رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا لەبارەی شەهیدبوونی دوو هاونیشتمانی لە گوندێکی هەولێر دەڵێت، "ئەوپەڕی تاوانكاری و زوڵمە".
سەرۆک بارزانی هاوکات دەشڵێت: "هاووڵاتیانی بێ تاوانی كوردستان بەوشێوەیە و بە بێ هیچ پاساوێك دەكرێنە ئامانجی رقێكی كوێرانە."
لە پەیامەکەیدا هاتووە، "شەهیدکردنی هاووڵاتیانی سڤیلی هەرێمی كوردستان هیچ شەهامەت و سەربەرزییەکی تێدا نیە. ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو هێرش و پەلامار و درۆنەکان بەهێزترە و هەرگیز ناشکێت. گەلی کوردستان پشتی بە خودا و ڕەوایەتیی دۆزەکەی قایمە."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 07-04-2026 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند، درۆنێک لە گوندی "زەرگەزەوی" لە ناوچەی زرارەتی کەوتووەتە خوارەوە. بە گوتەی پارێزگار، درۆنەکە راستەوخۆ بەر ماڵێکی سڤیل کەوتووە و لە ئەنجامدا هاونیشتمانییەک بە ناوی (مووسا زراری) لەگەڵ هاوژینەکەی شەهید بوون.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
شەوی ڕابردوو دیسان هێرشی ناڕەوا كرایە سەر هەرێمی كوردستان و بەداخەوە لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتیی بێ تاوان لە گوندی زەرگەزەویی سەر بە پارێزگای هەولێر بەهۆی درۆنی ئێرانیەوە شەهید كران. ئەوە ئەوپەڕی تاوانكاری و زوڵمە، هاووڵاتیانی بێ تاوانی كوردستان بەوشێوەیە و بە بێ هیچ پاساوێك دەكرێنە ئامانجی ڕقێكی كوێرانە.
شەهید بوونی ئەو دوو هاووڵاتیە بێ گوناحە دڵی هەموومانی پڕ ژان و خەم كرد، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری ئەو دوو شەهیدە دەكەم. خودای مەزن بە بەهەشتی بەرینیان شاد بكات.
شەهیدکردنی هاووڵاتیانی سڤیلی هەرێمی كوردستان هیچ شەهامەت و سەربەرزییەکی تێدا نیە. ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو هێرش و پەلامار و درۆنەکان بەهێزترە و هەرگیز ناشکێت. گەلی کوردستان پشتی بە خودا و ڕەوایەتیی دۆزەکەی قایمە.
مەسعود بارزانی
7ی نیسانی 2026
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ