رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری ئەنفالکراوان، دادەر و شایەتحاڵان لە مەیدانی تەحریری بەغدا، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی رووداو، چیرۆکی ئەشکەنجەدانیان لەلاین عەجاج، جەلادەکەی نوگرە سەلمان گێڕایەوە.
لە بەرنامەکەدا گفتوگۆ لەسەر تاوانەکانی دژی کورد کرا، بەتایبەتی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 7-5-2026 دادگەیی دەکرێت.
فەزیڵە محەممەد کە یەکێک لەو ژنانەیە خۆی و کەسوکارەکەی لەلایەن عەجاجەوە رۆژانە زیاتر لە 10 کاژێر ئەشکەنجەی بینیوە، لە بەرنامەکەدا ئامادەبوو. ئەو دەڵێ، لەو ساتەی عەجاجی بینیوە، ئەو رۆژانەی بیرکەوتووەتەوە کە چۆن ئازار و ئەشکەنجەی داون.
لەبارەی چۆنیەتیی ئەشکەنجەدانەکەیش گوتی: "رۆژی وا هەبوو عەجاج کاژێر شەشی بەیانی هەتاوەکو شەشی ئێوارە من و خوشکە گەورەکەمی هەڵدەواسی. ئەوانەی لە نوگرە سەلمان بوون دەزانن؛ رۆژی وا هەبوو من و باوکم و خوشکەکەمی دەخستە ناو شوێنێکی بچووک کە پڕ لە چڵکاو بوو، نیو کاژێر جارێک دەریدەهێناین و دواتریش دووبارە دەیخستینەوە هەمان شوێن. باشە چ ویژدانێک ئەمە قبووڵ دەکات کە برایەکی خۆم، ئازیزێکی خۆم، چوار جار بە دەستی خۆمان ناشتوومانەتەوە".
"عەجاج خوشکێکی شەش مانگانی منی بە سۆندە کوشت"
ئەو ژنە کوردە کە یەکێک لە هەزاران چیرۆکی تراژیدیی دەستی عەجاجە دەڵێ، خوشکێکی تەمەنی شەش مانگ بووە، عەجاج بە سۆندە لە سەری داوە و هەر لەوێ شەهید بووە.
"سەگە رەشەکەی نوگرە سەلمان تەرمی براکەمی خوارد"
فەزیڵە محەممەد هەروەها دەڵێ: "براکەم تەمەنی شەش ساڵ بوو و لەلایەن عەجاجەوە شەهیدکرا، عەجاج ناشتی، بەڵام ناشتنەکە وەها نەبوو و سەگە رەشەکە دەریهێنابوو. من خۆم بینیم سەگە رەشەکە هەناوی براکەمی دەرهێنابوو. بە باوکمم گوت کە شتێکی وەها هەیە، باوکم هاتە لای مقەدەم ئیحسان و قۆندرەکانی ماچ کرد و گوتی (ئێمە موسڵمانین، شۆفڵێکمان بۆ بێنە با تەرمەکانمان بنێژێت هەتا سەگ دەریان نەهێنێت. گوتی ئەگەر درۆ بکەیت یەکسەر گوللەبارانت دەکەم. کاتێک باوکم بینی سی و جگەری براکەم بە دەم سەگەکەوەیە، لەکاتێکدا باوکم هیچ تەڵێکی سپی لە سەریدا نەبوو، لە ماوەی دوو مانگدا بە تەواوی سەری سپی بوو و هەر بەم داخەوە گیانی سپارد. بەڕاستی نازانم لە کامەی دەستپێ بکەم و باسی چیت بۆ بکەم؟"
"سەدام ناوی ئەنفالی بەکارهێنا و کۆمەڵێک زاناش فەتوایان بۆی دا".
هاوار عەباس کە مامۆستایەکی ئایینییە و بەشداریی لە بەرنامەکەدا کردبوو، لەڕووی ئایینییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کۆمەڵکوژییەکانی حکومەتی بەعس کرد و گوتی: "رژیمی بەعس بە هیچ شێوازێک پەیوەندیی بە ئیسلامەوە نەبووە، واتا رژیمێکی ئایینی نەبووە، حکومەت یان حزبێکی ئایینی نەبووە."
هاوار عەباس ئاماژەی بەوەیش دا، "سەدام حوسێنیش کەسایەتییەکی ئایینی نەبووە. ئەوەی لێیان بینراوە بە تەواوی دژایەتیکردنی ئیسلام بووە. بەڵام رەوایەتی بە کارە نارەواکانی بدات و سۆزی وڵاتانی عەرەبی بۆ خۆی رابکێشێت، هاوکات بیکاتە پاساوێک بۆ لەنێوبردنی نەتەوەیەک، سورەتی هەشتەمی قورئانی بەکارهێنا کە سورەتی ئەنفالە. جا ئەنفال بە مانای دەستکەوتی شەڕ دێت، ئەویش لەنێوان تاقمی کوفر و تاقمی ئیمان. ئەو هات بە شێوەیەک نیشانی دا کە کورد دژە ئایینە و ئەویش بە ئیسلام و قورئانەوە قریان دەکات. جا بە داخەوە فەتواشی وەرگرت. کۆمەڵێک بەناو زانای کۆکردەوە و گوتی من دەمەوێ کارێکی وەها بکەم. ئەوانیش فەتوایان پێی دا".
عەجاج چۆن دۆزرایەوە؟
فەزیڵە محەممەد دەڵێ، ساڵی 2025 چووەتە سەر گۆڕی خوشک و براکەی لە نوگرە سەلمان. هەروەک خۆی دەڵێ، ئەوکاتە تەمەنی 15 ساڵ بووە و رووداوەکانی باش لەبیرە. تەنانەت 2025یش کاتێک چووەتە سەر گۆڕی براکەی، رووفاتەکەی بەدەرەوە بووە و جارێکی دیکە ناشتوویانەتەوە.
فەزیڵە محەممەد لە بەرنامەکەدا باسی ئەو رۆژەی کرد و گوتی: "کەسێک هاتە لام و گوتی، ئەمە چیی تۆیە؟ منیش گوتم برامە و بە دەستی عەجاج شەهید کراوە. ئەو کابرایە گوتی: دەزانی عەجاج ماوە؟ من بڕوام بەمە نەکرد و فرمێسک لە چاوانم وشک بوو. گوتم من چۆن بزانم عەجاج ماوە؟ جا هەر لەوێ ژمارە تەلەفۆنمان گۆڕییەوە. لە پەیوەندیدا بووین، ئەوان دوو کەس بوون و هاوئاهەنگیمان هەبوو. من چەندین جار بی ئاگاداریی هیچ لایەنی ئەمنی چوومەتە ئەوێ و بەدواداچوونم کردووە. ئەگەر پێویست بکات ئەو دوو کەسە دەهێنمە سەر شاشە بۆ ئەوەی بزانن کە من لە کەیەوە خەریکی ئەو دۆخەی عەجاج بووم و هەوڵی دۆزینەوەیم داوە!".
"لە دوورەوە بینینم و عەجاجم ناسییەوە".
ئەو ژنە کوردە ئەشکەنجەدراوەی دەستی عەجاج گوتی: "کۆتا جار کە رۆیشتین، ئەوان گوتیان ئاخر دەترسین خۆی نەبێ! منیش گوتم تەنیا بیبینم دەزانم و دەیناسمەوە. جا ئێمە بەو جۆرە رۆیشتین کە گوایە داوای ژن لە ماڵی عەجاج دەکەین و دەمانەوێ بزانین ماڵێکی چۆنن؟ باش کارەکانمان باش دەڕۆیشتن، لەوکاتەدا عەجاج زۆی هاتە دەرەوە. هێشتا ئۆتۆمبیلەکەمان زۆر لێیەوە دوور بوو، من گوتم ئەمە عەجاجە. هەر یەکەم بینینی دووربەدوور من یەکسەر ناسیمەوە و گوتم ئەمە خۆیەتی. یەکێک لەو پیاوانە گوتی: چۆن بزانم خۆیەتی؟ من گوتم بە چاوی دەزانم! دەزانم عەجاج چی بەسەر ئێمە هێناوە، چۆن بیرم بچێ؟ ئەوکاتە تەمەنم 15 ساڵ بوو. ئیدی گەڕاینەوە گەرمیان و دواتریش وەکو تیمیک رۆیشتن و سکاڵامان لەسەری تۆمار کرد. من یەکەم کەس بووم کە سکاڵام لەسەر عەجاج تۆمار کرد".
"عەجاج پێن رۆژ نەیهێشت ئاو بخۆینەوە"
ئامینە عەلی یەکێکی دیکەیە لەو ژنە کوردانەی قوربانیی دەستی عەجاج بووە. ئەو لە بەرنامەکەی رووداودا باسی نەهامەتییەکانی کرد و گوتی: "عەجاج ماوەی پێنج رۆژ ئاوی بە ئێمە نەدا. دوو منداڵم مردن و دووانی دیکەشیان بە دەستمەوە بوون کە دواییان بوو. رۆژی پێنجەمین عەجاج تانکەرێک ئاوی هێنا و رووی کرد، رێگەی نەدا هیچ یەکێمان لێی بخۆینەوە. من رۆیشتم و دەفرێکم برد بۆ ئەوەی ئاو بۆ منداڵەکانم بهێنم. عەجاج دارێکی لەسەرم دا کە ئێستاش شوێنەکەی دیارە؛ چاوم نەشتەرگەری کردووە و ئێستاش بۆ لووتم هەر هاتوچۆی پزیشک دەکەم. جا داوام لە یەکێک لە ئەفسەرەکان کرد بمکوژێت. لوولەی تفەنگەکەی خستە سەر دڵم، دواتر گوتی بۆ بتکوژم؟ گوتم دوو منداڵم مردوون و دووانەکەی دیکەشم لە سەرەمەرگدان. من بۆچی بژیم؟ "
"لە یەک شەودا 40 منداڵ لە هەمان ژووردا مردن"
ئامینە عەلی هەروەها گوتی ئەو دوو منداڵەی کە مردبوون، ماوەی 10 رۆژ لای مابوونەوە و عەجاج رێگەی نەدەدا بیاننێژم.
لەبارەی مردنی منداڵانی کورد لە نوگرەسەلمان گوتی:"دوو منداڵەکەم ئەو 10 رۆژەی بە مردوویی لەبەردەستم بوون، تەرمەکانیان بۆنی کردبوو. شەو دەمبردە لای پیاوان و بە رۆژ دەمگەڕاندنەوە لای ژنان. بەیانییەک پیاوێکی خەڵکی ئاواییەکەی خۆمان بە عەرەبانەیەکی دەستییەوە هات و گوتی، گوتی پێیانگوتووم بیانبەن و فڕێیان بدەن. ئەوشەوە من ژماردم؛ 40 منداڵ لەو ژوورەدا مردن. هەموویانیان برد و فڕێیاندان کە دووانی منداڵی من بوون. عەجاج کێبڵێکی رەشی تۆکمەی لەدەست بوو کە لێی بدایەیت دەیکوشتی. ئەو دەستی لە منداڵ و بەساڵاچوو نەدەپاراست".
ئامینە عەلی، یەکێکی دیکەیە لە کەسوکاری ئەنفالکراوان و لە نوگرە سەلمان زیندانی بووە، لە بەرنامەکە تەسبێحێکی دەرهێنا و گوتی کوڕەکەی لە گرتووخانەدا بەردەوام یاریی بەو تەسبیحە کردووە. گوتی کە ئێستاش بۆنی کوڕەکەی لێ دێت و بەردەوام لایەتی.
کەسێکی دیکە بە ناوی فەرمان عەجیب باسی ئەو ئەشکەنجەیەی کرد کە لە نوگرەسەلمان بەسەریاندا جێبەجێکراوە و گوتی: "ئەوەی جێی داخ بێت لە دڵم و بیرم نەچێت، پوورێکم بوو کە ناوی فرسەت بوو و نابینا بوو. رۆژێک عەجاج هات و لە باوکمی پرسی، باشە تۆ شەش منداڵت هەبوو، ئەوە بۆ سێ منداڵت لایە؟ باوکمیش گوتی ئەوان لای ئەو خوشکەمن، کوێرە و خەریکە دەمرێ. کێبڵێکی لە پوورەکەم دا، کێبڵی دووەم خستی. سێیەم کێبڵیشی لێدا و پوورم لە هۆش خۆی چوو. ئەوەبوو ئێمە دواتر ئازادکراین، بەڵام باوکم گوتی خوشکەکەم جێناهێڵم، باوکم مایەوە".
فەرمان عەجیب هەروەها دەڵێ، بە چاوی خۆی بینیویەتی کە ئەو تەرمانەی دەنێژران، سەگەکان دەیانخواردن.
"کاتێک داوای شتێکمان دەکرد، دەیگوت بڕۆن با جەلال تاڵەبانی بتانداتێ"
ژنێکی دیکە بەناوی ئامینە ساڵح کە ئەوکات تەمەنی 9 ساڵ بووە، دەڵێ، عەجاج حسابی پێشمەرگەی بۆ کردوون و جگە لە ئەشکەنجەی جەستەیی، ئەشکەنجەی دەروونیشی داون.
ئامینە ساڵح هەروەها گوتی:"لای ئێمە قسەی بە پێشمەرگە و سەرکردەکانی کوردی دەدا و داوای هەر شتێکمان دەکرد، دەیگوت ئێوە سەر بە جەلال تاڵەبانین. برۆن لەو داوا بکەن. دەیگوت باوکت پێشمەرگەی جەلال تاڵەبانییە، ئێوە بۆیە لێرەن".
"مەمەشیری خوشکەکەم دەبەمە دادگە"
هاوکات ئامینە ساڵح باسی ئەشکەنجەی بەردەوام و مردنی بەردەوامی خەڵکەکەی لە نوگرەسەلمان کرد و گوتی: "شەوی وەها هەبوو کە دەخەوتین ئاسایی بوو، بەڵام بەیانییەکەی حەوت کرد دەمردن. بەسەر تەرمەکاندا بازمان دەدا. من خوشکەکەم لە برسا مرد. هەر بۆیە مەمەشیرەکەی لەگەڵ خۆم دەبەمە دادگە و نیشانی عەجاجی دەدەم. دەمەوێ ئەو مەمەشیرە ببێتە رەمزی هەر چوار پارچەی کوردستان".
"ئەمە تاوانی جینۆسایدە"
دادوەر ئاسۆ محەممەد، سەرۆکی پێشووی دادگەی تاوان لە عێراق کە لە بەرنامەکەدا بەشدار بوو، گوتی:"هەموو ئەو گوتانەی وەرگیراون و ئەوەیش کە لە دۆسیەکەدا هەیە، دەیسەلمێنن کە تاوان لە ئارادا هەیە. تاوانی جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی. واتا ئەو کەسانە ناچار بە ژیانێکی زۆر سەخت کراونەتەوە بۆ ئەوەی لەنێوببرێن. یانیش زیان گەیاندن بە جەستە و دەروونی مرۆڤ بۆ ئەوەی لەناوببرێن. ئەمانە هەمووی دەکەونە چوارچێوەی جینۆساید".
سروە محەممەد، پەرلەمانتاری یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەکەدا باسی دۆسیەی عەجاجی کرد و رایگەیاند کە زۆر جار سەردانی دەزگاکانی ئاسایشیان کردووە و باسی دۆسیەی عەجاجیان کردووە.
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی عێراق گوتی:"جارێکیان کاک ئەحمەدی تاقانەی گەرمیان تەسبیحەکەی خستە ناو دەستی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و پێی گوت (ئێمە هیچمان لە ئێوە ناوێت، تەنیا دەمانەوێ دۆسیەی عەجاج بە لاڕێدا نەبرێت) جا لەوی بەڵێنیان بە ئێمە و کەسوکاری ئەنفالکراوان دا کە کاری جددی لەسەر ئەو دۆسیەیە بکەن".
ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال هیوای خواست لە بەرنامەی داهاتوودا باسی ئەوە بکەن کە چۆن بەشێک لە داواکارییەکانیان جێگیر کراون.
ئەکرەم ساڵح هەروەها باسی چیرۆکی دادە سەلما و شاخەوانی کوڕی دەکات و دەڵێت، بەهۆی ئەوەی شاخەوانی تەمەن دوو ساڵ کە کوڕی دادە سەلمایە، گریاوە، عەجاج بردوویەتییە ژوورەکەی خۆی و مەی پێداوە.
دادە سەلما و شاخەوانی کوڕی دوو لەو کەسانەن کە لە کاتی بەرێوەچوونی پرۆسەی دادگەییەکەدا ئامادە دەبن.
گەنجانی عێراق چی لەبارەی پرۆسەی ئەنفالەوە دەزانن؟
رەنج سەنگاوی مایکەکەی گرتە دەست و هەر لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا، پرسیاری لە ژمارەیەک گەنج کرد کە ئاخۆ گوێیان لە پرۆسەی ئەنفال بووە؟
زۆربەی ئەو گەنجانە هیچ زانیارییەکی ئەوتۆیان لەمبارەیەوە نەبوو.
دواتر هاووڵاتییەکی دیکە کە تەمەنی نزیکەی 55 ساڵ دەبوو، بە مایکی رووداوی گوت، هەموو شتێک لەبارەی پرۆسەی ئەنفال دەزانێت و گوتی:"بەڕاستی لە هیچ شوێنێکی جیهاندا هیچ گەلێک هێندەی کورد ئازاری نەبینیوە. من خۆم لە گرتووخانە بووم. دەمبیست کە بە کوردیان دەگوت تێکدەر و دز و جەردە. گوێم لێ دەبوو کە دەیانگوت کورد چۆن بژین؟ با بمرن!"
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان کە رۆژی 7-5-2026 وەکو یەکەمین رۆژی دادگەییکردنی عەجاجی دەست سوور بە خوێنی چەندەها کورد، چووە مێژووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ