هەپەگە ناسنامەی 4 گەریلای راگەیاند کە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە

دوێنێ کاژێر 08:21
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی چوار گەریلای ئاشکرا کرد کە لە ساڵی 2021ـدا لە ناوچەی خواکوڕک لە سنووری هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە؛ یەکێک لە گەریلاکان لەدایکبووی بەریتانیایە.
 
رۆژی چوارشەممە، 7-1-2026 هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە - باڵی سەربازیی پەکەکە) لە راگەیێندراوێکدا ناسنامەی چوار گەریلای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو چوار گەریلایە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2021 لە ناوچەی خواکوڕک لە هەرێمی کوردستان، لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی سوپای تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی "چنگ"ـدا گیانیان لەدەستداوە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە، ناسنامەی گەریلاکان بەمشێوەیەیە:
 
یوسف کارتاڵ باغدوو (ئەرداڵ ئەرکەندی): لەدایکبووی ئادانا.
 
فاتمە فیردەوس گۆک (ئاڤێستا چیایێ): لەدایکبووی شرنەخ.
 
سەڤین بولبول (ئەکین سوور): لەدایکبووی ئامەد.
 
ئاگیت دەرینیەر (چەکدار تۆلهیلدان): لەدایکبووی بەریتانیا.
 
ئەو شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا بووە بە ناوی "چنگ"، کە دوایینیان بەناوی "چنگ - قوفڵ" لە نیسانی 2022 بۆ سەر ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتین دەستیپێکرد.
 
راگەیاندنی ناسنامەی ئەو گەریلایانە لەکاتێکدایە، لە ساڵی رابردووەوە پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە تورکیا دەستیپێکردووە. لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2025 بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە پرۆسەکە دەستیپێکرد و دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە ئایاری 2025 بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا و رۆژی 11ـی تەممووزی هەمان ساڵ، 30 گەریلا بەشێوەیەکی سیمبوولی لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند. هەروەها لە پەرلەمانی تورکیا "کۆمسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" پێکهێنراوە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە