رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە بەیانی پێنجشەممە، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بەرەو سعودیە بەڕێبکەون. وەزارەتی ئەوقافیش رایدەگەیەنێت، تەواوی خزمەتگوزارییەکان لە مەککە ئامادەکراون و تەنانەت شێفی کوردی بۆ ئامادەکردنی ژەمەکان دابینکراوە.
رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی پرۆسەی حەج، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی (رووداو) کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "سبەی کاژێر 09:30ـی بەیانی، یەکەم کاروانی حاجییان لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو سعودیە بەڕێدەکەون. لیژنەکانی پێشوازیی وەزارەت لە فڕۆکەخانەی (جەددە) جێگیر کراون بۆ ئەوەی بە کەمترین ماندووبوون حاجییان بەرەو شوێنی حەوانەوەیان لە مەککە بگوازنەوە."
ئەمساڵ 5,120 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە فەریزەی حەج جێبەجێ دەکەن. بۆ گواستنەوە و خزمەتکردنیان 105 کۆمپانیا راسپێردراون، کە هەر کۆمپانیایەک بەرپرسیارێتیی 49 حاجی لە ئەستۆ دەگرێت.
سەبارەت بە rێکارە ئەمنییەکانی سعودیە، رۆژگار جەعفەر هۆشداری دەدات و دەڵێت: "رێکارەکان ئەمساڵ زۆر تووندن؛ تەنانەت داوای ناسنامە لە ئێمەش وەک دەستەی کارگێڕی دەکرێت. تەنیا ئەو کەسانەی ڤیزای فەرمی یان رێپێدانی(تەسریحە)یان هەیە، دەتوانن بچنە ناو شاری مەککە."
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی حەجی ئەمساڵ، دابینکردنی خواردنی کوردییە. بەرپرسی راگەیاندنی پرۆسەکە داوا لە حاجییان دەکات "هیچ جۆرە وشکەواڵە و خواردنێک وەک کولیچە و خورما لەگەڵ خۆیان نەهێنن، چونکە باشترین جۆری خواردن دابینکراوە و شێف و کابانە شارەزاکانی هەرێمی کوردستان لە مەککە ئامادەن بۆ ئەوەی ژەمەکان بە تام و چێژی کوردی ئامادە بکەن."
رۆژگار جەعفەر دڵنیایی دەداتە کەسوکاری حاجییان کە هەموو ژمارە تەلەفۆنەکانی لیژنەکان و کۆمپانیاکان کراوەن و دەڵێت: "ئێمە لێرە وەک خزمەتکار و لە جیاتی کوڕ و کچەکانیان لەگەڵ حاجییانین و هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتکردنیان دەیکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ