رووداو دیجیتاڵ
محەممەد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری نێتوۆرک لە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاند، هەر کاتێک حکومەتی عێراقی رێگەبدات بە کۆمپانیاکان ئینتەرنێتی 5G بهێننە عێراق، کۆمپانیاکان تا رێژەیەکی زۆر ئامادەن.
لە میانی بەشداریکردنیدا لە پۆدکاستی ئاڕجی رادیۆی رووداو کە شاد هەورامی پێشکێشی دەکات، محەممەد عەبدولڕەحمان گوتی، وەکو هەر سێ کۆمپانیا تیلیکۆمییەکەی عێراق ئێمە بڕیار لە دەستەی راگەیاندنی عێراق وەردەگرین و هەمیشە دواکەوتن لەوان دەبینین. هەروەها ئاماژەی بەوەدا ئینتەرنێتی 3G لە 2000ـەوە لە جیهاندا هەیە بەڵام لە عێراق مۆڵەتەکەیان لە نێوان ساڵانی 2010 و 2011 وەرگرتووە.
سەبارەت بە جیاوازییەکانی نێوان 5G و نەوەکانی پێشخۆی رایگەیاند، لە ئینتەرنێتی 5Gـدا خێرایی وەرگرتن و خێرایی گەیاندن زۆر زیاترە بەراورد بە نەوەکانی پێشخۆی. ئاماژەی بەوەشدا ئینتەرنێتی 5G دەتوانێت هەندێک پێویستی نوێی خەڵک دابین بکات وەکو ئۆتۆمبێلی زیرەک کە بتوانێت خۆی پارک بکات یاخود خانووی زیرەک کە لە دەرەوەی خانووەکەوە بتوانێت کۆنترۆڵی نێو خانووەکەت بکەیت و 5G دەتوانێت هەموو ئەوانە دابین بکات.
هەروەها سەبارەت بە کۆکردنەوەی داتا لە ئینتەرنێتی 5Gـدا محەممەد عەبدولڕەحمان گوتی، کێشەی داتا لە 4Gـدا هەبوو، بەڵام لە 5Gـدا رەنگدانەوەی زیاتری دەبێت، چونکە ئەگەر لە ئینتەرنێتی 4Gـدا پێویستمان بە دوو تاوەر هەبووبێت بۆ گواستنەوەی زانیاری، لە 5Gـدا پێویستمان بە شەش تاوەرە و ئەوە وادەکات کۆمپانیاکان وردتر شوێنەکەت بزانن لەڕێی ئەو تاوەرەی پێوەی بەستراویت.
لەبارەی شەڕی نێوان ئەمریکا و چین لەسەر 5G و بڕیارەکانی ترەمپ بە دەرکردنی کۆمپانیای هواوی چینی لە ئەمریکا گوتی، لەنێو خەڵکدا ئەگەر ناوی هواوی بهێنرێت بەو مۆبایلە تێدەگەن کە بەدەستیانەوەیە، بەڵام لە راستیدا هواوی کۆمپانیایەکی زەبەلاحە کە کاری دروستکردنی مۆبایل و ئامێری تەکنەلۆجی دەکەن وەکو تاوەری 5G، ئەمریکا خۆی بە زلهێزێکی جیهان و خاوەنی زۆر تەکنەلۆجیا دەزانێت و ناهێڵێت چین پێشیبکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ