رووداو دیجیتاڵ
وەک هەموو قوتابییانی رۆژئاوای کوردستان، هەر بەیانییەک بە دەنگی بەرز و بە یەکدەنگ، سروودی نیشتمانیی "ئەی رەقیب" دەڵێنەوە. نزیکەی 10 ساڵە لەو ناوچەیە دا پرۆسەی خوێندن بە زمانی کوردی دەستی پێ کردووە و بووەتە زمانێکی سەرەکی لە ناوەندەکانی خوێندن دا.
تەمەنی نەسرین هاوشانی تەمەنی قەیرانی سووریایە؛ کاتێک تەمەنی گەیشتە 7 ساڵان، قوتابخانەکان بەتەواوی بوونە کوردی، هەر بۆیە ئەو لە پۆلی یەکەمەوە بە زمانی دایکی دەستی بە خوێندن کردووە.
فادیە عومەر، کە مامۆستایە، لەم بارەیەوە دەڵێت: "9 ساڵە من مامۆستام و نزیکەی 900 قوتابیم فێری خوێندن کردووە. هیوامان وایە زمانەکەمان بگاتە ئاستی جیهانی و لە هەموو شوێنێک بناسرێت. ئەمە زمانێکی زۆر دێرین، دەوڵەمەند و خۆشە، ئێمە شانازیی پێوە دەکەین."
سەبارەت بە وانەکانیان، نەسرین جزیری، قوتابی، دەڵێت: "یەکەم وانەی ئێمە زمانی کوردی بوو، پاشان جوگرافیا و مێژوو. ڕۆژانە 5 کاتژمێر وانە دەخوێنین، سێ کاتژمێریش وانەی عەرەبی و ئینگلیزیمان هەیە."
نەسرین ئێستا لە پۆلی 10ـەیە، هێندە بە کوردییەکی رەوان و پاراو قسە دەکات، زۆرجار لە ماڵەوە دەبێتە مامۆستای دایک و باوکی و هەڵە زمانەوانییەکانیان بۆ راست دەکاتەوە.
ئامینە خەلیل، دایکی نەسرین، باسی ئەو گۆڕانکارییە دەکات و دەڵێت: "پێشتر کە خوێندن بە کوردی نەبوو، هەندێک کەس لە ماڵەوە بە نهێنی پیتە کوردییەکانیان دەخوێند. کاتێک شۆڕش دەستیپێکرد، زۆر کەس دەیانگوت منداڵەکانمان نانێرین بۆ خوێندنی کوردی، بەڵام من بە کچەکەم گوت کوردی زمانی دایکی ئێمەیە. ئێستا ئەو هەڵەی زمانەوانیم بۆ ڕاست دەکاتەوە؛ بۆ نموونە من دەڵێم (حیوان) ئەو دەڵێت بڵێ (ئاژەڵ یان لاور). من دەمگوت (زڵزەلە) ئەو وتی بڵێ (بوومەلەرزە). تەنانەت پێم دەڵێت چیتر پێم مەڵێ (ماما)، بڵێ (یادێ)."
نەسرین هێندە خولیای زمانی کوردییە، نایەوێت بە هیچ زمانێکی دیکە لە خوێندن بەردەوام بێت و پلانی داهاتووشی بۆ ئەو مەبەستەیە، ئەو دەڵێت: "بە ڕاستی خوێندن بە زمانی عەرەبی دوا هەڵبژاردەی منە. ئەگەر ناچار بم، ڕوو لە باشووری کوردستان دەکەم بۆ ئەوەی لەوێ بەردەوامی بە خوێندن بە زمانی کوردی بدەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ