوتووانە چەندین هێرشیان بەرپەرچ داوەتەوە، بەتایبەتی لە بەرەی ئەڤدیڤکا کە تەنیا لە 8ی ئایاردا 45 هێرشی دوژمن تێکشێندراون. لە شاری کراسنۆهۆریڤکا، هێزەکانی بەرگریمان ئەو گرووپە هێرشبەرانەی رووسیایان بەرپەرچداواتەوە کە هەڵیانکوتایە سەر شارەکە و لەژێر کۆنترۆڵی ئاگردا هێشتوویانەتەوە و رێگری لە پێشڕەوی زیاتریان دەکەن. 
 
لە 10ی ئایارەوە هێزەکانی ئۆکراینا چالاکانە بەرگری دەکەن لە بەرامبەر شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی رووسیا لە ناوچەی خارکیڤ. بە درێژایی رۆژ هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا بە بۆمبی فڕۆکەی رێنماییکراو ئاراستەی ڤۆڤچانسکیان کردە ئامانج و بۆردوومانی تۆپخانەی چڕتر لە شەودا دەستیپێکرد. کاژێر 5:00ی بەیانی و بۆ ماوەی کاژێرێک هێزەکانی رووسیا زریپۆشیان بەکارهێنا لە هەوڵێکدا بۆ شکاندنی هێڵەکانی بەرگریمان.
 
سەربازەکانمان بە بەرخودانی تووندی لیوا و تۆپخانەکانمان بەرەوڕووی ئەو هێرشانە بووەوە. سەرەڕای ئەگەری زیادبوونی هێزی دوژمن، دووربینی ستراتیژیی سوپای ئێمە و وەڵامدانەوەی حیسابکراو، رێگەی پێداوین بە تۆپخانەی یەکلاکەرەوە بە شێوەیەکی کاریگەر بەرپەرچی ئەم هەڕەشانە بدەینەوە، ئەمەش توانای خۆمان بۆ راگرتن و بەرپەرچدانەوەی پێشڕەوییەکانی دوژمن نیشان دەدات. بۆ بەهێزکردنی بەرگرییەکانمان لەم کەرتە گرنگەدا، یەکەکانی یەدەگ جێگیرکراون.
 
بە گشتی سەرەڕای ئەو دۆخە چڕ و ئاڵۆزە، هێزەکانمان بەردەوامن لە نمایشکردنی خۆڕاگریی نائاسایی و لێهاتوویی ستراتیژی، توانیویانە پێشڕەوییەکانی دوژمن خاو بکەنەوە و لە هەندێککاتدا بەرپەرچی بدەنەوە..
 
رووداو: لە رووی چەک و تەقەمەنییەوە بارودۆخی سوپای ئۆکراینا چۆنە؟ ئایا پشتیوانییە سەربازییەکانی رۆژئاوا بەپێی پێویستن؟
 
یوری ساک: توانای سوپای ئۆکراینا بۆ بەردەوامبوون و ئۆپەراسیۆنەکان بە شێوەیەکی گشتی پشت بە توانا دوورمەوداکان و تۆپخانە و سیستەمی بەرگری ئاسمانیمان دەبەستێت، کە زۆر گرنگە بۆ گەڕاندنەوەی خێرای ئاشتی. ئێمە بە قووڵی ئەو بەڵێنە نوێیانەی چەند وڵاتێک بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراینا لەم کاتە سەختەدا بەرز دەنرخێنین.
 
بەردەوامین لە پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە هەموو ئاستەکاندا بۆ دەستەبەرکردنی هاوکارییەکان، کە نەک تەنیا پێگەکانمان دەپارێزێت بەڵکو پلانەکانی جەنگی رووسیاش تێکدەدات. بەڵام ئێمە هێشتا چاوەڕێی ئەو یارمەتییانە دەکەین کە بەڵێنیان داوە بینێرن بۆ ئۆکراینا. ئەو هاوکارییانە زۆر گرنگن بۆ گۆڕینی بەرچاوی داینامیکی سەنگەرەکانی شەڕ.
 
دواکەوتنی گەیاندنی چەک، تەقەمەنی، یان پڕچەککردنی لیواکانمان تێچووی زۆر قورسی دەبێت، نەک تەنیا بۆ ئۆکراینا بەڵکو کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی جیهانی هەیە، کە بەدوای خۆپاراستن لە دەستدرێژی رووسیا دەگەڕێت. زۆر گرنگە پاش بڕیارە سیاسییەکان، کارە لۆجستیەکانیش بە خێرایی بکرێن بۆ دڵنیابوون لەوەی هێزەکانمان چەکی پێویست لە کاتی پێویست وەردەگرن بۆ بەردەوامبوون لە بەرگری کاریگەرانەیان. هێڵەکانی دابینکردن چەک لە شوێنی خۆیانن، بەڵام خێرایی و قەبارەی گەیاندنەکان دەبێت لەگەڵ بەپەلەیی دۆخی بەرەکانی شەڕدا بگونجێت. هەر کاتێک هاوکارییەکان گەیشتن، دەتوانین بە شێوەیەکی کاریگەر بەرپەرچی پێشکەوتنەکانی رووسیا بدەینەوە.
 
جگە لەوەش ئۆکراینا بەرهەمهێنانی چەکی ناوخۆیی بەرز دەکاتەوە بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی هێڵی پێشەوە دابین بکات. پاڵنەرێکی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی نەک تەنیا توانای بەرهەمهێنانمان بپارێزین بەڵکو فراوانتری بکەین، بە بەکارهێنانی هەردوو سەرچاوەی ناوخۆیی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی.
 
چارەسەرێکی کورتخایەن کە پێشنیاری دەکەین بۆ هاوبەشەکانمان پڕۆژەی (ZBROYARI) ئازادی بەرهەمهێنانە. ئەمە دەستپێشخەرییەکی جیهانییە بۆ کۆکردنەوەی پارە لە سەرانسەری وڵاتانی هاوبەشدا بۆ چەکی دروستکراوی ئۆکراینا بۆ سەربازەکانمان، کە چارەسەری بۆشایی گرنگی دارایی دەکات لە بەرهەمهێناندا. خەمڵاندنەکانمان ئاماژە بە کەمبوونەوەی 10 ملیار دۆلار دەکەن لە نێوان توانای بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکانی دروستکردنی چەکی ئۆکراینا و بودجەی نیشتمانی کە لەبەردەستدایە.
 
بەرژەوەندییەکی بەرچاو لەلایەن وڵاتانی ئەورووپا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاواوە هەیە بۆ هاوکاریکردن لە بەرهەمهێنانی هاوبەشی تەکنەلۆژیای بەرگری، بەتایبەتی سیستمی بێسەرنشین بۆ بەکارهێنانی ئاسمانی، دەریایی، وشکانی و ژێر ئاو. ئەم هاوکارییە نەک تەنیا بەرهەمهێنان خێراتر دەکات بەڵکو پەرە بە داهێنانی تەکنەلۆژی دەدات و هاوپەیمانییە بەرگرییەکانمان بەهێز دەکات، ئەمەش توانای ئاسایش و ئۆپەراسیۆنی درێژخایەنمان بەرز دەکاتەوە.
 
رووداو: پێتوایە ئێستا سوپای ئۆکراینا پێویستی بە چییە بۆ ئەوەی بتوانێت هاوسەنگی جەنگ لەسەر زەوی بگۆڕێت؟
 
یوری ساک: سوپای ئۆکراینا پێویستی بە پشتیوانیی بەرگریی بەردەوام و لە کاتی خۆیدا هەیە، کە توانای تێکدانی پلانەکانی رووسیا بۆ سەرهەڵدانەوە و چالاکییە هێرشبەرییەکانی ئەمساڵی هەبێت. زۆر گرنگە ئۆکراینا دەستپێشخەری هێرشبردن وەربگرێتەوە، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کە ئێستا هێزەکانی رووسیا پێگەی بەهێزیان هەیە. بەدیهێنانی ئەمەش پێویستی بە چەکی جەوهەری و پێشکەوتوو هەیە بۆ راگرتن و پێچەوانەکردنەوەی پێشڕەوییەکانی رووسیا. سەرۆک زێلێنسکی لەم دواییانەدا جەختی لە بەپەلەیی گەیاندنی خێراتری ئەم پێداویستییە سەربازییانە کردووەتەوە، کە زۆر گرنگە بۆ بەرپەرچدانەوەی کاریگەرانەی چالاکییە سەربازییەکانی رووسیا لە هەموو بەرەکاندا، لەوانەش باکوور و ناوچەکانی وەک خارکیڤ و سومی.
 
رووداو: ژمارەی کوژراوانی سەرباز و سیڤیل (بەجیا) لەسەر هەردوو لایەنی ئۆکراینا و رووسیا لە سەرەتای شەڕەوە تائێستا گەیشتووەتە چەند؟
 
یوری ساک: بەپێی دوایین ئامارەکانی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا، تاوەکو 10ی ئایاری 2024، کۆی گشتی قوربانییە سەربازییەکانی هێزەکانی رووسیا بە نزیکەی 479 هەزار و 710 سەرباز دەخەمڵێندرێت، ئەم ژمارەیە کوژراو و بریندار دەگرێتەوە.
 
لە لایەنی ئۆکرایناشەوە، ئەپدەیتی داتاکان سەبارەت بە قوربانییە سەربازییەکان بە بەردەوامی لەلایەن حکومەتەوە پێشکەش ناکرێت بۆ پاراستنی ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەکان. بەڵام سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لە 25ی شوباتی 2024دا رایگەیاند کە ئۆکراینا لە سەرەتای لەشکرکێشیەکەی رووسیاوە نزیکەی 31 هەزار سەربازی لەدەستداوە.
 
نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئۆکرانیا (HRMMU) بەڵگەی لەسەر ئەوە خستووەتەڕوو، کە لە 24ی شوباتی 2022ەوە لانیکەم 10 هەزار و 582 خەڵکی سڤیل بەهۆی تووندوتیژی پەیوەست بە شەڕەوە کوژراون و 19 هەزار و 875 کەسیش بریندار بوونە کە کۆی گشتی دەکاتە 30 هەزار و 457 کەسی مەدەنی. ئەم ژمارەیە 587 منداڵی کوژراو و 1298 بریندار لەخۆدەگرێت. ئەم ژمارانە تەنیا رووداوە پشتڕاستکراوەکان نیشان دەدەن، کە ژمارە راستەقینەکان پێدەچێت بەشێوەیەکی بەرچاو زیاتر بن بەهۆی ئاڵنگارییەکانی کۆکردنەوەی زانیارییەکان لە ناوچە چالاکەکانی جەنگدا.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە