رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی زەرگەزەوی، بێدەنگیی شەو بە ئاگر و ئاسن شکا. تەنیا چرکەساتێک بەس بوو بۆ ئەوەی خەون و ئاواتی 9 ساڵەی خێزانێکی 4 کەسی ببێتە خۆڵەمێش.
مووسا و موژدە؛ دوو هاوژینی بێتاوان کە ژیانە سادەکەیان لە ماڵێکی لادێی دوور لە ئاژاوەی شەڕ دەگوزەراند، بەرەبەیانێک، کاتێک لە شیرینی خەودا بوون، هێرشێکی تیرۆریستی بووە میوانی ناخواندەی ژووری نوستنەکەیان. مووسا و هاوژینەکەی گیانیان سپارد، بەڵام دوو کچە بچکۆلانەکەیان لە ژوورێکی دیکە بوون و بە رێکەوت لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە دوور بوون و رزگاریان بوو.
محەممەد میرزا، ئامۆزای شەهید مووسا بە رووداوی گوت: "دەنگێکی زۆر بەهێز هات، من خەریکی دەستشووشتن بووم؛ یەکەمجار پێموابوو لە ماڵی ئێمەی داوە، بەڵام دواتر گوتیان لە ماڵی مووسای ئامۆزام دراوە؛ بەداخەوە خۆی و هاوژینەکەی شەهید بوون."
هاوار و شیوەنی دایە خەزەر کە دایکی 5 کوڕ و 4 کچە، دەگاتە ئاسمان. ئەمە یەکەم جار نییە جەرگی بە داخی رۆڵەکانی دەسووتێت، ئەو هەر 5 کوڕەکەی کردبووە پێشمەرگە. کوڕێکی لە ساڵی 2018 و لە تەمەنی 33 ساڵیدا، لە چیای قەرەچووخ لە شەڕی دژی داعش شەهید بوو؛ ئێستاش مووسای تەمەن 39 ساڵی، لە شەڕێکدا لەدەستدا کە نە خۆی و نە نیشتمانەکەی، لایەنێکی ئەو ململانێیە نەبوون.
خەزەر مەحموود، دایکی شەهید مووسا گوتی: "بریا منت لەگەڵ خۆت بردبا مووسا. بریا موژدەت نەبردبا.. ئێستا دلین و مەلین چی بکەن بێ ئێوە؟"
مووسا نزیکەی 15 ساڵ پێشمەرگە بوو؛ هاوڕێکانی وەک مرۆڤێکی رووخۆش و پڕ لە هیوا دەیناسن کە هەمیشە پلانی جوانی بۆ داهاتووی کچەکانی هەبوو، بەڵام بەرەبەیانی سێشەممە، تەقینەوەی درۆنێک لەنێو ماڵەکەیدا، خاڵی کۆتایی لەسەر هەموو پلانەکان دانا.
شوان نووری، هاوڕێی شەهید مووسا باسی لەوە کرد: "هەموو شەوێک لە ماڵی ئەوان بووین، زۆر میواندۆست بوو و بەردەوام حەزی دەکرد خەڵک لە ماڵەکەی کۆببنەوە. دوێنێ شەویش لە ماڵی شەهید مووسا بووین تاوەکو کاژێر 11:10، دوای ئەوە ئەو رووداوە روویدا."
ئێستا دلین و مەلینی تەمەن 3 و 5 ساڵان، بەردەوام سۆراخی باوەشی دایک و باوکیان دەکەن؛ ئەوان هێشتا نازانن کە ئیتر بۆ هەمیشە لەو نازە بێبەش بوون. تەرمی دایک و باوکیان بردرایە گۆڕستانی گوندی زەرگەزەوی و لە تەنیشت مامە شەهیدەکەیان بە خاک سپێردران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ