رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە ماوەی چەند مانگێکە لیستی ناوەکانی چوار لیوای یەکەکەیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ناردووە بۆ ئەوەی بخرێنە سەر وەزارەتەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ نەکراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 6-7-2023 عەمید ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی یەکەی 70ی هێزەکانی پێشمەرگە، لەبارەی ئامادەیی ئەو چوار لیوایەی هێزەکەیانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوو بۆ سێ مانگ دەبێت کە لیستی چوار لیوا بە ناو و جەرد و هەموو وردەکارییەوە لە ناوی ئامر لیواوە تاوەکو سەرجەم پێشمەرگەکانمان داوەتە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەوەی بخرێنە سەر وەزارەت، بەڵام هێشتا نەکراوە، دەبێت وەزیری پێشمەرگە فەرمانی بۆ دەربکات، بۆیە چاوەڕوانی ئەوەین ئەو کارە بە زووترین کات بکرێت."
لە هەرێمی کوردستان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەن هێزی خۆیانن کە ئەوانیش یەکەکانی 70 و 80ن. وەزارەتی پێشمەرگەش خاوەنی 22 لیوایە کە ژمارەیان بە فەرمی 125 هەزار پێشمەرگە دەبێت. دوو لەو لیوایانە لە چوارچێوەی دوو لیوای هاوبەش بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەچنە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق.
عەمید ئەحمەد لەتیف ئاماژە بەوەش دەکات، ئێمە بەردەوام لەگەڵ ئەوەداین سەرجەم هێزەکان بخرێنە سەر وەزارەت، بۆ ئەو مەبەستە کاردەکەین بۆ ئەوەی هێزەکانی دیکەشمان رێکبخەینەوە و بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
لە ساڵی 2010 تاوەکو ساڵی 2013 نزیکەی 42 هەزار پێشمەرگەی یەکەکانی 70 و 80 یەکخران و 14 لیوای هاوبەش دروستکراون، بەڵام دواتر شەڕی داعش و رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017 پرۆسەکەیان پەکخست.
لە ساڵی 2018 جارێکی دیکە بە هاوئاهەنگیی هاوپەیمانان، پڕۆژەیەکی 35 خاڵی بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە راگەیێندرا.
گوتەبێژی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە باسی لەوەشکرد کە نابێت دواخستن لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هەبێت، دەڵێت، "پێویستە پەلەی تێدا بکرێت، ئەو 22 لیوایەی ئێستا هەن و یەکخراونەتەوە زیاتر بکرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ