قایمقامی هەولێر: کێشەی کەمئاویی بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر چارەسەر کرا

06-12-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای دروستبوونی کێشەی ئاو بۆ چەند گەڕەکێکی هەولێر، قایمقامی شارەکە دەڵێت، کێشەکە چارەسەر کراوە.
 
رۆژی سێشەممە، 6-12-2022، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای ئەوەی نزیکەی دوو رۆژ چەند گەڕەکێکی هەولێر کێشەی کەمیی ئاویان بۆ دروستبوو، کێشەکەیان چارەسەرکرا.
 
قایمقامی هەولێر گوتی، هەر گەڕەکێک لەو دوو رۆژەدا کێشەی کەمیی ئاوی بۆ دروستبووبێت، ئەمڕۆ ئاوی بۆ گەڕاوەتەوە و گوتیشی، "هۆکارەکە چاکسازیی بووە لە ئیفرازی سێ و کارەکانی تەواو بووە".
 
هەرئەمڕۆ سێشەممە، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەژێر شەقامی 120 مەتری، بۆری دانرابوون و ئامادەکرابوون، تەنیا پێکەوە گرێدانیان پێویست بوو. ئەوە هۆکاربوو بۆ ئەو کێشەیە و ئەویش تەواو بوو".
 
بۆریی ئاوی ئیفراز سێ کەوتووەتە باکووری شاری هەولێر و نزیکەی 40%ـی ئاوی شاری هەولێر کە بریتین لە گەڕەکەکانی باکوور و رۆژئاوای شارەکە دابین دەکات. گەڕەکەکانی زانکۆ، باداوە، فەرمانبەران، ئیسکان و چەند گەڕەکێکی دیکە لەگەڵ شکانی ئەو بۆرییەدا رووبەڕووی کێشەی نەبوونی ئاو دەبنەوە.
 
پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ 15 ساڵە دروستکراوە و رۆژانە نزیکەی 240 ملیۆن لیتر ئاو دابین دەکات. هەر جارێک بۆریی ئاوی ئیفراز سێ بشکێت، لە هەر کاژێرێکدا نزیکەی 10 هەزار مەتر سێجا ئاو بەفیڕۆدەچێت.
 
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە. ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاوکارییەکە بە هاوئاهەنگی نێوان دەزگای خێرخوازی بارزانی و کارگەی ئیستەنبووڵ بۆ پەردە بووە.

پەردە بۆ زیاتر لە 500 ماڵی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی شۆڕش دابینکرا

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاریی کارگەیەکی دروستکردنی پەردە، بۆ زیاتر لە 500 ماڵی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی چەمچەماڵ، پەردە دابین دەکات. بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی دەزگا خێرخوازییەکە دەڵێ، هاوکارییان بۆ زیانلێکەوتووان بەردەوام دەبێ.