رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یونامی، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە. شاندەکەی پارتی بە یومانی راگەیاندووە "ئامادەی هەڵبژاردنین بە مەرجێک دوور بێت لە دیزایینی پێشوەختە."
رۆژی یەکشەمە، 07-04-2024، شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێکهاتبوو لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی؛ هێمن هەورامی و ئامینا زیکری و جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و چەند بەرپرسێکی بەشی هەڵبژاردنی پارتی، لەگەڵ شاندیکی یونامی بە سەرۆکایەتیی کۆلدیا کۆردۆن، جێگری جێنین پلاسخارت بۆ کاروباری سیاسی و هەڵبژاردنەکان کۆبوونەوە، کە پسپۆڕانی یونامی بۆ کاروباری هەڵبژاردنیش ئامادەی بوون.
بەپێی راگەیێندراوێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، "ئەم کۆبوونەوەیە لە سەر پێشنیازی جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لە دوایین سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، کە تێیدا داوای کرد شاندێکی پسپۆڕ و تەکنیکی یونامی بێنە هەولێر و لەگەڵ شاندێکی پارتی لەسەر را و سەرنج و تیبینی و بۆچوونەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، گفتوگۆ بکەن."
بەپێی راگەیێندراوەکە، شاندی یونامی جەختی لە گرنگی و بایەخی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی متمانەپێکراوی هەمووان و بەشداری هەمووان کردەوە و، رایانگەیاند "بە پەرۆشن بۆ ئاگادار بوون لە وردەکاری، را، سەرنج و تیبینی و بۆچوونەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان."
شاندەکەی پارتی گوتوویەتی "یونامی شاهێدی ئەوەیە؛ دوو ساڵ بوو پارتی داوای هەڵبژاردنی دەکرد و پابەند بوو بەئەنجامدانی و چوار جار سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسراوی دەرکرد و، هەندێ لایەنی دیکە رێگر بوون و نەیاندەهێشت دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردنی رەشنووسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێن، چۆن هەر لە سەرەتاشەوە دژی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بوون."
لە راگەیێندراوەکەی پارتیدا هاتووە "بۆمان روونکردنەوە کە ئێستاش پارتی ئامادەی هەڵبژاردنە، بە مەرجێک دوور بێت لە دیزایینی پێشوەختە و دەبێت یونامی لەسەر هێڵ بێت بۆ چارەسەری کێشە تەکنیکییەکان و زامنکردنی پاکی و بێگەردیی کۆی پرۆسەکە، هەروەها بە دوور بێت لەو ئامادەکارییە پێشوەختەی هەندێ لایەنی نێوخۆیی و دەرەکی بۆ دزینی کورسییەکانی پارتی و ئیرادەی دەنگدەران بەرنامەڕێژییان بۆ کردووە."
10ـی حوزەیرانى 2024 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت. بەڵام پارتی رەتیدەکاتەوە بەمشێوەیەی ئێستا بەشداریی لە هەڵبژاردنەکەدا بکات، بۆیە تائێستا روون نییە کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا دەکرێت یان دوادەخرێت.
1ـی نیسانى 2024، جومانە غەلاى، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوى راگەیاند، دوو هاوپەیمانیێتى و 10 پارت لیستى بەربژێرانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رادەست کردووە؛ هەروەها 54 بەربژێرى سەربەخۆ ناوی خۆیان پێشکێش کردووە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ