وەزارەتی پلاندانانی عێراق فەرمانی بەقەزاکردنی گوڵاڵەی پەسند کرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڕیاری بەقەزاکردنی گوڵاڵەی دەرکرد و زۆرینەى ئەنجوومەنى پارێزگا بە فەرمى داوایان لەو وەزارەتە کردووە ئەو رێکارە بۆ بەقەزاکردنی ئەو ناوچە جێناکۆکە رابگرێت.

دووشەممە 23ی شوباتی 2026 عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ خالید بەتال، وەزیری پلاندانان بەوەکالەت فەرمانێکی دەرکرد بۆ بەقەزاکردنی گوڵاڵە لە سنووری پارێزگای دیالە و ژمارەی سیمبوولی کارگێڕیی پێدراوە کە 21101 دەبێت لە ریزبەندیی یەکە کارگێڕییەکانی عێراق."
 
داوا لە وەزارەتی پلاندانان دەکرێت بەقەزاکردنی گوڵاڵە رابگرێت

لە 31ی کانوونی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەنگی دا بۆ بەقەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵە و لایەنە کوردستانییەکان دژی وەستانەوە.

نۆ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، کە زۆرینەی ئەنجوومەنەکە پێکدەهێنن، بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەکەن بڕیاری بەقەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵە رابگرێ، کە ناوچەیەکی جێناکۆکە. پارێزگارى دیالە بڕیارى راگرتنى رێکارەکانى دەکردبوو تاوەکو وەڵامی لە وەزارەتى پلاندانانەوە پێبگات.
 
شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند، نووسراوەکە لەلایەن زۆرینەی ئەندامان کراوە و لە رێگەی پارێزگارەوە نێردراوە بۆ وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بۆئەوەی بەقەزاکردنەکە رابگرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەندامانی فراکسیۆنی بەدر و یەکێتی لەوانەن کە واژۆیان کردووە.
 
لە نووسراوەکەی ئەنجوومەن کە 22ی شوباتی 2026 بۆ پارێزگار نێردراوە و کۆپییەکی دەست رووداو کەوتووە، ئاماژە بەوە دراوە کە نۆ ئەندام کە زۆرینەی رەها لە کۆی 15 ئەندامەکەی ئەنجوومەن واژۆیان لەسەر داواکارییەکە کردووە، بۆئەوەی نووسراوی تایبەت بە رێکارەکانی بەقەزاکردنی گوڵاڵە رابگیرێت؛ هەروەها ئاماژەیان بە بڕیارێکی هاوشێوە کردووە بۆ ناحیەی سەعدییە، بۆ رەتکردنەوەی ئەوەی لە قەزای خانەقین جیابکرێتەوە.

دەقی نووسراوەکە - 1
 
ـ
دەقی نووسراوەکە - 2
 
لە نووسراوێکی دیکەدا کە عەدنان شەمه‌ری، پارێزگاری دیالە، هەمان رۆژ دەری کردووە، بڕیاردراوە کە جێبەجێکردنی بڕیاری بەقەزاکردنی گوڵاڵە رابگیرێت، تاوەکو وەڵامی وەزارەتی پلاندانانیان بۆ دەگەڕێتەوە.

نازک ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پشکی خانەقین، بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند، داواکاریی راگرتنی ئەو بڕیارەی وەزارەتی پلاندانان لەسەر ئەو بنەمایەیە کە نادەستووری بووە، بەو پێیەی گوڵاڵە لە ناوچەکانی مادەی 140ی دەستوورە.

کێ بڕیاری بەقەزاکردنی گوڵاڵەی رایگەیاند؟

19ی شوباتی 2026، بەقەزاکردنی گوڵاڵە لەلایەن عومەر کوڕوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە راگەیێندرا.

لەبارەی گوڵاڵەوە

گوڵاڵە ناحیەیەکی سەر بە قەزای خانەقین بوو، یەکێکە لەو ناوچانەی مادەی 140ی دەستوور دەیگرێتەوە و کێشەلەسەرە؛ چارەنووسی کارگێڕی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی یەکلایی نەبووەتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، ژمارەی دانیشتووانی قەزاکە بە 94 هەزار کەس خەمڵێندراوە و 40 هەزار کەسی دیکەی دانیشتووی ناحیەی سەعدییەش دەخرێتە سەر ژمارەی دانیشتووانی قەزاکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەرمانەکە چەندین ساڵە لە وڵاتانی ئەورووپا قەدەخەکراوە

لەگەڵ رەنج؛ لە چەند پەلەوەرخانەیەکدا دەست بەسەر دەرمانێکدا گیراوە کە هۆکاری شێرپەنجەیە بۆ مرۆڤ

لە چەند پەلەوەرخانەیەکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەرمانێک دۆزراوەتەوە زیاتر لە 40 ساڵە لە ئەمریکا و وڵاتان قەدەخەکراوە و بە هەر ئاژەڵ و پەلەوەرێک بدرێت، ئیدی نەخۆش ناکەوێت، بەڵام ئەو کەسەی گۆشت یان هێلکەیان دەخوات، مەترسییەکی زۆری تووشبوونی شێرپەنجەی لەسەرە. ئەو دەرمانە لە هەرێمی کوردستان دەستی بەسەردا گیراوە و بنەبڕ کراوە.