رێکخراوێک لە ئەفریقیا قوربانی بۆ هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەکات؛ 'بە 50 دۆلارە'

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوێکی خێرخوازی لە هەرێمی کوردستانەوە چووەتە کیشوەری ئەفریقیا. نوێنەرێکیان دەڵێت، هەر کەس بیەوێ بە پارەی خۆی لەوێ قوربانی بۆ دەکەن.
 
عەلی حوسێن، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی رێکخراوی هانای خێرخوازی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەکو رێکخراوەکەمان گەیشتووینەتە کیشوەری ئەفریقیا، لە پلاندایە سەردانی وڵاتانی نەیجیریا، سوودان، سۆماڵ و بەنین بکەین، دەمانەوێ هاوکاری بگەیێنینە ئەو ناوچانەی دوورن لە شارستانی و موسڵمانن."
 
رێخکراوەکە دوو کەسی ناردووە بۆ ئەفریقیا و یەکێکیان عەلی حوسێنە و دەڵێت، "لەم وڵاتانە دەمانەوێ زیاتر قوربانی بکەین، چونکە نرخەکەی هەرزانە و 50 دۆلارە، بۆ ئێرە پێویستە، کە خەڵکی تێدایە بە تەمەنی گۆشتی نەخواردووە."
 
ساڵی رابردووش هەمان رێکخراو بۆ قوربانی و خێرخوازی چوونە کیشوەری ئەفریقیا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنەی ئەوەیان لێگرا، کە لە هەرێمی کوردستان خەڵکی هەژار هەن و دەکرێ لێرە قوربانی بکەن نەوەکو ئەفریقیا.
 
عەلی حوسێن گوتی، "ساڵانە زۆرترین قوربانی لە کوردستان دەکەین، لە سەرجەم شار و شارۆچەکان نووسینگەمان هەیە، ئەم ساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بە کەرنەڤاڵی گەورە لە هەرێمی کوردستان قوربانی دەکەین، کە لە ئەفریقیا قوربانی دەکەین مانای ئەوە نییە کوردستانمان فەرامۆش کردبێ."
 
ئەو نوێنەری رێکخراوی هانا گوتی، "لێرە سەرکێشی زۆر دەکەین، دوێنێ چوینە ناوچەیەک بە وێنەگرتن و بینینەوەی وێنەی خۆیان زۆر دڵخۆشبوون؛ هەروەها سەردانی هۆزێکمان کرد ئێستاش بە بەرد ئاگر دەکەنەوە."
 
عەلی حوسێن گوتی، "ئەوەی بیەوێ دەتوانێ 50 دۆلار بدات لێرە سوونەتی قوربانیی بۆ دەکەین، لە کوردستان قوربانییەک دەگاتە 700 هەزار دینار (455 دۆلار)، خەڵکی خۆمان هەیە ئەو پارەیەی نییە و دەشیەوێ قوربانیی بکا و بەشدار دەبێ لە پڕۆژەکەمان بۆ قوربانیکردن بۆ موسڵمانانی ئەفریقیا."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی رێکخراوی هانا، ئەوەی بیەوێ لە کیشوەری ئەفریقیا قوربانیی بۆ بکەن دەبێت سەردانی نووسنگەکانی رێکخراوەکە بکات لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، لەوێ پسوولەی پارە وەرگرتنی بۆ دەکرێت و پارەکە حەواڵە دەکرێ بۆ ئەوان لە ئەفریقیا.
 
هەمان رێکخراو ئایاری پار چوونە کیشوەری ئەفریقیا و نزیکەی 200 بیری ئاوی ئاسایی و سێ بیری ئیرتیوازیی بە پارەی خێرخوازان بۆ موسڵمانانی گوندەکانی ئەو وڵاتانە لێدا، هەروەها بە ژەمە خواردن و جلوبەرگ هاوکارییان کردن.
 
رێکخراوی هانای خێرخوازی، رێکخراوێکی ناحکومیی خێرخوازییە؛ ساڵی 2009 دامەزراوە و ناوەندی سەرەکی لە شاری هەولێرە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک سەگی بێلانە

هەڵمەتێکی "نادیار" بۆ کوشتنی سەگە بێلانەکان لە دهۆک دەستیپێکردووە؛ سبەی شێڵتەرە نوێیەکە دەکرێتەوە

بڕیارە سبەی شێڵتەرێکی سەگ لە دهۆک بکرێتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە، رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ئاژەڵان هۆشداری لە هەڵمەتێکی فراوانی "کوشتنی سەگ" دەدەن و دەڵێن، تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا نزیکەی 200 سەگی بێلانە کوژراون