رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 12:15 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 7ی نیسانی 2026، دەنگی تەقینەوەی درۆن و بڵێسەی ئاگر شەوی تاریکی لە دانیشتووانی گوندی زەرگەزەوی کرد بە رۆژی رووناک، درۆنێک بەر ماڵی هاونیشتیمانییەکی گوندەکە کەوت و ژن و مێردێکی لە شیرینیی خەودا شەهید کرد.
مووسا ئەنوەری تەمەن 39 ساڵ و مژدە ئەسعەدی تەمەن 35 ساڵ ئەو دوو هاوژینەن کە لە هێرشەکەی سەر گوندی زەرگەزەوی لە سنووری هەولێر شەهید بوون، دوو کچی بچکۆلانەیان لەدوای خۆیان بەجێهێشتووە.
دوو کچە بچکۆلانەکەی مووسا و مژدە ناویان دلینی 5 ساڵ و مەلینی 3 ساڵە. لەکاتی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە، منداڵەکان لە ژوورێکی دیکە بوون و بەو هۆیەوە لە مەرگ رزگاریان بووە.
دوو جگەرگۆشەکەی مووسا و مژدە تەندروستییان باشە، بەڵام بێ هیچ تاوانێک بۆ هەمیشە بێبەش کران لە باوەشی دایک و باوکیان.
عیماد بەدرەدین، کوڕی پووری مووسا دەڵێت، "دوو منداڵی بچووکیان هەیە، بێ دایک و باوک و بێکەس مانەوە. سوپاس بۆ خوا منداڵەکان سەلامەتن، لە ژوورێکی دیکە بوون و بەر هێرشەکە نەکەوتوون. منداڵەکان هیچ نازانن، وەکو شێتیان لێهاتووە، ترساون و هەر دەگرین. منداڵەکان هەر داوای دایک و باوکیان دەکەن، تازە رۆشتن و نەمان!"
گوندی زەرگەزەوی سەر بە ناحیەی دارەشەکرانە لە دەڤەری زرارەتی و 45 کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە. ئەسعەدی پیرە باوکی مژدەی جوانەمەرگ بەدەست نەخۆشییەکی سەختەوە رۆژانێکە دەناڵێنێ، ئێستا ئازاری جەرگ سووتانیشی هاتە سەر.
ئەسعەد حەسەن، باوکی شەهید مژدە گوتی، "لە ماڵی خۆی دانیشتووە، ئەو مووشەکە چووە، نازانم درۆنە یان مووشەکە، چییە، لێیداون و هەردووکیان مردوون، خۆی و پیاوەکەی. پەیامم ئەوەیە، نزا دەکەم یاڕەبی خوا ئەوانە لەناوببات کە ئەو کارەیان کرد. خودا حەقیان بستێنێت. ئەوان شەهیدی هەموو کوردستانن."
گوندی زەرگەزەوی زیاتر لە 400 ماڵی تێدایە، گوندنشینەکان خەڵکی سڤیلن و لەوەتەی هەن خەریکی مەڕداری و کشتوکاڵ و ژیانێکی سادەن.
خزمێکی مووسا باسی لەوە کرد، "گوندەکە خەڵکی بێگانەی تێدا نییە و سەربازگەی تێدا نییە، برایەکیشی لە شەڕی دژی داعش شەهید بووە، ئەمە بووە سێیەم شەهیدی ئەو بنەماڵە."
لەدوای رووداوەکە، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، درۆنەکە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوو و ئاماژەشیان بەوە داوە، ئەم هێرشانە پێشێلکردنی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و تاوانی جەنگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ