رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ناسنامەی بچووکترین و بەتەمەنترین حاجیی ئەم ساڵی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، کە گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ و ژنێکی تەمەن 99 ساڵن.
رۆژی پێنجشەممە رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاکام سەنگەر هاشم، لەدایکبووی ساڵی 2006، بچووکترین حاجیی ئەم ساڵە. هەروەها غەزال عەبدوڵڵا، لەدایکبووی ساڵی 1927 و دانیشتووی پارێزگای دهۆک، بەتەمەنترین حاجیی ئەم ساڵە."
ئاکام سنگەر، کە دانیشتووی هەولێرە و خوێندکاری پۆلی 12ی ئامادەیییە لە خوێندنی ئیسلامی، بە رووداوی گوت: "سێ ساڵ بوو هەوڵم دەدا ناوم بۆ حەج بێتەوە، بەڵام تەمەنم رێگر بوو. بڕیارە رۆژی 16ـی ئەم مانگە بەڕێبکەوم بۆ کاتی تاقیکردنەوەکانیش دەگەڕێمەوە."
ئەم ساڵ 5 هەزار و 120 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە فەریزەی حەج جێبەجێ دەکەن. بۆ گواستنەوە و خزمەتکردنیان 105 کۆمپانیا راسپێردراون، کە هەر کۆمپانیایەک بەرپرسیارییەتیی 49 حاجی لە ئەستۆ دەگرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەم ساڵ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوت. بڕیارە کاژێر 11:00ـی ئەمشەویش دووەم کاروان کە لە 147 حاجی پێکهاتوون، لە هەمان فڕۆکەخانەوە گەشت بکەن. پڕۆسەی گواستنەوەی حاجییان تاوەکو 17ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری نێردەی حەجی عێراق، تاوەکو ئێستا 19 هەزار و 140 حاجی لە سەرانسەری عێراقەوە گەیشتوونەتە مەککە و مەدینە؛ لەو ژمارەیە 11 هەزار و 750 حاجی لە مەدینەن و 7 هەزار و 390 حاجیی دیکەش گەیشتوونەتە مەککە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ