رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، پێنج سەرباز لە ئەشکەوتێکی باشووری کوردستاندا بەهۆی گازی میسانەوە مردوون.
سەربازێکی سوپای تورکیا بەناوی نووری مەلیح بۆزکوڕ، رۆژی 28-5-2022 بە هۆی دەستڕێژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کوژرابوو.
ئێستا کە بەهۆی بوونی پرۆسەی چارەسەرییەوە دۆخەکە ئارامترە، سەربازانی سوپای تورکیا بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو سەربازە ئەمڕۆ یەکشەممە 6-7-2025 چوونەتە ئەو ئەشکەوتە.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، 19 سەرباز بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو سەربازە چوونەتە نێو ئەشکەوتەکە، بەڵام ئەو سەربازانە بەهۆی گازی میسانەوە کاریگەر بوون و لە ئاکامدا پێنج لەو سەربازانە بەهۆی هەڵمژینی بڕی زۆری گازەکە، مردوون.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، ئەوکاتە تەواوی ناوچەکەیان کۆنترۆڵ کردبوو، بەڵام نەیانتوانیبوو تەرمی ئەو سەربازە بدۆزنەوە.
بەرەبەیانیی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 تورکیا لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی "چنگ - قوفڵ" بۆ سەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستیپێکرد و شەڕ و پێکدادانی زۆر لە نێوانیاندا روویدا.
گازی میسان چییە؟
یەکێک لە گازە سروشتییە ژەهراوییەکانە کە توانای سووتانی بەرزە.
هێما کیمیاییەکەی (CH4)ــە و بێ رەنگ و بۆنە.
میسان یەکێک لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی گازی سروشتییە و لە بەرهەمهێنانی وزەشدا گرنگیی زۆری هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ