حدکا لەبارەی کوژرانی دوو ئەندامەکەیان لە هەڵشۆ: بە پیلانی پێشوەختەی ئێران تیرۆر کراون

07-07-2023
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی هەڵشۆی قەڵادزێ کوژران و حدکا کوشتنەکەیان دەخاتە ئەستۆی ئێران.
 
ناوەندی تەشکیلاتی حدکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، شەوی رابردوو چەند کەس لە ئەندامانی ئەو حیزبە چوونەتە ناوچەی هەڵشۆی سەر بە قەزای قەڵادزێ لە ئیدارەی راپەڕینی باشووری کوردستان و کەسێک کە حدکا بە "بەکرێگیراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران" ناوی دەهێنێت، تەقەیان لێدەکات و بەهۆیەوە دوو ئەندامی ئەو حیزبە بە ناوەکانی عادڵ موهاجیر و لوقمان ئاجی گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەو دوو ئەندامەی حدکا خەڵکی پیرانشارن. عادل موهاجیر چەند مانگ پێش و لوقمان ئاجی کەمتر لە مانگێکە وازیان لە پێشمەرگایەتی هێناوە، بەڵام وەکو ئەندامی حدکا ماون.
 
ئەندامێکی رێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسەی تەقەی کردووە ئەندامی ئەو حیزبە بووە و دانیشتووی هەولێر بووە و بۆ سەیران چووبوونە سەیرانگەی هەڵشۆ. 
 
تاوەکو ئێستا چارەنووسی ئەو کەسەی تەقەی کردووە دیار نییە. بە گوتەی ئەندامێکی رێبەریی حدکا، دڵنیانین بکوژەکە توانیبی خۆی بگەیێنێتە هێزەکانی ئێران و لەوانەیە خۆی شاردبێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، جگە لەو دوو کەسەی کە گیانیان لەدەستداوە و بکوژەکە، کەسێکی دیکەشیان لەگەڵدا بووە.
 
ناوەندی تەشکیلاتی حدکا دەڵێت، کوشتنی ئەو دوو ئەندامەی بە پیلانێکی لەپێشدا داڕێژراو بووە و بکوژەکە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە راسپێردراوە ئەندامەکانیان بکوژێت.
 
حدکا هەروەها دەڵێت: "کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵەکانی بۆ کوشتنی پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان زیاتر کردووە" داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، بەرامبەر بەو هەوڵانە هەڵوێست بگرن.
 
دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا لەبارەی کوشتنی ئەو دوو ئەندامەی حدکا هیچیان رانەگەیاندووە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.