رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، بەپێی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا، دەبێت تاوەکو مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ تەواوی هێزەکان یەکبخرێن. ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو ئێستا رێکارەکانی یەکەی 70 تەواو نەبوون.
رۆژی سێشەممە 19ی ئایاری 2026، لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یاداشتێکی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا هەیە. بەپێی ئەم یاداشتە، دەبێت تاوەکو مانگی 9ی ئەم ساڵ تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە بخرێنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و ئەوە دوایین وادەیە."
لەبارەی هەنگاوەکانی یەکخستنی یەکەی 70، لیوا روکن بەختیار محەممەد گوتی، "یەکەی 70 هەندێک داواکاریی هەبوو، ناردوومانە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و چاوەڕێین رەزامەندی بدەن تاوەکو رێکارەکان تەواو ببن و یەکەی 70 ببێتە فەرماندەی دەڤەری 2. تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامی نەداوەتەوە."
سەبارەت بە هەمان پرس، 17ی تشرینی دووەمی 2025، فەریق نەجات عەلی، فەرماندەی یەکەی 80 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو رێکارە کارگێڕییەکان تەواو بوون و دۆسیەکە نێردراوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، بڕیاری فەرماندەی دەڤەری یەکیش دەرچووە."
14ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە پێویستییەکی چارەنووسسازە و دەبێت سەربکەوێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ