تانکەکانی سوپای عەرەبی سووریا هێرش دەکەنە سەر دوو گەڕەکی کوردی حەلەب

دوێنێ کاژێر 05:10
سوپای عەرەبی سووریا تانک دەبەنە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب. وێنەکە لە ڤیدیۆکە وەرگیراوە و کوالیتییەکەی بە ژیریی دەستکرد بەرزکراوەتەوە.
سوپای عەرەبی سووریا تانک دەبەنە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب. وێنەکە لە ڤیدیۆکە وەرگیراوە و کوالیتییەکەی بە ژیریی دەستکرد بەرزکراوەتەوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی دەزگا فەرمییەکانی حکومەتی دیمەشق بڵاویدەکەنەوە، تانکەکانی سوپای عەرەبی سووریا هێرش دەکەنە سەر دوو گەڕەکی کوردی حەلەب.
 
تاوەکو دێت دۆخەکە زیاتر گرژی تێدەکەوێت و چەکدارەکانی سوپای عەرەبی سووریا دەیانەوێ بە تانک و زرێپۆش و چەکی قورس بچنە نێو گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب.
 
ڤیدیۆکە کە بڵاوکراوەتەوە سروودێکی ئایینی لەسەر دانراوە بۆ راکێشانی سۆزی خەڵک.
 
 
لە لایەکی دیکە، هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب رایگەیاند، گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق "تاوانێکی رێکخراو" دەکەن و ئەو گەنجانەی لەکاتی دەرچوون لە گەڕەکەکان رفاندوویانن، لە ریزەکانی پێشەوەی شەڕ وەک "قەڵخانی مرۆیی" بەکاریاندێنن؛ هاوکات تێکشکاندنی هێرشێکی زەوینیی بە تانکی راگەیاند. لە بەرامبەردا سوپای سووریا دەڵێت "هێشتا نەچووینەتە پێشەوە."
 
رۆژی چوارشەممە 07-01-2026، هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ لە حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) لە نوێترین راگەیێندراويدا وردەکاریی دۆخی مەیدانیی خستەڕوو.
 
ئاسایش دەڵێت: "لە تاوانێکی رێکخراو و ئاشکرادا، گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق پەنایان بردووەتە بەر سەپاندنی گەمارۆیەکی خنکێنەر بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود، لەگەڵ تۆپبارانی چڕ و گەمارۆدانی گەڕەکەکان بە تانک."
 
گەنجان دەخەنە پێش تانکەکان
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کاتێک هێرشە گشتگیرەکەیان بۆ سەر گەڕەکەکان و شکاندنی ئیرادەی دانیشتووان شکستیهێنا، ئەو گرووپانە تاوانەکانیان فراوانتر کرد لە رێگەی رفاندنی ئەو گەنجانەی شێخ مەقسوود کە ناچار بوون گەڕەکەکە جێبهێڵن؛ ئێستا لە ریزەکانی پێشەوەی هێرشەکانیاندا وەک قەڵخانی مرۆیی بەکاریان دێنن، کە شێوازێکی دڕندانەیە."
 
ئاسایش هەروەها دەڵێت، هێزەکانی حکومەت "بەساڵاچووانیان گەڕاندووەتەوە نێو گەڕەکە گەمارۆدراوەکان، بۆ ئەوەی وەک كارتی گوشار بەکاریان بهێنن."
 
شەڕی کاستێلۆ و کوژراوانی حکومەت
 
سەبارەت بە دۆخی سەربازی، ناوەندی راگەیاندنی ئاسایشی حەلەب رایگەیاند: "لە کاژێر 03:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، یەکەم هەوڵی چوونەژوورەوەی هێزەکانی حکومەتمان بۆ سەر (گردی کاستێلۆ) تێکشکاند کە تانکیان بەکارهێنابوو."
 
ئاسایش دەڵێت: "هێرشکاران زیانی گەورەیان بەرکەوت و لە ناوچەکە هەڵاتن، تەرمی کوژراوەکانیان لەدوای خۆیان جێهێشت."
 
هاوکات، تۆپبارانی هێزەکانی حکومەت بۆ سەر ناوچەکانی (لێرموون، شیحان و سریان) بەردەوامە و دوو سڤیلی دیکە بریندار بوون.
 
سوپای سووریا: بەمزووانە ئاسایش دەسەپێنین
 
لەلایەکی دیکەوە، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (سانا) رایگەیاند: "سوپا هیچ ئۆپەراسیۆنێکی پێشڕەویی بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی هەسەدە دەستپێنەکردووە و هێشتا سەرقاڵی دابینکردنی رێڕۆی دەرچوونە بۆ خەڵک."
 
سوپا هەسەدەی تۆمەتبار کرد بەوەی "خەڵک لە کاتی دەرچوون دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەی رێگرییان لێ بکات." بەڵام هەڕەشەی کرد و گوتی: "بەمزووانە ئاسایش و سەقامگیری لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەسەپێندرێت."
 
لە رۆژی سێشەممەوە (06-01-2026) شەڕێکی قورس لە شاری حەلەب لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ و گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق دەستیپێکردووە.
 
بەپێی دوایین ئاماری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، 6 کەس گیانیان لەدەستداوە (فاتیمە حەمادە، مەسعوود فایق، خورشید عومەر (13 ساڵ)، شام دەلۆ (3 ساڵ)، حەسەن محەممەد و ژنێکی نەناسراو)، هەروەها 44 کەسی دیکە بریندار بوون.
 
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی حەلەب رایگەیاند 4 سڤیل لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت کوژراون و 18ـی دیکە بریندارن.
 
سوپا کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 5ـی دیکەی پشتڕاستکردەوە.
 
هەسەدە رایگەیاندووە زیاتر لە 80 تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی لە دەوروبەری گەڕەکەکانن. گەمارۆی تووند لەسەر ناوچەکە هەیە، 5 مانگە سووتەمەنی نەگەیشتووە و تەنیا نەخۆشخانەی (خالید فەجر) کاردەکات. حکومەت گەڕەکەکانی وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساندووە و دەڵێت 850 کەسی گواستووەتەوە.
 
هێڤین سلێمان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود بۆ رووداو گوتی: "شەڕەکە لەلایەن گرووپەکانی عەمشات و حەمزاتەوە دەکرێت کە فەرمان لە تورکیا وەردەگرن." ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی باڵای خۆسەر گوتی: "حکومەت جەنگی قڕکردنی رگەیاندووە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە