رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند، پاش تاوتوێکردنی بابەتە پەیوەندیدارەکانی بە کوردستان و ئێران، هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا.
یەکشەممە 22ی شوباتی 2026، محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەستەی کارگێر و بەرپرسی شاندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە (رووداو)ی راگەیاند، هاوپەیمانییەتییەکیان لە ژێر ناوی "هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" پێکهێناوە.
محەممەد نەزیف قادری گوتی، "پاش تاوتوێکردنی دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە بەشداری بەرپرسی یەکەمی هەر 5 لایەنەکە بڕیاری پێکهێنانی هاوپەیمانییەتییەکە دراوە."
ئەو پێنج لایەنەی هاوپەیمانییەکەیان پێکهێناوە پێکدێن لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازاد (پژاک)، پارتی ئازادی کوردستان (پاک)، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران.
پێنج حیزبەکە، بە ئامادەبوونی موستەفا هیجری، ڤیان پەیمان، رەزا کەعبی، بابەشێخ حوسەینی، حوسین یەزدانپەنا و بەڕێوەبەران و بەرپرسانی دیکەی حیزبی، واژۆیان لەسەر هاوپەیمانێتییەکە کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "مەبەستی سەرەکیی ئەم هاوپەیمانییە کە پاش قۆناخی گۆڕینەوەی بیروڕا و کاری مەیدانی لە 'ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری'دا پێکهاتووە، یەکڕیزی و هاوخەباتیی پتر بۆ پەرەدانی زیاتر بە بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران و پیدانی قورسایی و دەوری زیاتری کوردستان و بزووتنەوە سیاسییەکەی لە خەبات."
بەڵام کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە ئەندامی "ناوەندی هاوکاری بۆ دیالۆگ" بوو، نەچوونە نێو هاوپەیمانییەکەی راگەیاند.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی 22-02-2026 بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی لەبارەی نەچوونیان بۆ نێو هاوپەیمانێتییەکە گوتی: "ئەم ئەزموونانە بەرز دەنرخێنین، بەڵام بەهۆی ئەوەی بڕیاری یەکلاییکەرەوە لەسەر بابەتە چارەنووسسازەکان نەدراوە، بۆیە نەچووینەترە نێو هاوپەیمانێتییەکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ