رووداو دیجیتاڵ
رەوتی هەڵوێست، یەکگرتوو، کۆمەڵی دادگەری پێکەوە و یەکێتی بەجیا داواکارییەکانی خۆیان بۆ حکومەتی نوێ لەیەک کۆوبونەوە دەدەنە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە داواى کردووە لیژنەیەکی چوار کەسی لەنێوان ئەو لایەنانە پێکبهێنرێت بۆ تاوتوێکردنی داواکارییەکان. سێ لایەنە کوردستانییەکە دەڵێن: "وەفدەکە تەنیا نوێنەرایەتیی خۆی کردووە و لە ژێر سەرۆکایەتیی هیچ کەس و لایەنێکی دیکەی کوردستانییدا نەبووە."
پێشکێشکردنی ئەو داواکارییانە لە کۆبوونەوەیەکدا بووە کە ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی ئایاری 2026، لەگەڵ شاندی باڵای هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا کرا.
جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کە بەشدار بوو لە کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە وەک یەکگرتوو، کۆمەڵی دادگەری و رەوتی هەڵوێست پڕۆژەی خۆمان پێشکێشی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد و یەکێتییش لە هەمان کۆبوونەوەدا بەجیا پڕۆژەی خۆی پێشکێش کرد."
شاندی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی دەرباز کۆسرەت رەسول، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیەدا کردووە و داواکارییەکانی خۆیان پێشکێشکردووە. فراکسیۆنەکانی هەڵوێست، یەکگرتوو، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایانگەیاند، کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بانگهێشتی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی کردووە بەمەبەستی وەرگرتنی پڕۆژەکانیان بۆ کارنامەی حکومەتی داهاتوو لەگەڵ بەرکەوتەی لایەنەکان لەو حکومەتەدا.
ئەو فراکسیۆنانە دەڵێن: "ئێمەش بەجیا وەک سێ فراکسیۆنی سەربەخۆ (هەڵوێست و یەکگرتوو و کۆمەڵ) بەرنامەی هاوبەشی خۆمان پێشکێش کرد و لەلایەن لیژنەی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە پێشوازی لێکرا، وەفدەکە تەنیا نوێنەرایەتیی خۆی کردووە و لەژێرسەرۆکایەتیی هیچ کەس و لایەنێکی دیکەی کوردستانییدا نەبووە."
ئەو روونکردنەوەیە دوای ئەوە بوو کە میدیای فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوی کردەوە کە شاندی لایەنە کوردستانییەکان لەو کۆبوونەوەیەدا بە سەرۆکایەتیی دەرباز کۆسرەت رەسول لەگەڵ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەتەوە.
عەلى حەمە ساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت: "نابینە بەشێک لە هیچ شاند و بەرنامە و پڕۆژەیەکی یەکێتی و پارتی. وەک هەڵوێست، یەکگرتوو، کۆمەڵ 10 کورسیمان هەیە، نووسراوی فەرمی کراوە وەک خۆمان وەزارەتمان دەدرێتێ سەرچاوم، ئەگەرنا لە رێگای پارتی و یەکێتی نە وەزارەت و نە هیچ پۆستێکمان ناوێت، بڕیاربوو سەرجەم حیزبەکانی هەرێم بۆ بەرنامەو ماف و بەرکەوتەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی کۆببنەوە، کەسیش سەرۆکی وەفد نییە، نەک بچینە وەفدێک یەکێتی سەرۆکایەتی بکات"
بڕیارە کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق لە چەند رۆژی داهاتوودا رادەستی پەرلەمان بکرێت، وەک دەستپێک بۆ پێشکێشکردنی کابینەی حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی بۆ ئەوەی دواتر دەنگی لەسەر بدرێت.
جەمال کۆچەر رایگەیاند، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێشنیازیان کردووە، کە لیژنەیەک دروست بکرێت دوو ئەندامی لەو هاوپەیمانییەتییە و دوو ئەندامەکەی دیکە لە یەکێتی و سێ لایەنە کوردستانییەکە بن، بۆ ئەوەی تاوتوێی پێشنیازەکان بکرێت و ئەوەی گونجاوە لە کارنامەی حکومەتی نوێدا جێگەی بکرێتەوە.
بەگوتەى جەمال کۆچەر، پێیانگوترا داواکاریی لایەنە کوردستانییەکان زۆربەیان لەیەکدی نزیکبوون و ئەوەی بە خاڵێکی دڵخۆشکەر وەسف کرد.
کارنامەکەی یەکگرتوو، کۆمەڵی دادگەری و رەوتی هەڵوێست 20 خاڵە، تایبەتن بە پرسی مووچە، پەرەپێدانی یاسای نەوت و گاز، دابینکردنی دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان بە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە، کردنەوەی لقی بانکەکانی رافیدەین و رەشید، کاراکردنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی مادەی 140 بەگوێرەی میکانیزمێکی نوێ، دروستکردنی بەنداو و پڕۆژەی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ