رووداو دیجیتاڵ
رێژەی بەشداریی خەڵک لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لە هەموو پارێزگاکان راگەیێندرا و کەمترین رێژە لە پارێزگای سنە بووە.
وەزارەتی نێوخۆی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، لە ورمێ 53٪، لە تاران 39.7٪ و لە خوزستان 40.7٪ی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبووە، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران دا بەشدارییان کردووە.
رێژەی بەشداری لە پارێزگاکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دوێنێ شەممە راگەیێندرابوو. بەو پێیە، کەمترین رێژەی بەشداری لە پارێزگای سنە بووە. وەزارەتی نێوخۆی ئێران دەڵێت، لە پارێزگای سنە 29.2٪ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە.
ئاستی مامناوەندیی رێژەی بەشداری لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان 45.6٪ بووە. زیاترین رێژە لە پارێزگای ئیلام تۆمار کراوە کە 56.7٪ـە. هەروەها کەمترین رێژەش لە پارێزگای سنە بووە. رێژەی بەشداری لە کرماشان 42.2٪ و لە لوڕستان 47٪ بووە.
وەزارەتی نێوخۆی ئێران رایگەیاندووە، تێکڕای رێژەی بەشداری لەو وڵاتە 49.8٪ بووە و رێژەی بەشداری لە پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان 4.2٪ کەمترە لە ئاستی گشتی ئێران. لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران کە لە 28-06-2024 بەڕێوەچوو، رێژەی بەشداری لە ئاستی گشتیی ئێران 39.8٪ بوو و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش 35٪ بوو.
وەزارەتی نێوخۆی ئێران بەپێی ئاماری سەرژمێری گشتیی ساڵی 2016، رێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنی راگەیاندووە و لە راگەیاندنی رێژەی بەشداریدا ئەو کەسانە هەژمار نەکراون لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەدا مافی دەنگدانیان بەدەستهێناوە. ئەگەر ژمارەی ئەو کەسانە بە کۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە زیاد بکرێت، رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن کەمتر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ