کۆنسووڵی فەرەنسا بۆ رووداو: رەتکردنەوەی ڤیزە لە 60٪ـەوە بۆ 40٪ کەمی کردووە

08-05-2024
نمە نەبەز
هەڤپەیڤین لەگەڵ یان برێم، کۆنسوڵی فەرەنسا لە هەولێر
هەڤپەیڤین لەگەڵ یان برێم، کۆنسوڵی فەرەنسا لە هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسووڵی گشیی فەرەنسا لە هەولێر دەڵێ وڵاتەکەی ئاسانکاریی زۆری کردووە بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان داوای ڤیزەی فەرەنسا بکەن، "دەمانەوێت خزمەتگوزارییەکانمان باشتر بکەین... ئێستا لەچاو پێشوو ڤیزەی زیاتر دەدەین."  
 
یان برێم، کۆنسووڵی فەرەنسا لە هەولێر لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو باسی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان، ئاستی بازرگانی و وەبەرهێنانی فەرەنسا، بوارەکانی خوێندن و پێدانی ڤیزەی فەرەنسا دەکات.
 
یان برێم دەڵێ فەرەنسا نزیکەی 40 کۆمپانیای لە هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها "بە بەهای سێ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی راستەوخۆی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، کۆنسووڵەکەی فەرەنسا ئەوە ئاشکرا دەکات "فەرەنسا گەورەترین نەمامگە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە هەولێر دروست دەکات."
 
یان برێم سەبارەت بە پێدانی ڤیزەی وڵاتەکەی بە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات "دەمانەوێت ژمارەی پێدانی ڤیزەی فەرەنسا زیاد بکەین." 

دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ یان برێم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر:

رووداو: با بە پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان دەستپێبکەین. پەیوەندیی نێوانیان چۆن دەبینیت؟ 
 
یان برێم: پەیوەندیی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی درێژخایەن بووە. بەرلەوەی باسی ئێستا یان داهاتوو بکەین، با تۆزێک بگەڕێمەوە بۆ رابردوو. لە دەیەکانی 60 و 70ـی سەدەی پێشوودا ژمارەیەک فەرەنسایی هاتنە هەرێمی کوردستان کە رۆماننووس و کەسانی پەیوەست بە کاروباری مرۆیی بوون. بەڵام کاتێک دانیال میتران، کە لێرە پێیدەڵێن "دایکی کورد"، هاتە کوردستان، شێوەی ئەم پەیوەندییە بە تەواوی گۆڕا. ئەو، سەرۆک فرانسوا میتران، سەرۆکی ئەوکاتەی فەرەنسای قایل کرد لە کاروبارە ناوچەییەکان و کەیسی کوردستان، بەشداربێت کە لەو سەردەمەدا سەدام حوسێن ژمارەیەک تاوانی دەکرد. سەرۆک میترانیش زۆر بەشداری کرد. ئەو دەستپێشخەری و پێشنیازی دەستتێوەردانی مرۆیی و مامەڵەی سیاسی و دیپلۆماسیی کرد، کە لە ساڵی 1991ـدا بووە هۆی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایش کە رێگەی بە ئۆپەراسیۆنی گەڕاندنەوەی هیوا و "ناوچەی نەفڕین" بەسەر کوردستاندا دا. بەدڵنیاییەوە دانیال میتران لەم لایەنەوە لەگەڵ ژمارەیەک چالاکڤانی فەرەنساییدا هاوکاریی زۆریان کرد، وەک بێرنارد کوشنەر، کە چالاکڤانێکی مرۆیی بوو، هەروەها وەزیری دەرەوەیش بوو. هەروەها کەسانی وەک کانداڵ نازان کە سەرۆکی پەیمانگەی فەرهەنگی کوردیی-فەرەنساییە لە پاریس. جا بەڕاستی ئەوە پەیوەندییەکانی ئێمەی گۆڕی. سەرۆک میتران یەکەمین سەرۆکی دەوڵەت بوو کە ساڵی 1992 لە پاریس پێشوازیی لە مام جەلال و کاک مەسعود کرد. ئێستاش بە درێژایی ساڵەکان پەرەمان بەم پەیوەندییە داوە. بە دڵنیاییەوە بینیوتانە کە سەرۆکەکەمان بەردەوام گفتوگۆ و پەیوەندیی لەگەڵ سەرۆک، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی هەیە. جا ئەم پەیوەندییانە لە هەموو بوار و ئاراستەکاندان، فەرەنساییەکان سەردانی هەولێر دەکەن و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان سەردانی پاریس دەکەن. 
 
ئێستا ئێمە لە دۆخێکداین، کە دەمانەوێت بەشداریمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاد بکەین. ئێمە لە کۆنسووڵخانە تیمێکین، کە من سەرۆکایەتیی دەکەم، هەروەها تیمێکی تەواوییش لە پەیمانگەی کولتووریی فەرەنسی لە هەولێر (CFF) هەیە، ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و دوو قوتابخانەی فەرەنسایی لە هەولێر و سلێمانی و دەزگایەکی گەشەپێدانیش هەن، جگە لەوەی مامەڵەی بازرگانیمان هەیە. بۆیە هەموو ئەمانە گفتوگۆ و هاوکاریی زۆر گرنگ و بەرهەمدار دروست دەکەن. 
 
رووداو: زۆر زانیاریی گرنگت پێدام و دەیکەینە پرسیار و دابەشی دەکەین بەسەر ئەو بابەتانە کە باستکردن. با بە پەیوەندیی بازرگانیی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان دەستپێبکەین. چەند کۆمپانیای فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن؟ بەتایبەتی سەرنجیان لەسەر چ کەرتێکە؟  
 
یان برێم: نزیکەی 40 کۆمپانیامان هەن کە لە کوردستان یان لەگەڵ کوردستان کار دەکەن. ئێمە لە رێگەی سێ کەناڵی سەرەکییەوە بەشدارین؛ وەبەرهێنانی راستەوخۆ، کە بڕەکەی سێ ملیار دۆلارە و کۆمپانیای گەورەمان هەیە... 
 
رووداو: سێ ملیار دۆلار لە وەبەرهێنانی راستەوخۆدا! 
 
یان برێم: لە وەبەرهێنانی راستەوخۆدا لە هەرێمی کوردستان. ئێمە کۆمپانیای گەورەمان هەیە، وەک کارفوور کە ژمارەیەک لقی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک هەیە. هەروەها کۆمپانیای دیکەی وەک دانۆنمان هەیە کە بەرهەمە شیرەمەنییەکانی (ئەلسافی) بەرهەمدەهێنێت کە لە هەولێرە. کۆمپانیای دیکەیش هەن. هەموو ئەم کۆمپانیایانە بە نوێترین تەکنەلۆجیا کار دەکەن. هەروەها دووەم جۆری مامەڵەی بازرگانی کە هەمانە بریتییە لە گواستنەوەی تەکنەلۆجیا و زانست. ژمارەیەک کۆمپانیای ئێمە کارەکە دەکەن، لە نموونەی (کلێیا) کە لە چەمچەماڵە و رۆژانە 1200 تۆن خشتی مادەی بیناسازی  بەرهەمدەهێنن. کۆمپانیامان هەیە لە فڕۆکەخانەی هەولێر چالاکە. هەروەها پلان دادەنێین گەورەترین نەمامگە لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست بکەین کە لە سنووری هەولێر دەبێت. ئێستا چاوەڕێی پەسندکردنی کۆتایی دەکەین. شێوازی سێیەمی بازرگانیشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بازرگانیی راستەوخۆیە. لە نموونەی ئەو براندە فەرەنسییانەی لێرە بڵاون کە هەموو کەرتەکان دەگرنەوە، وەک ئۆتۆمبێلی رینۆ و جلوبەرگ، کە دەتوانی لە بازاڕی هەرێمی کوردستان دا بیانبینی، هەروەها بەرهەمەکانی وەک خۆراک و بەرهەمەکانی پاراستنی پێست و جوانکاری. بۆیە دەشێت بەرهەمەکان لە سنوورێکی فراواندا ببینرێن. 
 
رووداو: باشە. جگە لە بازرگانی، لە چ بوارێکی دیکەدا فەرەنسا دەیەوێت یان پلان دادەنێت کە پەیوەندی یان هاوکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێز بکات؟ 
 
یان برێم: ئەوەی راستی بێت، دەمانەوێت لە هەموو کەرتەکان گەشەی پێبدەین.  
 
رووداو: باسی پەیمانگەی کولتووریشت کرد؟ 
 
یان برێم: کولتوور بۆ ئێمە زۆر گرنگە. ئێمە ئەم پەیمانگە کولتوورییە فەرەنساییەمان هەیە کە لە هەولێرە. پێشانگە، کۆنسێرت، دیدار، کۆڕی میوزیک و شیعر سازدەکات، بەڵام لە بواری دیکەیش دا هەین، وەک پەروەردە کە دوو قوتابخانەمان هەیە منداڵانی کورد وەردەگرن و لەسەر بەرنامەی فەرەنسی دەڕۆن و رێگە بە قوتابییانی کورد دەدەن بۆ خوێندن بچنە فەرەنسا، هەروەها دەتوانن لە هەرێمی کوردستانیش بخوێنن. لە هەرێمی کوردستان مامۆستایانی فەرەنسی رادەهێنین تاوەکو لە قوتابخانەکان فێربوونی زمانی فەرەنسی زیاتر بکەن. 
 
هەروەها لە کەرتی دیکەی وەک شوێنەوارناسی هەین. شوێنەوارناسی بۆ ئێمە کارێكی لەپێشینەیە. ئێستا لە قەڵای هەولێر بە تیمێکی پسپۆڕەوە خەریکی هەڵکۆڵینین کە هەندێک شوێنەواری گرنگیان دۆزیوەتەوە و لە داهاتوودا پیشان دەدرێن، هیوادارم زوو بیکەن. ئەوە یەکەمین و تەنیا تیمی نێودەوڵەتییە کە لە قەڵای هەولێر کار دەکات. هەروەها لە ئامێدی پەرە بە چەند پڕۆژەیەک دەدەین بۆ ئەوەی ژمارەیەک شوێنەواری مێژوویی نۆژەنبکەینەوە کە گەشتیاران هاندەدات سەیری کەلەپووری کولتووری ئەم ناوچەیە بکەن کە کەلەپوورێکی کولتووریی زۆر گرنگە. ئێمە زۆر شانازی بەوەوە دەکەین. دوایەمینیشیان ئەوەیە؛ ئێمە لە رێگەی هاوکاری داراییەوە هێشتا بەردەوامین لە دابینکردنی پشتیوانی بۆ رێکخراوە ناحکومییەکان کە ئامانجیان یارمەتیدانی کەسانی زیانمەندە، وەک ئاوارەکان و پەنابەران لە کەمپەکان و شوێنە جیاوازەکان. 
 
رووداو: ئایا ئەو پارەیە دەدەنە رێکخراوە ناحکومییە نێوخۆییەکان یان خۆتان رێکخراوی ناحکومی فەرەنساییتان هەن، کە لە هەرێمی کوردستان کار بکەن؟ 
 
یان برێم: هەردووکیان. ئێمە هەوڵدەدەین بەڕاستی لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییە نێوخۆییەکان پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین. رێکخراوە ناحکومییە فەرەنساییەکانیش لێرەن، هەیانە لە هەشتاکانی سەدەی پێشووەوە لێرەیە و هێشتا زۆر چالاکن. ئەوان لە پێگەیەکدان کە هەوڵدەدەن لەگەڵ کۆمەڵگەی سیڤیلی نێوخۆییدا پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن. هەروەها ئێمە لە بواری مافەکانی ئافرەتان کار دەکەین. لە هەموو کەرتەکاندا دەتوانین یارمەتیی زیانمەندان بدەین تاوەکو کەمێک هەست بە باشی بکەن.  
 
رووداو: ئاماژەت بە بواری پەروەردە دا و باست لە قوتابخانەی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان کرد. ئەی خوێندنی باڵا؟ ئایا ئێستا هیچ خوێندکارێکی هەرێمی کوردستان بۆ خوێندنی باڵا لە فەرەنسایە؟ بۆ نموونە بۆ ماستەر و دکتۆرا. ئێوە یان حکومەتەکەتان چۆن یارمەتیان دەدەن؟ چۆن رێنوێنی و هاوکارییان بۆ دابین دەکەن؟ 
 
یان برێم: بە دڵنیاییەوە خوێندکاری کورد لە فەرەنسان. لە پاریس، لیل، ڤیشی و بۆردۆ هەن. بەڕاستی ئێمە تامەزرۆین لەگەڵ زانکۆی زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین. زانکۆی کوردستان-هەولێر هەندێک خوێندکار بۆ پاریس دەنێرێت بۆ کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە پاریس، کە یەکێکە لە کۆلێژە زۆر دیارەکانی سیاسەت لە فەرەنسا. خوێندکار هەن چوون بۆ بۆردۆ. لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەدین پەرە بە پەیوەندییەکانمان دەدەین. هەروەها لە زۆر بواردا مامۆستا و پرۆفیسۆری فەرەنساییمان هەن، هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، وەک مامۆستایانی شوێنەوارناسی، زانست، بیرکاری، جوگرافی و زانستە سیاسییەکان. ئێمە زیاتر سەرنجمان لەسەر ئەم بوارەیە. بۆ ئێمە زۆر گرنگە. ئێمە وەک پەیمانگەی فەرەنسایی پلانی تایبەتمان بۆ یارمەتیدانیان هەیە. بەرنامەی (کامپەس فرانس)ـمان هەیە کە خوێندکاران دەتوانن بێن لەسەر جۆرەکانی خوێندن و ئەو پشتیوانیانەی دەتوانن لە حکومەتی فەرەنسای وەربگرن، داوای زانیاری بکەن، چونکە هەندێک هاوکاری داراییمان هەن کە زۆریش نییە، بەڵام هەندێکمان هەیە. هەروەها لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس دەمانەوێت پێکەوە یاوەری کەرتی تایبەتیش بکەین، کە ئەمانیش زۆر یارمەتییان داوین. زۆر بە بەهێزی پێکەوە کار دەکەین. 
 
رووداو: باشە. فەرەنسا وڵاتێکی جوانە و زۆر کەس لە سەرانسەری جیهان حەز دەکەن هیچ نەبێت بۆ جارێکیش بێت، بیبینن، بەڵام ئەوە بۆ خەڵکی کورد قورسە کە ڤیزەی هەر وڵاتێکی ئەورووپایی و لەنێویشیاندا ڤیزەی فەرەنسا بەدەستبێنن. بۆچی ئاوایە؟ هۆی چییە؟ 
 
یان برێم: من، بە ناوی هاوکارە ئەورووپاییەکانی دیکەمەوە قسە ناکەم، بەڵام ئەوەندەی پەیوەندیی بە فەرەنساوە هەیە، بەڕاستی ئێمە دەمانەوێت خزمەتگوزارییەکەمان بۆ ئەو کەسانە باشتر بکەین کە دەیانەوێت بچن بۆ فەرەنسا و ژمارەی ئەو ڤیزەیانە زیاد بکەین کە دەیاندەین. ئەوەی راستی بێت، لە سەرەتای کانوونی دووەم لەگەڵ هەریەکە لە بەڕێزان سەفین دزەیی و ئومێد خۆشناو ناوەندێکی نوێی ڤیزەمان لە هەولێر لەگەڵ کۆمپانیایەک بە ناوی TLS کردەوە، بەڕاستی خزمەتگوزارییەکانمان بۆ داواکاران باشتر کرد و زۆر خشتەی چاوپێکەوتنمان داناون، کە دەتوانین بە ئۆنلاین بیانکەین. پیویست ناکات بچیت بۆ نووسینگەی گەشتیاری. خەڵک دەتوانن راستەوخۆ بە ئۆنلاین چاوپێکەوتن بکەن. دەتوانن بە دیناری عێراقی پارە بدەن کە ئەوە بۆ هەموو وڵاتێک بەوجۆرە نییە. هەروەها ئاسانکاریمان کردووە بۆ پۆست مەیڵ و زانیاری و بەڵگەنامەکان. ئەوەندەی پەیوەندیی بە ژمارەوە هەبێت، ئێستا لەچاو پێشوو ڤیزەی زیاتر دەردەکەین. رێژەی رەتکردنەوەی ڤیزەی فەرەنسا لە 60٪ـەوە بۆ 40٪ کەمی کردووە کە ئەوەش زۆر گرنگە. بە دڵنیاییەوە دەمانەوێت ژمارەی ڤیزە زیاد بکەین. دەمانەوێت لە فەرەنسا گەشتیارمان هەبێت. هەروەها بۆ بازرگانان پەرەمان بە پلانەکانمان داوە کە دەتوانن بچنە فەرەنسا و لەگەڵ کۆمەڵگەی بازرگانیی ئێمە گفتوگۆ بکەن، بەڵام پێویستە لەسەر ئەم کێشەیە راشکاوبم، ئێمە لەگەڵ ژمارەیەک کەس و کۆمەڵەی تاوانکاریدا تووشی سەختی دەبین، کە بە قاچاخ خەڵک بۆ فەرەنسا دەبەن. ئەوە پرسیارێکی جوان و هەستیارە، چونکە ئەو کەسانەی قوربانیی ئەم جۆرە چەتە قاچاخچییانەن ئەمە کاریان تێدەکات و کاریش لە ئاسایشی فەرەنسا دەکات. بۆیە لە پرۆسەی ڤیزەی ئێمەدا پێویستیمان بەوەیە زیاتر هۆشیار بین تاوەکو دڵنیاببینەوە لەوەی ئەو کەسانەی داوای ڤیزەی فەرەنسا دەکەن، بەڕاستی بۆ ئەو مەبەستە بۆ فەرەنسا دەچن کە لە فایلەکەیاندا بە ئێمەیان گوتووە.  
 
رووداو: با کەمێک بچینە سەر گرفتە سیاسییە نێوخۆییەکان. چۆن گرفتی نێوان حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبینن؟ هەروەها سەردانی ئەم دواییەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا چۆن دەبینن؟ 
 
یان برێم: بەڕاستی ئەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر باش بێت و دەمانەوێت هەرێمێکی کوردستانی سەقامگیر و گەشاوە و عێراقێکی سەقامگیر و گەشاوە هەبێت. ئەمە هێڵی سەرەکیمانە کە لەگەڵ باڵیۆزدا گفتوگۆی دەکەین کە زوو زوو دێتە ئێرە بۆ گفتوگۆی بابەتەکە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان. ئەوە کاری لەپێشینەی دیپلۆماسیەتی فەرەنسایە کە دڵنیاببێتەوە لەوەی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا باشە، ئەوەش لەبەر هۆی ئابووری و سەقامگیری تەواوی ناوچەکە و هۆکاری ئەمنی. بۆیە گفتوگۆ لەم بوارەدا زۆر گرنگە. دەبێت هانی هەموو ئەو دەستپێشخەرییانە بدەین کە وادەکەن سەرکردە سیاسییەکان پێکەوە گفتوگۆ بکەن و چارەسەری کۆنکرێتی و شوێنی هاوبەش بدۆزنەوە تاوەکو دڵنیاببنەوە لەوەی گرفتەکان ناهێڵرێن. لەم بوارەدا هەوڵەکانی سەرۆک نێچیرڤان و هەوڵەکانی هەموو سەرکردە سیاسییەکان مایەی دەستخۆشین و خۆم و باڵیۆز و سەرکردە سیاسییەکانمان لە پاریس پشتیوانییان دەکەین. 
 
رووداو: هەڵوێستتان لەبارەی دواخرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان چییە؟ 
 
یان برێم: بەڕاستی ئێمە بیرۆکەی هەڵبژاردن دەنرخێنین. بۆ ئێمە ئەوە ئامانجێکی سەرەکییە کە هەڵبژاردن بکرێت تاوەکو رەوایی زیاتر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات و بتوانێ بەسەر ئەو گرفتانەدا زاڵ بێت کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و جیهان هەن. تۆ تەنیا سەیری ناوچەکە بکە، پێکدادانی ناوچەیی و گرفتی ئەمنی و قەیرانی کەشوهەوا و گرفتی ئابووریمان هەیە. بۆیە حکومەتێکی شەرعی بەڕاستی دەتوانێت لە چارەسەری ئەم گرفتانەدا بەشداربێت. ئێمە لە دیدگەی سیاسییەوە زۆر پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەکەین، هەروەها لە دیدگەی ئابوورییشەوە پشتیوانی دەکەین، چونکە نیو ملیۆن یۆرۆمان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان تەرخانکردووە تاوەکو پشتیوانی لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن. 
 
ئەوەی راستی بێت، ئێمە زۆر پشتیوانی لە هەڵبژاردنێکی یاسایی دەکەین. دەمانەوێت هەر کە دۆخەکە گونجاو بوو، هەرچی زووە بکرێت تاوەکو رێگە بەم پرۆسە گشتگیرە و هەڵبژاردنێکی دادوەرانە و ئازادانە بدرێت.  
 
رووداو: فەرەنسا لە سەرانسەری جیهان بە مێژووە دەوڵەمەندەکەی و کولتوورەکەی و زۆر چالاکیی جیاواز بەنێوبانگە، کە ساڵانە لە وڵاتەکەدا دەکرێن. ئەم ساڵ چ رووداوێکی گەورە چاوەڕێی فەرەنسا دەکات؟  
 
یان برێم: زۆر سوپاس بۆ ئەم پرسیارە. بە دڵنیاییەوە ئێمە مانگە پڕ لە چالاکییەکانمان لە پێشن. سەرەتا لە 6ـی حوزەیران 80ـیەمین ساڵیادی D-dayـمان هەیە لە نۆرماندی کە ئاهەنگێکی گەورە سازدەکرێت و سەرکردەکانی دەوڵەت دێن، بەڵام بەر لە هەر شتێک، یارییەکانی ئۆڵۆمپیادمان هەیە کە لە 26ـی تەممووزدا دەستپێدەکەن و، رووداوێکی جیهانییە، دەستپێکەکەی نمایشە لەنێو شاری پاریس لای رووباری سێن. سەیرکە، 300 هەزار سەردانیکەر، 10 هەزار وەرزشڤان لە رووباری سێنەوە دەکەونە رێ و بە لای کەنیسەی نۆتردام دا دەڕۆن بۆ مۆزەخانەی لوڤر، لەوێشەوە بۆ لای بورجی ئێفێل و باڵەخانەی ترۆکادێرۆ. بۆیە رووداوێکی کاریگەر دەبێت. بەڕاستی ئێمە تامەزرۆین گەشتیاری زیاتر بێن. ئەم هاوینە پێشبینیی هاتنی ملیۆنان گەشتیار دەکەین بۆ فەرەنسا و، بەدڵنیاییەوە یارییەکان لە سەرانسەری جیهاندا پەخش دەکرێن. پێموایە چێژی زۆری لێ وەردەگرین.  
 
رووداو: ئێمەش لەوێ دەبین. پەیامنێرمان لە فەرەنسا دەبێت. هیوای بەختێکی باش بۆ ئێوە و وڵاتەکەتان دەخوازم لەم رووداوە گەورانەی ئەم ساڵ روودەدەن. باسی زۆر شتی گرنگمان کرد. دوایین پرسیارم ئەوەیە: چ هەستێکت هەیە کە نوێنەری فەرەنسایت لە هەولێر و هەرێمی کوردستان؟ 
 
یان برێم: ئەمە بەرپرسیاریێتیێکی زۆر گرنگە. پێشتر باسی رابردووی پەیوەندیی نێوان کورد و فەرەنساییەکانمان کرد. بۆیە ئەمە بەرپرسیاریێتیێکی زۆر گەورەیە. هەروەها من سەرۆکی تیمێکی کارمەندی فەرەنساییم، بەڵام کوردیش لەگەڵمان کار دەکەن و کارێکی زۆر سەرنجڕاکێش دەکەن. ئەمە بەرپرسیاریێتییە، بەڵام شانازییشە، چونکە پەیوەندییەکانمان زۆر بەهێزن. سەرکردەکانمان پەیوەندیی بەردەوامیان هەیە. هەروەها لەو پەیوەندییانەی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان هەمبووە، وەک کاک مەسعود بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و هەموو سەرکردە سیاسییەکانی دیکە، زۆر هەستم بە گەرموگوڕی کردووە بۆ هەر شوێنێک چووبم. بۆیە زۆر دڵخۆشم کە لێرەم. خەڵكی زۆر میواندۆستن. ئەمە بەرپرسیاریێتیێکی گەورەیە، هەروەها مایەی دڵخۆشییەکی گەورەیە.  
 
رووداو: باسی ئۆڵۆمپیادمان کرد کە ئەمساڵ لە فەرەنسا دەکرێت. ئەم ساڵ چ پلانێکی دیاریکراوتان بۆ ئۆڵۆمپیاد هەیە؟ 
 
یان برێم: با شتێکت پیشان بدەم کە هێمای یارییە ئۆڵۆمپییەکانە کە گوزارشتە لە کڵاوی (فریجن) کە لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە لەسەر دەکرا ... 
 
رووداو: واتە ئەمە کڵاوێکی سیمبوولییە. 
 
 یان برێم: زۆر راستە. ئەمە لەلایەن شۆڕشگێرانی ساڵی 1789ـەوە لە سەر دەکرا. ئەمە بۆ ئێمە گرنگییەکی زۆر گەورەی هەیە. شتێکی زۆر جوانە.  
 
رووداو: بەڕاستی جوانە. دەتوانم بیبینم ... 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر

گرەیەم بارکەر بۆ رووداو: لە شانەدەردا دۆزیمانەوە نیاندەرتاڵەکان بە ئاگر چێشتیان لێناوە و پێکەوە نانیان خواردووە

پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر، سەرۆکی تیمی شوێنەوارناسی لە ئەشکەوتی شانەدەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە دۆزینەوەی کەلەسەری ژنێکی نیاندەرتاڵ لە ساڵی 2018دا (شانەدەر زێد) زۆر گرنگە بۆ کوردستان، ئەو بەڵگەفیلمەی لەلایەن بی بی سیی بەریتانی بەرهەمهێنراو لە نێتفلێکس دا بڵاوکرایەوە "وای لە کورد کرد گرنگی کەلەپوورە دەوڵەمەندەکەی بۆ دەربکەوێت. کورد ئەویان وەک دایکی خۆیان داناوە. ئەوە شتێکی سەرنجڕاکێشە کە ببینی چۆن (شانەدەر زێد) و نیاندەرتاڵ بوونەتە بەشێک لە ناسنامەی کورد. پێموایە ئەوە بەشی یەکەمە، چونکە مانای وایە کورد بۆی دەردەکەوێت کە نەک تەنیا (شانەدەر زێد)، بەڵکو ئەشکەوتی شانەدەریش چەندە گرنگە". پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر دەڵێ پێویستە کەیسێک لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر ئامادەبکرێت " بۆ یونسکۆ تاوەکو ئەشکەوتەکە ببێتە شوێنێکی کەلەپووریی جیهانی".