نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی شەهیدبوونی لەیلا قاسم: مەشخەڵی هۆشیاری و پێشەنگیی ئافره‌تانی کوردستان بوو

12-05-2026
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی شەهیدبوونی لەیلا قاسم و هاوڕێکانیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، "لەیلا قاسم تەنیا سیمبولێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو مەشخەڵی هۆشیاری و پێشەنگیی ئافرەتانی کوردستان بوو لە خەبات و قوربانیدان دا."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "بە رێزەوە یادی کچە تێکۆشەری کورد، شەهید لەیلا قاسم و هاوڕێکانی دەکەینەوە، کە بەر لە 52 ساڵ لەپێناو ئازادی و سەرفرازیی کوردستان دا رووبەڕووی سێدارە بوونەوە و شەهید کران."
 
لە پەیامەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەیلا قاسم "بە خۆڕاگریی بێوێنەی لە زیندان و لەبەردەم پەتی سێدارەدا، سەلماندی کە ژنى کورد خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایینە و ئامادەیە لەپێناو ئازادی و شكۆى گەلەکەیدا، گیانی بکاته‌ قوربانى."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستووەتەڕوو، "خەباتی لەیلا قاسم كه‌ بووە نموونەی شکۆ و بڕوابەخۆبوون بۆ هەموو نەوەکانی دوای خۆی، هه‌ر لە شاری خانەقینەوە تاوەکو زانکۆی بەغدا و تاوەکو دوا چرکەی ژیانی لە زیندانەکانی رژێمی بەعس دا، وەک وانەیەکی خۆنه‌ويستى و خۆڕاگری و نیشتمانپەروەری بۆ هەمیشە لە ویژدانی کورد و كوردستانیيان دا بە زیندوویی دەمێنێتەوە."
 
لەبارەی لەیلا قاسم و هاوڕێکانیەوە
 
لەیلا قاسم کە نازناوی "بووکی کوردستان"یشی لێنراوە، لە ساڵی 1952 لە خانەقین لەدایکبووە و 12ی ئایاری 1974 لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لەسێدارە دران.
 
لە ساڵی 1974دا، پێنج گەنجی کورد، لەلایەن حکومەتی بەعسەوە لەسێدارە دران، ئەوان لەیلا قاسم، نەریمان فوئاد مەستی، جەواد ھەمەوەندی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران بوون.
 
لە کاژێر 07:00ی بەرەبەیانی 12ی ئایاری 1974، ئەو پێنج گەنجە لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەسێدارەدران. ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم، لە میدیا جیهانییەکانی ئەوکات بڵاوکرایەوە و لەسێدارەدانی وەکو لەسێدارەدانی یەکەم ژن لە مێژووی سیاسیی عێراق باسکرا.
 
دوای شەهیدکردنیان، کەسوکاریان تەرمەکان وەردەگرنەوە و دەبینین، چاوەکانی شەهید ئازاد دەرهێنرابوون، لەکاتی هەڵواسیندا هەردوو قۆڵەکانی لای شانی شکابوون، بە حەربە (چەقۆی سەربازی) جەستەی بریندار کرابوو.
 
دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی شەهیدبوونی لەیلا قاسم و هاوڕێکانیدا:
 
ئەمڕۆ به‌ ڕێزه‌وه‌ يادى کچە تێکۆشەری کورد شه‌هيد (لەیلا قاسم) و هاوڕێکانی ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌رله‌ (52) ساڵ لەپێناو ئازاديی و سەرفرازيى کوردستاندا ڕووبەڕووی سێدارە بوونەوە و شه‌هيد كران.
 
لەیلا قاسم، تەنها سیمبۆلێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو مەشخەڵی هۆشیاری و پێشەنگیی ئافره‌تانی کوردستان بوو لە خەبات و قوربانیداندا. ئەو بە خۆڕاگریی بێوێنەی لە زیندان و لەبەردەم پەتی سێدارەدا، سەلماندی کە ژنى کورد خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایینە و ئامادەیە لەپێناو ئازادی و شكۆى گەلەکەیدا، گیانی بکاته‌ قوربانى.
 
خەباتی لەیلا قاسم كه‌ بووە نموونەی شکۆ و بڕوابەخۆبوون بۆ هەموو نەوەکانی دوای خۆی، هه‌ر لە شاری خانەقینەوە تا زانکۆی بەغدا و تا دوا چرکەی ژیانی لە زیندانەکانی ڕژێمی بەعسدا، وەک وانەیەکی خۆنه‌ويستى و خۆڕاگری و نیشتمانپەروەری بۆ هەمیشە لە ویژدانی کورد و كوردستانیياندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
 
لەم یادە به‌ئازاره‌دا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهید لەیلا قاسم و هاوڕێکانی و تەواوی شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین و سڵاو بۆ كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزيان ده‌نێرين.
 
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2026/5/12
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی

هێمن هەورامی: تەنیا 5%ـی رێککەوتنەکەمان لەگەڵ سوودانی جێبەجێ کرا

لە سێیەم پانێڵی دیالۆگی عێراقی 2026 لە واشنتن، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، سیستمی سیاسیی عێراق لە "قەیرانێکی پێکهاتەیی و سیستمی"ـی قووڵدایە و گوتی، 55 ماددەی دەستوور هێشتا جێبەجێ نەکراون و لە رێککەوتنە سیاسییەکەی پێکهێنانی حکومەتی سوودانیشدا تەنیا 5%ـی خاڵەکان جێبەجێکراون.