رووداو - هەولێر
فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد دەڵێت، 10 رۆژە بۆردوومانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان و ناوچە سنوورییەکان بەردەوامە و زیاتر لە 10 گوند چۆڵکراون.
لیوا بەهرام عەریف یاسین، فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی، ئێران لە بۆردوومانەکانیدا چەکی قورس و درۆنی خۆکوژ و مووشەک بەکاردەهێنێت، بۆ ئەو هێرشانە هیچ پاساوێکی نییە، ئەمەش پێشێلکارییەکی روونە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێزانەی ماوەیەکی زۆرە لەو ناوچانەن، رێزیان لە سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان گرتووە و هیچ هێرشێکیان لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە نەکردووەتە سەر ئێران و نەبوونەتە هۆی سەرئێشە و پشێوی.
لیوا بەهرام گوتیشی، بەهۆی ئەم تۆپبارانەی دواییەوە، زیاتر لە 10 گوند چۆڵکراون و دانیشتووانەکەی ماڵیان گواستووەتەوە بۆ شارەکان.
فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد جەختیکردەوە کە پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان ئەرکی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و سنوورەکان بە باشی پارێزراون تەنانەت یەک گولـلەش لە هەرێمی کوردستانەوە بە ئاراستەی ئێران نەتەقێنراوە.
لیوا بەهرام دەشڵێت، بۆردوومانەکانی ئێران بوونەتە هۆی تێکدانی ئەمنیەت و ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان، هیچ لیژنەیەکی حکومەتی ناوەندی نەهاتووەتە ناوچەکە و بەدواداچوونیان بۆ بۆردوومانەکان نەکردووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا لە گفتوگۆدان بۆ راگرتنی تۆپبارانەکان، بەڵام هەڵوێستەکانی حکومەتی عێراقی لە ئاستی پێویستدا نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ