چوار مانگ چاوەڕوانی و بێمووچەیی؛ نزیکەی 20 هەزار خانەنشین مامەڵەکانیان تەواونەبوون

07-05-2025
بەختیار قادر
بەختیار قادر
نۆرەی خانەنشینان بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان
نۆرەی خانەنشینان بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

چوار مانگە خانەنشینان لە نۆرەی تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینین و پێنج مانگیشە پارەی مووچە نەچووەتە گیرفانیانەوە. سەرەڕای کاری بەردەوام و دانانی نۆرەی زۆر، بەڵام هێشتا نزیکەی 20 هەزار خانەنشین لە هەرێمی کوردستان ماون بگەنە قۆناخی تەواوکردنی مامەڵەکانیان.
 
فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی موژدەی خۆشیان بۆ خانەنشینان نییە سەبارەت بە خێرایی لە راییکردنی کارەکانیان.
 
یەکێک لە خانەنشینانەی لە چاوەڕوانیدایە، عەبدولڕەزاق محەممەدە کە ماوەی چوار مانگە مامەڵەی خانەنشینییەکەی دەستیپێکردووە، وەک خۆی دەڵێت، "چوار مانگە بە قەرز و فەرد ژیان بەڕێدەکەین، ئاخر چۆن وادەبێت؟"
 
سەبارەت بە مامەڵەکەی عەبدولڕەزاق، قسەمان لەگەڵ ئەردەڵان ئەبوبەکر کرد کە فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی، ئەو گوتی، "دیار نییە کەی کاری ئەم بەڕێزە تەواو دەبێت، کارەکە وردە و پێی دەچێت." هەروەها گوتی، ئەوان لیستی مووچەی مانگی پێنجیان ئامادە کردووە، بەڵام دەکەوێتە مانگی شەش.
 
زۆرێک لە خانەنشینان رێگەی دوور و درێژیان بڕیوە بۆ گەیشتن بەو شوێنەی مامەڵەکانیان بۆ تەواو دەکرێت و چاوەڕوانییەکی زۆریان لە نۆرەگرتندا کردووە، بەڵام زۆرجار بەهۆی کەموکورتی لە دۆسیەکانیاندا کارەکانیان رایی نابێت.
 
تاهیر عومەر یەکێکی دیکەیە لە خانەنشینەکان و بە پەرۆشییەوە بە رووداوی گوت: بەڕاستی ئەو خەڵکە ئەوەندە زووڵمیان لێکراوە تاوەکو خوا دەڵێت بەسە، چوار مانگە دینارێکم وەرنەگرتووە، خانوویشم نییە. پارەی موەلیدە و کارەباش گرانە، ئەگەر مووچە نەبێت ئەو پارانە بە چی بدەین؟
 
لە هەرێمی کوردستان لە 14 بەڕێوەبەرایەتی مامەڵەی خانەنشینان دەکرێت. بۆ خێراکردنی پرۆسەکە، بۆ هەر بەڕێوەبەرایەتییەک، 10 فەرمانبەر بە شێوەی کاتی لە بانکەکانەوە براون. 
 
هونەر عومەر یەکێکە لەو فەرمانبەرانەی لە بانکەوە چووە بۆ راییکردنی مامەڵەی خانەنشینی، دەڵێت: "پڕۆسەکە خێرابووە، بەڵام روون نییە کەی مامەڵەکان تەواو دەبێت و دوور نییە بڵێین لە شەش مانگ زیاتریش دەخایێنێت."
 
لەنێو ئەو چاوەڕوانی و سەختییەدا، خانەنشینێک کە بە دەست نەخۆشیی شێرپەنجە و نۆرەی مامەڵەی خانەنشینییەوە گرفتار بووە، کارمەندەکان هاوکاریی دەکەن و هەوڵ دەدەن زوو مامەڵەکەی بۆ رایی بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە