رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ بەردەوامی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ژمارەی هێرشە درۆن و مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و قوربانییەکانی ئەو هێرشانە زیاتر دەبن. لەدوایین هێرشدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو هاوژین شەهید بوون.
بەگوێرەی ئاماری تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژانە تۆماری دەکات، لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی دووشەممە بۆ 11:00ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، هەرێمی کوردستان بە 27 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتەسەری. لەو ژمارەیە 25 یان بۆسەر هەولێر و سنووری پارێزگاکە بوون. دوو هێرشی درۆنیش بۆسەر ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بوون.
بەگوێرەی دوایین ئاماری رووداو، لە 28ـی شوباتەوە بۆ نیوەڕۆی ئەمڕۆ 7ـی نیسان، هەرێمی کوردستان بە 698 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتەسەر، لە ئەنجامدا 16 کەس گیانیان لەدەستداوە.
نوێترین ئاماری هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
- پارێزگای هەولێر: 558 درۆن و مووشەک
- پارێزگای سلێمانی: 113 درۆن و مووشەک
- پارێزگای دهۆک: 25 درۆن و مووشەک
- پارێزگای هەڵەبجە: 2 درۆن
نوێترین ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان
نزیک کاژێر 08:25ـی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، دەنگێکی بەرز لە ئاسمانی هەولێر بیسترا و دیار نییە جۆری هێرشەکە و ئەنجامەکەی چی بووە.
- نزیک کاژێر 09:30ـی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، چەند دەنگێکی دیکە لە هەولێر بیستران. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لانیکەم سێ درۆن لە هێرشەکەدا بەکارهێندراون و تەقێندراونەتەوە.
- کاژێر 12:15ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، درۆنێک بەر ماڵی هاونیشتمانییەک کەوت لە گوندی زەرگەزەوی لە سنووری ناحیەی دارەشەکران لە پارێزگای هەولێر و لە ئەنجامدا دوو هاوژین شەهیدبوون بە ناوەکانی مووسا ئەنوەر رەسووڵ و مژدە ئەسعەد حەسەن.
- نزیک کاژێر 12:20ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە درۆنێک هێرش کرایە سەر سنووری هەولێر. لایەنی ئەمنیی ئەنجامەکەی رانەگەیاندووە.
- نزیک کاژێر 12:49ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر تەقێندرایەوە.
- کاژێر 21:09ـی شەوی دووشەممە، درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندرا.
- نزیک کاژێر 21:15ـی شەوی دووشەممە، سێ درۆنی لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندران.
- نزیك كاژێر 03:00 دوای نیوەڕۆی دووشەممە، شەش درۆن لە ئاسمانی هەولێر تەقێندرانەوە.
- ئێوارەی دووشەممە، بە دوو درۆن هێرش كرایە سەر كۆیە. سەرچاوەیەک لە سنوورەکە بە رووداوی گوت، زیانی گیانی نەبووە.
- نزیک کاژێر 16:45ـی ئێوارەی دوێنێ، بارەگای پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە نزیک دێگەڵە لە سنووری هەولێر بۆردوومان کرا. ئەمڕۆ سێشەممە بەرپرسێکی حیزبەکە بە رووداوی گوت: "هێرشەکە بە چوار درۆن بوو، جگە لە زیان بە ماڵی کەسوکاری پێشمەرگەکان، زیانی گیانی نەبووە.
- کاژێر 19:50ـی ئێوارەی دووشەممە، دوو دەنگی گەورە لە هەولێر بیستران. بەگوێرەی زانیارییەکان، درۆن بوون و لە ئاسمان تێکشکێندراون.
- نزیک کاژێر 12:00ـی نیوەشەوی دووشەممە، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر دوو ناوچەی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی، دیار نییە زیانی گیانی هەبووە یان نا.
قوربانیی هێرشەکان
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە تاوەکو 07ـی نیسان، 16 کەس گیانیان لەدەستداوە و 93 کەسیش بریندار بوون.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، شەشیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو، دووانیان هاوژینی یەکبوون و لە ماڵەکەیاندا شەهید کران؛ شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون، هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 30ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن، یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون؛ هەروەها دوو قوتابی لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر بریندار بوون و 31ـی ئادار سێ مێردمنداڵی دیکە لە هەولێر بریندار بوون.
بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
پارێزگای هەولێر
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: گوندی زەرگەزەوی، گوندی کێشکە، دۆڵی مەلەکان، هەریر، کانی قرژاڵە، بالیسان، خەبات، ناحیەی رزگاری، سپیلک، مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، نووسەران، هەڤاڵان، کارێزان، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگای سلێمانی
سلێمانی، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، گوندی شێخ وەیساوا، گردی ریعایە، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ، سنووری ئاکرێ، سنووری ناحیەی بجیل، سنووری قەزای بەردەڕەش و گەڕەکی ماڵتا لە شارەکە. هەروەها سێ درۆنی دیکە لە کێڵگەی نەوتی چەمانکێ کەوتنە خوارەوە و لە سنووری ئامێدیش 3 درۆن کەوتوونەتە خوارەوە.
هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە لە یەک هێرشدا بە دوو درۆن بۆردوومان کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ