ئەو کچە رۆژنامەڤانەی لەلایەن مامۆستایەکی زانکۆ 'قسەی نەشیاو'ـی بەرامبەر کرا دەڵێت سکاڵام تۆمارنەکردووە

06-11-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی دەکات لیژنەیەکی بەدواداچوون بۆ گوتەکانی مامۆستایەکی زانکۆکە پێکبهێندرێت، کە "قسەی نەشیاو"ـی بە کچە رۆژنامەڤانێک گوتبوو، ئەو کچە رۆژنامەڤانە و سەرنووسەری دەزگاکەشی دەڵێن، هێشتا سکاڵای یاساییان تۆمارنەکردووە و چاوەڕێی رێکارەکان دەکەن.
 
رۆژی دووشەممە، 6-11-2023، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بەپێی نووسراوێک بە ژمارە 1437، وەزارەتی خوێندنی باڵا داوای کردووە، "کارى پێویست ئەنجام بدەن بە پێکهێنانى لێژنەیەکى تایبەت بۆ بەدواداچوونى گوتەکانى ئەو مامۆستایەى زانکۆى سلێمانى کە لە چاوپێکەوتنێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و وشەى نەشیاوى بەکارهێناوە بەرامبەر خانمێکى رۆژنامەنووس دوور لە داب و نەریت و پیشەکەى خۆی."
 
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی، زانکۆى سلێمانى راسپاردووە هەر کات لێکۆڵینەوەکان تەواوبوون ئاگادارییان بکاتەوە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان.
 
رۆژی یەکشەممە، 5-11-2023، لەکاتی رووماڵکردنی گردبوونەوەی مامۆستایان لە سلێمانی کە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک دەبێت بەردەوامە، کچە رۆژنامەڤانێک بەناوی شەونم مەحموود، لەو کاتەی دەیەوێت بۆچوونی مامۆستایەکی زانکۆ وەربگرێت، مامۆستاکە بە کچەکە دەڵێت "ئێوە راستگۆ نین و یەکێتی و پارتی ئێوەشی ترساندووە. هاتووی خۆت دەربخەی و خۆت جوانکردووە و هاتووی لەم ناوەدا ئەگەڕێی بەڵکو یەکێک بتبینێت شوو بکەیت بۆ خۆت."
 
قسەکانی ئەم مامۆستایەی زانکۆ، زۆر بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و کاردانەوەی زۆری خەڵک بە تایبەتی رۆژنامەڤانان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤی بەدواداهات و سەرکۆنەی قسەکانی ئەو مامۆستایەی زانکۆی سلێمانییان کرد.
 
لەبارەی ئەو قسانەی ئەو مامۆستایە کە مامۆستای کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانییە، سەندیکای رۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەڤانان هاتنە سەر هێڵ و قسەکانیان بە "نەشیاو" ناوبرد.
 
رۆژی دووشەممە، 6-11-2023، شەونم مەحموود، کچە رۆژنامەڤان لە دەزگای مۆجۆ کورد، کە بە گوتەی خۆی زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت کاری میدیایی دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رووداوەکە دوێنێ کاژێر 11ـی پێشنیوەڕۆ بوو، کاتێک ئێمە بۆ رووماڵکردنی خۆپێشاندانی مامۆستایان چووین، ئەو مامۆستایە قسەی نەشیاوی کرد، من هێشتا سکاڵام نەکردووە، نە خۆم و نە دەزگاکەم، چاوەڕوانین بزانیان رێوشوێنەکان لەبەرامبەر ئەو مامۆستایە چی دەبێت و چی دەکرێت، دواتر بڕیار دەدەین سکاڵا بکەین یان نا."
 
لە بڕگەی پێنجەمی مادەی حەوتەم لە یاسای كاری رۆژنامەگەری ژمارە 35ـی ساڵی 2007دا هاتووە، "هەر كەسێك بەهۆی كارەكەیەوە سوكایەتی بە رۆژنامەنووس بكات، یان دەستدرێژی بكاتە سەر، ئەوا هەمان ئەو سزایە دەیگرێتەوە كە بۆ دەستدرێژیكردنە سەر فەرمانبەرێك لە كاتی یان بەهۆی بەجێهێنانی ئەركەكانی دانراوە."
 
رەزوان زەڵمی، سەرنووسەری دەزگای مۆجۆ کورد، بە رووداوی گوت، "ئەوەی کراوە بێڕێزییە بەرامبەر بە رۆژنامەنووسێکی ئێمە، هێشتا وەکو دەزگا سکاڵامان نەکردووە، بەڵام بەهەموو شێوەیەک بەرگری لە کارمەندەکەی خۆمان دەکەین."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو بەشێک لە کەسوکاری ئەو مامۆستایەی ڤیدیۆکەی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوبووەتەوە، داوایان لە دەزگاکە و ئەو کچە رۆژنامەنووسەش کردووە کەیسەکە دابخەن.
 
بەگوێرەی ئاماری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان زیاتر لە شەش هەزار رۆژنامەڤانی "کارا" ئەندامی سەندیکان، زیاتر لە هەزار و 600 دەزگای راگەیاندنیش لە سەندیکاکە تۆمارکراون؛ زیاتر لە 950 گۆڤار و رۆژنامە، زیاتر لە 300 کەناڵی تەلەڤزیۆنی؛ زیاتر لە 250 رادیۆ و نزیکەی 100 ماڵپەڕی تۆمارکراویش لە سەندیکا هەن.
 
بەپێی راپۆرتەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023دا، 41 پێشێلکاری بەرامبەر 80 دەزگا و رۆژنامەنووس کراون کە بەم شێوەیە بووە:
 
دەستگیرکردن: هەشت رۆژنامەنووس
 
رێگەنەدان بە رووماڵ و جیاکاری: 20 حاڵەت
 
هێرش و سووکایەتی: شەش حاڵەت 
 
هەڕەشە: یەک حاڵەت
 
شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی و دەستبەسەرداگرتن: 4 حاڵەت
 
لێدان: دوو رۆژنامەنووس

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.