ئەنفلەوەنزا و پیسی هەوا خوێندن لە رۆژهەڵاتی کوردستان رادەگرن

06-12-2025
نووسەران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیاری لیژنەکانی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سبەی یەکشەممە لە هەر پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان ناوەندەکانی خوێندن کرایە پشوو. 
 
لیژنەی دۆخی لەناکاو و پیسی هەوای پارێزگای ورمێ، ئێوارەی شەممە 06-12-2025 رایگەیاند، بەهۆی پیسی هەوا ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی و خولەکانی پەروەردەیی لە شارەکانی ورمێ، نەغەدە و مهاباد رۆژی یەکشەممە پشوو دەبن.
 
لیژنەکە داوا لە خەڵکی پارێزگای ورمێ بەتایبەت منداڵان، ژنانی دووگیان، بەساڵاچووان و ئەوانەی نەخۆشیی دڵ و هەناسەدانیان هەیە، رۆژی یەکشەممە لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە و تەواوی چالاکییە وەرزشییەکانی دەرەوەی شوێنە داخراوەکانیشی قەدەخە کردووە. 
 
لیژنەی دۆخی لەناکاو و پیسی هەوای پارێزگای ورمێ بڕیاریداوە، چالاکیی هەموو کارگە و یەکە پیشەسازییەکان لە 50 کیلۆمەتریی شارەکانی ئەو پارێزگایە کە سیستمی خاوێنکردنەوەی دووکەڵیان دانەناوە، رابگیرێت.
 
لە پارێزگای کرماشانیش قوتابخانە و زانکۆکان کرانە پشوو. عەلیڕەزا حەیدەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی کرماشان رایگەیاند، بە ئامانجی پاراستنی تەندروستیی قوتابییان و خوێندکارانی زانکۆ و پچڕاندنی زنجیرەی گواستنەوەی پەتای ئەنفلەوەنزا، بڕیاریان داوە رۆژی یەکشەممە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دابخەن. بەپێی بڕیارەکە، هەروەها ئەو ژنانەی فەرمانبەرن و منداڵیان لە باخچەی ساوایان و دایەنگەیە، دەتوانن دەوام نەکەن و لە ماڵەوە کارەکانیان رایی بکەن.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای کرماشان، یەکشەممە لەو پارێزگایە خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین دەبێت. 
 
لە پارێزگای سنە سێ رۆژ پشوو راگەیێندراوە. بەپێی راگەیێندراوی پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگای سنە، قوتابخانە و زانکۆکانی ئەو پارێزگایە تاوەکو دووشەممە دادەخرێن بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەنفلەوەنزا. بە بڕیاری پارێزگاری سنە، ئەو فەرمانبەرە ژنانەی منداڵی بچووکیان هەیە، یان منداڵەکانیان تووشی پەتای وەرزی بوونە و ئەوانەشی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، رۆژانی شەممە و یەکشەممە و دووشەممە دەتوانن دەوام نەکەن.
 
لیژنەی پاراستنی تەندروستیی خەڵک لە پارێزگای ئیلامیش شەوی هەینی 05-12-2025 رایگەیاند، رۆژانی شەممە و یەکشەممە سەرجەم داینگە، باخچەی ساوایان و هەروەها قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە پشوو دەبن بە ئامانجی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای ئەنفلەوەنزا. بڕیاری پشوو لە پارێزگای ئیلام، زانکۆکان ناگرێتەوە.
 
ناوەندی پێشگرتن و هاوئاهەنگیی و کۆنترۆڵی قەیرانەکان لە پارێزگاریی لوڕستانیش شەوی هەینی رایگەیاند، بۆ پچڕاندنی زنجیرەی بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزا لەو پارێزگایە، رۆژانی شەممە و یەکشەممە و دووشەممە تەواوی ناوەندەکانی خوێندن لەو پارێزگایە دادەخرێن و خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت.
 
مامۆستایەکی قوتابخانە لە سنە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کاتی داخرانی قوتابخانەکاندا قوتابییان وانە ناخوێنن و بۆ ئەوەی بە ناوی پشوو تەواو نەبێت، داودەزگا حکومییەکان دەڵێن، خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت، بەڵام لە راستیدا پشووە و هیچ چالاکییەکی پەروەردەیی بەڕێوەناچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."