لەگەڵ رەنج؛ لە چەند پەلەوەرخانەیەکدا دەست بەسەر دەرمانێکدا گیراوە کە هۆکاری شێرپەنجەیە بۆ مرۆڤ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
دەرمانەکە چەندین ساڵە لە وڵاتانی ئەورووپا قەدەخەکراوە
دەرمانەکە چەندین ساڵە لە وڵاتانی ئەورووپا قەدەخەکراوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە چەند پەلەوەرخانەیەکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەرمانێک دۆزراوەتەوە زیاتر لە 40 ساڵە لە ئەمریکا و وڵاتان قەدەخەکراوە و بە هەر ئاژەڵ و پەلەوەرێک بدرێت، ئیدی نەخۆش ناکەوێت، بەڵام ئەو کەسەی گۆشت یان هێلکەیان دەخوات، مەترسییەکی زۆری تووشبوونی شێرپەنجەی لەسەرە. ئەو دەرمانە لە هەرێمی کوردستان دەستی بەسەردا گیراوە و بنەبڕ کراوە.
 
رەنج سەنگاوی، لە ئەڵقەی ئەمجارەی بەرنامەکەیدا، بەدواداچوونێکی مەیدانیی بۆ ئەم پرسە مەترسیدارە کرد. چووە گرتووخانە و لەگەڵ تۆمەتباراندا قسەی کرد، هەروەها بە شێوەیەکی زانستی باسی کاریگەرییەکانی ئەو دەرمانەی کرد کە بە 'فیوراڵ تادۆن' ناسراوە.
 
دەرمانەکە لەنێو قوتوویەکی دیکە هێنراوەتە کوردستان
 
بەپێی بەدواداچوونی رەنج سەنگاوی، فیوراڵ تادۆن، لەسەر ئاستی جیهان قەدەخەیە، خراوەتە نێو قوتوویەک کە لەسەری نووسراوە "سووپەر ماکس" و هێنراوەتە کوردستان و بە کوالیتی کۆنترۆڵدا تێپەڕیوە و پارەی پشکنینیشی دراوە. 
 
ئەو دەرمانە لە ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا و چین و هەموو وڵاتان قەدەخەیە و، دەدرێتە مریشک و بەخواردنی گۆشتەکەی مرۆڤ تووشی شێرپەنجە دەکات. 
 
دەرمانەکە بۆ ئەوەیە رێگریی بکات لە نەخۆشکەوتن و مرداربوونی مریشکەکان، بەڵام دەزگای ئاسایشی هەرێم بارێک لەو دەرمانەی گرتووە کە یەک قوتووی بە 90 هەزار بۆ سەرەوەیە. خستنە بازاڕی مریشکەکان قەدەخە کراوە و بە رێکارێکی زانستی چارەسەر دەکرێن.
 
زیانەکانی فیوراڵ تادۆن
 
- بەکارهێنانی بۆ ئاژەڵ و پەلەوەر قەدەخەیە کە گۆشتی بخورێت
- زیان بە DNA دەگەیێنێت کە سەرەتایەکە بۆ شێرپەنجە
- دەرمانەکە پاشماوەی کیمیایی AMOZ لە جەستەی ئاژەڵەکەدا جێدەهێڵێت
- زیان بە بۆ ماوەیی خانەکانی لەش دەگەیێنێت
- هیچ ئاستێکی سەلامەتیی تێدا نییە و نابێ هیچ کاتێک و بەهیچ رێژەیەک بەکاربهێنرێت و رێژەکەی لە گۆشت، هێلکە و خۆراکدا دەبێ ٪0 بێت.
 
پێش خستنە بازاڕ، دەست بەسەر مریشکەکاندا گیرا
 
رەنج سەنگاوی، پەیوەندیی بە عەقید كارزان شێركۆ، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە کرد و داوای گفتوگۆ، داوای رێپێدانی کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بازرگان و بەکارهێنەرانی 'فیوراڵ تادۆن' بدوێنێت.
 
عەقید کارزان بە رەنج سەنگاویی گوت: "پێش ئەوەی مریشکەکان بخرێنە بازاڕەوە، دەستیان بەسەردا گیراوە و تۆمەتبارانیش دەستگیرکراون کە ژمارەیان 16 کەسە."
 
پزیشکێکی ڤێتێرنەری لە زیندان: خیانەتم لە پیشەکەم کرد و سوێندەکەم شکاند
 
 
رەنج سەنگاوی، بە هاوکاری ئاسایشی هەرێم، دەرگای زیندانی کردەوە و چووە نێو ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە هێنان و بازرگانیکردن و بەکارهێنانی دەرمانەکە.
 
یەکێک لەوانە، پزیشكێکی ڤێتێرنەری بوو کە بە رەچەڵەک عەرەب بوو، ئەو بە کوردییەکی مامناوەند قسەی بۆ رەنج کرد و گوتی: خۆی پزیشکی ڤێتەرنەرییە و بەڕێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیایە.
 
گوتیشی: "یەکەمجار من پێم نەزانی، بەڵام دووەمجار کە زانیم بە خاوەنی پەلەوەرخانەکەم گوت مەترسیدارە، بەڵام ئەو گوتی دەیفرۆشم. خۆشم بەکارمهێنا و فرۆشتم."
 
ئەو پزیشکە دەڵێت: "گوشاری خاوەنی کۆمپانیاکە لەسەرم وایکرد بەردەوام بم لە فرۆشتن، خاوەنی پەلەوەرخانەکانیش داوایان دەکرد لەکاتێکدا دەیانزانی قەدەخەیە."
 
بە گوتەی ئەو پزیشکە لە ساڵی 2014ـەوە لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، هاوردەکار، فرۆشیار، کڕیار و بەکاربەر دەزانن قەدەخەیە. "من مریشکەکانم داوە بە منداڵەکانی خۆشم، ناچارم و هەر ئەو مریشکانەم خواردووە."
 
لەکاتێکدا پشتی لە کامێرا بوو، بەڵام پزیشکەکە بە دەنگێکی نزم و شەرمەوە قسەی بۆ رەنج دەکرد، ئەو هەستی پەشیمانیی خۆی نەشاردەوە و گوتی: "ئەگەر رزگاربم، بەهیچ شێوەیەک ئەم کارە ناکەم. هەستێکی ناخۆشم هەیە.. هەر ئەم دەرمانەمان فرۆشتووە کە قەدەخە بێت. ئەگەر ئاسایش بگەڕێت رەنگە زۆر دەرمانی دیکەی قەدەخەکراو بدۆزێتەوە."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، خاوەنی کۆمپانیاکە خۆی پەیوەندیی بە کۆمپانیایەکی چینەوە کرد و داوای لێکرد لەنێو قوتوویەکی دیکەدا بینێرن. لە سنووری پشکنینی بۆ کرا، بەڵام رەنگە نەیانزانیبێ چییە. "من خیانەتم لە پیشەکەم کرد و سوێندەکەم شکاند." 
 
خاوەن کۆمپانیایەک: دوو بارمان هێنا و هەردووکیمان لە کوالیتیی کۆنترۆڵ تێپەڕاند
 
یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوەکان کە خاوەنی کۆمپانیای دەرمانی پەلەوەر و پەلەوەرخانەیە، قسەی بۆ رەنج کرد و گوتی: "لە ساڵی 2021ـەوە لەگەڵ کۆمپانیایەک لە چین کار دەکەم، لە 2025 دەرمانەکەم پەیداکرد کە کار لەسەر ڤایرۆسی مریشک دەکات، خستمانە قوتوویەکی دیکەوە و هاوردەمان کرد."
 
ئەو بازرگانە دەڵێت: "دوو بارمان هێنا و هەردووکیمان تێپەڕاند، نازانم بۆ لە پشکنین دەرچوو. ئەگەر قوتووی نەگۆڕین قەدەخەیە، بەڵام وەڵا نەمدەزانی ئەوەندە زیانی زۆرە تاوەکو دەستگیرکرام. دەڵێن مرۆڤ تووشی شێرپەنجە دەکات."
 
"دەرمانەکە لە هەموو شار و شارۆچکەکان هەیە"
 
ئەو بازرگانە گوتیشی: "ئەم دەرمانە لە هەموو شارە گەورەکان و لە قەزا و ناحیەکان هەیە، دەرمانی قەدەخەکراوی دیکەش هەن و زۆرن."
 
دوای ئاشکرابوونی زیانەکانی ئەو دەرمانە، بازرگانەکە گوتی: "ئێستا زۆر نامورتاحم، چونکە خۆم و ژن و منداڵم دەیخۆین، ویژدانم زۆر ئازارم دەدا."
 
پزیشکێک: ئەو دەرمانە بەڵایەکی گەورەیە
 
د. رێبین رەجەب، پزیشکی تایبەتمەندی خۆراکە و میوانی بەرنامەی لەگەڵ رەنج بوو. ئەو لەبارەی دەرمانەکەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "ئەو مادەیە دژە بەکتریایە و لە کۆندا زۆر بەکارهاتووە، بەڵام لە ساڵی 1985 بەداوە قەدەخە کراوە، بوونی ئەم دەرمانە لە هەر کێڵگەیەکدا کارەساتە. هەر کەسێک لە رێگەی گۆشتەوە بیخوات تووشی نەخۆشی دەبێت. باشە ئێمە کە خەڵک هان دەدەین سینگی مریش بخوات، دڵنیایی چییە کە ئەم دەرمانەی نەخواردووە؟"
 
 
لەبارەی زیانەکانیشییەوە ئەو پزیشکە زیاتر گوتی: "کاریگەری لەسەر مێشک و دەمار هەیە، دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە و هتد.. هەر لەبەر ئەوەشە قەدەخە کراوە و نابێ لە هیچ شوێنێکی کوردستان هەبێت. زیاتر دەبێتە هۆی شێرپەنجە لیمفە گرێیەکان و گورچیلە. وەزارەتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڤێتەرنەری قەدەخەیان کردووە، ئەگەر هەبێ لە کوردستان، بەڵایەکی گەورەیە."
 
 خاوەنی پەلەوەرخانەیەک: "ئەوە دیعایەی قەسابەکانە"
 
بەڵام موحسین ئەحمەد، کە خاوەنی پەلەوەرخانەیە، بە پێچەوانەوە دڵنایی لە کوالێتیی مریشکی خۆماڵی دەدات و دەڵێت: "گۆشتی سپی پاکترین گۆشتە، خۆم ئەگەر هەموو رۆژ نەیخۆم، رۆژ نا رۆژێک دەیخۆم."
 
لەبارەی بوونی دەرمانی مەترسیدار لە گۆشتی مریشکی پەلەوەرخانەکانیش گوتی: "ئەمە هەمووی دیعایەی قەسابەکانە، چونکە منافەسەی زۆر لەنێوانمان هەیە."
 
 پزیشکێک: لە کوردستان مریشک بە نازداری بەخێو دەکرێت
 
د. یاسا  شوان، پزیشکی ڤێتێرنەری، یەکێکی دیکە بوو لە میوانەکانی بەرنامەی لەگەڵ رەنج و گوتی: "هەر کێڵگەیەک پزیشک سەرپەرشتیی بکات، بڕوا ناکەم ئەو دەرمانەی تێدا بێت. چونکە ئەو مریشکە دێتە سەر خوانی هەموومان، مرۆڤی بەویژدان رێگە نادات ئەو دەرمانە بدرێتە کەس."
 
د. یاسا گوتی: "کەس هەیە بۆ ئەوەی زیان نەکات پەنا دەبات بۆ ئەو دەرمانە و بەکاری دێنێت. ئێمە وەکو پزیشک رێگەی بەکارهێنانی نادەین." گوتیشی: "داوا لە هاونیشتمانییان دەکەم بەبێ ترس مریشکی خۆماڵی بخۆن، بڕوا بکەن بە نازداری بەخێو دەکرێن."
 
 د. دارا: دەبێ لێبووردەیی لەو دەرمانە 0٪ بێت
 
د. دارا محەممەد، پسپۆڕی شیکاری و کوالیتی کۆنترۆڵی خۆراکە، بە مۆبایل قسەی لەگەڵ رەنج سەنگاوی کرد و لەبارەی مەترسییەکانی دەرمانەکە هۆشداری دا و گوتی: "لە تاقیگە دەرکەوتووە کە دی ئێن ئەی تێکدەدات و نیوتا جێنەتیکە، لە پشکنینی ئاژەڵیشدا دەرکەوتووە کە شێرپەنجە دروست دەکات، لەبەرئەوەی دەنووسێت بە گۆشتەوە، بەیەکجاری قەدەخە کراوە."
 
د. دارا محەممەد گوتیشی: "ئەمە بەشێوەیەکی گشتی لە جیهان قەدەخەکراوە، لە رەچەتەی سەلامەتیی خۆراکی جیهانیدا باسی مەترسییەکەی و قەدەخەکردنەکەی کراوە، چونکە مەترسیی شاراوە و شێرپەنجەی پێوەیە و، بە کوردییەکەی لێبووردەیی لەو دەرمانە دەبێ 0٪ بێت."
 
پەیامنێری رووداو لە چین: سزای بەکارهێنەری دەرمانەکە تاوەکو سێدارە دەڕوات
 
مەهدی فەرەج، پەیامنێری رووداو لە چین بەشداری لە بەرنامەکەدا کرد و گوتی: "ئەو مادەیە لە ساڵی 2002ـەوە لە چین قەدەخەکراوە و بە مادەی بێهۆشکەر هەژمار دەکرێت، سزای بەکاربەر و بازرگانی ئەو مادەیە بەگوێرەی زیانەکان لە 10 ساڵ زیندانییەوە تاوەکو لەسێدارەدانە."
 
مەهدی فەرەج گوتی: "چین، هاوردە و هەناردەی بە ئاشکرا قەدەخە کردووە، بەڵام ئەم دەرمانە لە چینەوە دەنێردرێت. لەگەڵ بازرگانانی کورد قسەم کردووە و دەڵێن: لە چینەوە هەناردە دەکرێت."
 
بە گوتەی پەیامنێرەکەی رووداو لە چین، "هەر کۆمپانیایەی بیانی لە چین بارزگانیی بەو دەرمانەوە بکات، لەو وڵاتە دەردەکرێت، ئەگەر چینیش بێت، بەپێی یاسای ئەو وڵاتە سزا دەدرێت کە وەکو گوتم تاوەکو سێدارەش دەڕوات."
 
پزیشکێک: هەر مریشکێک ئەو دەرمانەی پێدرابێ، دەبێ لەنێو ببرێت
 
د.فەرەیدوون حەمەد قادر، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ ‏لە هەرێمی ‏كوردستان، لە ستۆدیۆی سەرەکیی بەرنامەکە میوانی رەنج بوو و گوتی: "جاران ژمارەی کۆمپانیاکانی دەرمان لە ژمارەی پەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕین، بەڵام ئێستا لە 100 زیاترن."
 
د. فەرەیدوون دەڵێت: "یەکێک لەو دەرمانانەی کە قەدەخەمان کردووە فیوراڵ تادۆنە، دەستخۆشی لە ئاسایش دەکەم کە دەستگیری کردوون، کۆنترۆڵکردنی جێی دەستخۆشی و ئومێدە. ئەو دەرمانە هۆکاری شێرپەنجەیە و خانەکان تێکدەشکێنێت، بە هەر مریشکێک درابێت دەبێ بە رێگەی زانستی لەنێو ببرێت. بڕیاری لەنێوبردن بە یەک کەس نادرێت و پێویستی بە لیژنەیەکی پسپۆڕە."
 
گوتیشی: "تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێک لەبارەی ئەو دەرمانەوە نەنێردراوە بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و هیچ بەڵگەیەکیش نەهاتووە، بەڵام ئەگەر پشتڕاستکرایەوە، مریشکەکان بە رێگەی یاسایی لەنێودەبرێن."
 
"بەرهەمی نێوخۆیی لە هەموو بەرهەمێک تەندروستترە"
 
سەرۆكی كۆمەڵەی پەلەوەرخانەكانی سلێمانی ‏و ‏‏گەرمیان گوتی: "ناکرێت چەند کەس یان بازرگانێک کارێکی خراپی کردبێت، تەڕ و وشک پێکەوە بسووتێنرێن، من دەڵێم: بەرهەمی ئێمە زۆر پاک و تەندروستە، تاوەکو پشکنینی بۆ نەکرێت ناخرێتە بازاڕەوە، ئاسایشی نێوخۆش ئەوەندە تۆکمەیە رێگە نادات سەرپێچی بکرێت."
 
نازم عەبدوڵڵا، بەڵگەی بە قسەکانی د. یاسا هێنایەوە و گوتی: "بەرهەمی نێوخۆیی لە هەموو بەرهەمێک تەندروستترە و پەڕێکی مریشکی خۆماڵی هەزار مریشکی دەرەوە دێنێ."
 
کۆنسوڵخانەی چین تەماشای بەرنامەی لەگەڵ رەنجیان کرد
 
لەنێو بەرنامەکەدا، کۆنسوڵخانەی چین لە هەولێر رەنج سەنگاوییان ئاگادار کردەوە، کە لە شاشەی رووداو راستەوخۆ بەدیار بەرنامەکەوە دانیشتوون و وەرگێڕیشیان لەگەڵە و بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن.
 
"لە 2010 پەلەوەرخانە 5-6یان دەرمانەکەیان بەکاربردووە"
 
زریان مستەفا، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی ‏كوردستان ‏بۆ ‏بەخێوكرنی ‏‏پەلەوەر گوتی: "2010 پەلەورخانە لە هەرێمی کوردستان هەن، کە زیاتر لە 34 ملیۆن مریشک بەرهەم دەهێنن، لەمانە 5-6 پەلەوەرخانە ئەو دەرمانەیان بەکارهێناوە."
 
زریان مستەفا دەڵێت: "ناکرێت بڵێین هەموویان خراپن، تەنیا فۆرمالین و فیوراڵ تادۆن بە نووسراو قەدەخە کراون و تائێستا ئەو دەرمانانەمان بەکارنەهێناون، ئەوانەشی بەکاریان هێناوە بەشێکیان نەیانزانیوە مەترسییەکانی چین."
 
بە گوتەی جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی ‏كورستان ‏بۆ ‏بەخێوكرنی ‏‏پەلەوەر، "مریشکی خۆماڵی، هەرچۆنێک بووە لە مریشکی بەستووی هاوردە زۆر باشترە، کە کەس نازانێت چۆن بەخێوکراوە. مریشکی خۆمان هەرچۆنێک بێت لەبەرچاوی خۆمانە."
 
خاوەن پەلەوەرخانەیەک دەڵێت دەروازە سنووری بەرپرسە لەم گرفتە
 
خاوەنی پەلەوەرخانەیەک لە بەرنامەکەدا گوتی: "ئەو کەسەی لە دەروازەی سنووری پشکنینی کردووە، تاوانباری سەرەکییە، دەبێ ئەو دەستگیر بکرێت. ئێستا من گومانم لە هەموو دەرمانەکان هەیە، خوێندەواریم نییە و بە رەنگ دەرمانەکان جیا دەکەمەوە."
 
گوتیشی: "هەر مریشکێکی بەستوو کە هاوردە دەکرێت، کێ دەزانێ چی تێدایە؟ من خۆم و ماڵ و منداڵ و کەسوکارم مریشکی خۆمان دەخۆم، مریشکی برادەرەکانیشم دەخۆم، بەڵام 10 ساڵ زیاترە مریشکی بەستووم نەخواردووە."
 
"دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان نیشانەی ئەوەیە بەرهەمی نێوخۆیی پارێزراوە"
 
یەکێکی دیکە لە میوانەکانی بەرنامەی لەگەڵ رەنج گوتی: "دەستگیرکردنی ئەو کەسانە، نیشانەی ئەوەیە کە بەرهەمی نێوخۆیی پارێزراوە و پاکە. دەبێ دەست بخەینە سەر برینەکان؛ ئێمە 30 ساڵە چاوەڕێی وەزارەتی کشتوکاڵین، بەڕاستی خەریکە کارەکانی دەگۆڕێت و دەبێتە کۆمپانیا."
 
"مریشکی بەستوو قەدەخەیە بەڵام هاوردە دەکرێت"
 
زریان مستەفا، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی ‏كورستان ‏بۆ ‏بەخێوكرنی ‏‏پەلەوەر گوتی: "گۆشتی مریشکی بەستوو قەدەخەیە و هاوردەش دەکرێت، ئەوە کەوتووەتە سەر ویژدانی هاوردەکار. من خۆم پێش فرۆشتن بە 10 رۆژ تەنیا ئاوی خاوێن دەدەم بە مریشک بۆ ئەوەی خاوێن ببێتەوە، زۆربەی زۆری پەلەوەرخانەکانیش هەمان کار دەکەن."
 
وەزارەتی کشتوکاڵ رێکار دەگرێتەبەر
 
د.فەریدوون حەمەد قادر، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ ‏لە هەرێمی ‏كوردستان گوتی: "وەزارەتی کشتوکاڵ بە تەنیا ناتوانێت دەرمانی قاچاخ کۆنترۆڵ بکات، ئێستا بارێک دەرمان لە فڕۆکەخانە راگیراوە کە لیڤڵی گۆڕاوە، پار بارێک دەرمانمان لە ئیبراهیم خەلیل گەڕاندەوە  و بارێک دەرمانی فۆرمالین-یشمان گەڕاندەوە."
 
د. فەرەیدوون دەڵێت: "ساڵی 2022 بە رێنماییەک هەموو کارەکانمان رێکخستەوە، زۆر کۆمپانیامان راگرت کە نەدەکرا دەرمان هاوردە بکەن، مامەڵەکانیان لە فلتەری ئێمە دەرنەچووە.هەر کۆمپانیایەک داوای مۆڵەتی هاوردەکردن بکات، دەبێ داواکارییەکەی بە شەش فلتەردا بڕوات. هیچ وەزارەتێک ناتوانێت بەتەنیا چاکسازیی بکات."
 
گوتیشی: "سبەی نووسراوێک دەکەین بۆ سلێمانی و لێژنەکان رادەسپێرین سەردانی هەموو کلینیک و کۆمپانیا و کۆگەکان بکەن، لیژنەکان دەستەوەستان ناوەستن و بەدواداچوونی جیدی دەکەن. لە وەزارەتی کشتوکاڵەوە بڕیاری پێویست دەدرێت و بەدواداچوونی ورد دەکرێت."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارگەیەکی هاڕینی بەرد لە هەولێر. وێنە: ئەرشیفی قایمقامیەتی هەولێر

ژینگەی هەولێر مەرجی بەکارهێنانی ئاو بۆ کارگەکانی هاڕینی بەرد دادەنێت

دانیشتووانی چەند گەڕەکێکی سەر رێگەی مەخموور لە هەولێر بەهۆی دووکەڵ و تۆزی کارگەکانی هاڕینی بەرد (کەسارە) بێزارن و داوای گواستنەوەیان دەکەن. بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێریش دەڵێت، بەکارهێنانی ئاویان لە کاتی هاڕیندا کردووەتە مەرج و داوای گواستنەوەی کارگەکانیشیان بۆ دەرەوەی شار کردووە.